تەمەنێکی پڕلە کارەسات، قەڵغانێك لەڕووی گڕکاندا

پ
مەردان کوڵەجۆیی:
لەوەتای چاوم بە ژیانداهەڵ هێناوە، لە قوڵایی کارەساتدا ژیانم بەسەربردوە. لە چەند دەیە یەکی تەمەندا، بە دەیان مەرگەساتم بەڕێکردوە! گەلێك جار پەژارەی هەندێك لەو بەسەرهاتانە کڕنۆشی پێبردم و،هەندێك جارش ئازاری پشتیشکانوم، وەلێ پاش هەر یەك لەو ماڵئاواییکردنە، بە هێزوتوانایەکی فرەترەوە هاتومەتەوە گۆڕەپانی ژیان!
وەك مرۆڤێكی کورد کە پابەندی پەیوەندییەکی فرە قوڵی کۆمەڵایەتیم، ئەستەمە شەوێك لە شرینی(خەودا) بە هەواڵێکی جەرگبڕ ڕانەچەڵەکابێتم کە نەبووبێت بەخەم و پەژارەیەکی ناخ هەژێنی ئەوتۆ بۆماوەیەك پێوە نەتلابێتمەوە!
لەو ڕۆژەوە هۆشی کۆمەڵاییەتی لە مێشکمدا جێگیربووە، کۆچ لە دوای کۆچی ئەندامی خێزان وتاکی بنەماڵ، دەریایەکی ئازار وخەمناکیەکی یەکجارقووڵی لە دڵمدا خولقندوە. وێڕای خۆڕاگرییەکی پۆڵاینن بە ڕووی نەهامەتییەکانی ژیاندا، بە درێژایی تەمەن ئازاری لە دەستدانی ئازیزان بەشێوەیەك کارگەری تێکردوم کە بۆ ماوەیەك پەڵەهەوری خەمناکی دڵ ودەرونی داپۆشیووم!
گەرچی لە دڵڕەقیدا بە دڵ کوچکەئاسنینە ناسراوم و، لە خۆڕاگریدا لای هاوخەباتەکانم بە قەڵغانی پێش لە گڕکان وخۆفیداکار باسکراوم، بەڵام لە ئاستی لەدەستدانی ئازیزانمدا پەڕەی گوڵ لە هەستی من بە هێزتربووە!
لەوەتای بووم، ئەستەمە ڕۆژێكم بە بێ هەوڵێکی دڵتەزێن بە سەر بردبێت و، شەوێك زڕەی زەنگی خەمناکی وا ڕاینەچەڵاکاندبێتم کە لە دەریایەك خەم و پەژارەی هەڵنەکێشابێتم. گەلێك جارخۆزگەم بە مەرگی خۆم خواستوە، نەك بیستنی هەواڵی ماڵئاوایی یەکجاری ئازیزێکم!
وێڕای بەڕێکردنی تەمەنێکی لێوان لێوی پڕلە مەئسات و تراژیدی لە بە ڕێکردن کەژاوەی تەرمی خۆشەویستان و، بیستنی مەرگی دەیان ئەندامی خێزان و بنەماڵە ودۆستانی خۆشەویستم، کە لە ئاستی هەر یەکەیاندا وەکو مۆم تك تك تواومەتەوە و، دڵ ودەروم هەڵقرچاوە، لە هەمان کاتشدا لەبەرامبەر بە نایارەکانم هێندەی قەڵاێکی پۆڵاین خۆڕاگربووم و، هەر واش دەمێنمەوە!