پۆلێن کردنی کۆمەگا!

دڵشاد ئەنوەر:
دیاردەی کوشتن تا دێت هەڵدەکشێت، کەم ڕۆژ و شەو هەیە، میدیاکان هەواڵی کوشتن لە ناوچەیەک نەدەن بە گوێماندا، وایلێهاتووە خەریکە کوشتن ئاسایی دەبێتەوە.
ڕێکخراوەکان، ڕۆشنبیران، میدیاکان، لە بری تەوزیف کردنی هەڵکشانی حاڵەتەکانی کوشتن و گەڕان بەدوای هۆکارەکان و دۆزینەوەی چارەسەردا، ڕۆڵێکی خراپتر دەگێڕن کە پەرتکردنی کۆمەڵگا و زەقکردنەوەی جیاوازیە ڕەگەزیەکانە.
وایلێهاتووە، ژنێک دەکوژرێت، ڕێکخراوەکانی تر بێ دەنگن و بە ئەرکی ڕێکخراوەکانی ژنانی دەزانن بە تەنها بێنە دەنگ، پیاوێکیش دەکوژرێت، ڕێکخراوەکانی ژنان بێ دەنگن و دەنگ هەڵبرین بۆ ئەوانیتر جێدەهێڵن، بێ ئاگا لەوەی مرۆڤ هەر مرۆڤ و کوشتنیش هەر کوشتنە جا ژن بێت یان پیاو، ئەرکی هەمووان وەک یەکە بەرەنگاری بینەوە.
ڕێکخراوەکانی ژنان دێنە پێش و سەری زمان و بنی زمانیان پیاو سالاریە و ئامارەکانی ژنان ڕیز دەکەن، هەندێ ڕێکخراوی تریش بەم دواییانەش یەکێتی پیاوانیشی هاتوەتە سەر، هەندێک پیاو دێننە پێشەوە و باسی لێدانیان دەکەن بە دەستی ژنەکانیان.
یانی گوتارە میدیاییەکان هێندەی دۆخەکە بەرەو پەرتکردنی کۆمەڵگاو دابەشکردنی دەکەن بەسەر ژن و پیاودا، هێندە بەو ئاراستەیە نین، ڕای گشتی لەسەر ئەسڵی مەسەلەکە دروست بکرێت کە کوشتنە.
کوشتن تاوانە، جا ژن بێت یان پیاو، کە بووە دیاردەش، تێکچوونی شیرازەی کۆمەڵایەتی بەدوادا دێت، کۆمەڵگاش لەهەردوو ڕەگەزەکە پێکهاتووە و وەکو یەکیش زەرەرمەندن لە ناسەقامگیری کۆمەڵایەتی.
گرنگە ڕای گشتی دژی کوشتن دروست بکرێت، نەک کوشتن بکرێتە فاکتەرێک بۆ دابەشکردنی زیاتری کۆمەڵگا، بەو مانایەی ژنێک، پیاوێک بکوژێت، هەموو ژنان بە پیاوکوژ و بە پێچەوانەشەوە، گوتارە میدیاییەکە بە ئاراستەی پۆلێن کردن و پەرتکردنی زیاتری کۆمەڵگا بن.
وا بکرێت کوشتن قێزەون نیشان بدرێت، ڕای گشتی دژ دروست بکرێت، هەڵمەتی هۆشیارکردنەوەی بۆ ئەنجام بدرێت، دادگا هانبدرێت توندتر بێت لە دۆسیەی بکوژەکاندا، جا چ دۆسیەی ژن کوژ بێت یاخود پیاو کوژ.
کاتێک هۆشیاری کۆمەڵایەتی دروست بوو، سزاکان توندبوون، کەواتە حاڵەتەکانی کوشتن کەم دەبنەوە، سەقامگیری کۆمەڵایەتی دروست دەبێت، کە سەقامگیریش دروستبوو، کێشەکان خۆیان چارەسەر دەبن بە کێشەی ژن و پیاویشەوە.



