شێخ حسێن هەزارکانی لە دوو یادگاریدا

پ

مەردان کوڵەجۆیی:

لە یادمە، ساڵی (١٩٨٥) بوو، لە گەڵ هاوڕێیەکمدا بڕیارماندا لە دێی خانی سەروەوە بە پێ بڕۆین بۆ کوڵەجۆیی زەندئاباد! ئێوارە درەنگێک گەیشتین بە دێی هەزارکانی، بینیمان چەند دەروێش و پیاوێکی نورانی و ڕوخۆش بە بزەیەکەوە ماندو نەبوون و خوڵکی گەرم و بە خێرهاتنی کردین!

لە یادمە، لە پاش نوێژو خوان، پیاوێکی گوفتار شیرین لە ئێمەی میوان نیزیک بووەوەو کۆمەڵێک قسەو ئامۆژگاری ئاینی وکۆمەڵایەتی کردین( وەک نوێژکردن و خواپەرستی،) بۆیە هەر لەو رۆژەوە ئەو پیاوە شرینەم لا شرین بوو!

لە یادمە، لە خۆشەویستی شێخ حوسێنی هەزارکانی دا، چەندین جار سەردانی دێکەی ئەو زاتە ڕوخۆش و دڵگەشەم کرد، بەڵام سەدمخابن، دواجارو دوا رۆژ لە دێیەکی هەندێک دوورلە هەزارکانی، بە کزو ماتی و دڵشکاوی بینیم!

لە یادمە، لەمرۆژاندا بوو، لە ساڵی١٩٨٨ وپاش نائومێدی هێزی پێشمەرگە لە پاراستنی خاک و خەڵکی کوردستان بوو کە ئێمە بەرەو”سەرەوە” هەڵدەکشاین. لە دێی تەپەسەوزەوە بەرەو دێی قولیجان ئەڕۆێشتین، لە دۆڵێکی دەروازەی گوندەکەدا، بە سەدان ژن و مناڵ و هاوڵاتی بەیەکدا دەچون و، کۆپتەرەکانی دوژمن بە ئاسمانەوە چاودێر خەڵک و پێشمەرگەیان دەکرد!

لەیادمە، لەو دۆڵەدا چەند پێشمەرگەیەک پێشیان لە کاروانی مەرگی گەل گردبوو! کە لە خەڵکەکە نیزیک بوومەوە، پیاوێکی مشکی بە سەر، وەک سەرقافڵە بە سەر ئەسپێکەوە بوو، بەڵام پێشی لێگیرابووکە بۆدواجارسەفەر بکات!

لە یادمە، ئەسپ سوارەکە (شێج حوسێنی) هەزارکانی بوو، خەڵک لە پشتیەوە ریزیان گرتبوو، بەوهیوایەی ببێت بە فریادگوزاریان! کە لێی نیزیک بومەوە و پرسیارم کرد “کاک شێخ پلانتان چیە”؟! لەوڵام دا ئەولە منی پرسی “پلانی پێشمەرگە چیە”!؟

لەیادمە، بە شەرمەزارییەوە پێم ڕاگەیاند “یا شێخ دەتوانی ئەو خەڵکە بەرەو شار ببەیت ولە مردن ڕزگاریان بکەی”؟ لە وڵام دا  شێخ ووتی “ئەو پێشمەرگانە نایەڵن کەس بڕوا بەرەو شارەکان، ئەگینا پشت بەخوا ئەڕین”!

لە یادمە، کە لە پێشمەرگەکان نیزیک بومەوە، بە توڕەیەکەوە پرسیم بۆ نایەڵن خەڵک دەربازبێ؟! پێشمەرگەیەکی خوالێخۆشبوو کوردۆقاسم (بەناوی ج.ن.) ووتی “ئەگەر عەشایەر بڕوا، کۆپتەر ئەمان خوا”! بە توڕەییەکەوە ووتیم “بۆ ئێمە عەشایەر دەبارێزین، یان ئەوان ئێمە دەپارێزن”؟!

لە یادمە، هەر لەوێدا بە بێ پرسی کاک کوردۆ(کە لەڕوی سیاسی و پێشمەرگایەتی وە لێپرسراوی من بوو،) نامەیەکم بۆ شێخ حوسێن نووسی کە پێشمەرگە ڕێگای پێبدات بۆ رزگارکردنی ئەو سەدان خەڵکە، بەڵام سەدمخابن، ڕژێمی بەعس شێخی کرد بەسەرقافڵەی ئەنفال و، ئەو جارەیش دواجار بوو کە من ئەو پیاوە بەڕێزە ببینمەوە!

(تێبینی: لە بیرەوەریەکانی مەردان کوڵەجۆیی وەرگیراوە)