ئافەرین بۆ حیکمەتت حکومەتی سێ قاچ!

مەردان کوڵەجۆیی:
حیمەتی ئەو سیحرە چیە کە لە کاتی دیژوارترین قەیراندا، دەسەڵاتدارانی هەرێمی کوردستان توانیویانە بە سادەترین سینارێۆ، بیروبۆچونەکان بە لاڕێدا ببەن وهەست وسۆزی هاوڵاتیان لەبەرژەوەندی دەسەڵات جۆش وخرۆش بدەن؟!
لە کاتێکدا سوپای تورکیا لە قووڵایی باشوری کوردستان تەڕاتێن دەکات، کەچی حکومەتە سێ پاکەی کوردستان هۆش وبیری نێوەی گەلی باشوری وڵات دەجوڵێنن و بەلاشاو جەماوەر سەرقاڵ دەکات بە سەماکردنی دووگەنجی بیانیەوە!
هەرکاتێك فرە دزیکردن وبە تاڵانی بردنی داهات وبەروبوومی وڵات لەئارادا بووبێت، یان دەنگۆیەکی ناڕەزایەتی سەری هەڵدابێ، ئەوا دەسەڵاتدارانی حکومەتە سێ قاچەکە توانیویانە بە سادەترین بابەت جەختی خەڵك لە سەرخاڵەگرنگەکان دووربخەنەوەو بە باسێکی بازاڕیەوە مەستیان بکەن!
لە کاتی لێبڕینی موچەودواخستنی قوتی موچەخۆراندا، یان لە سەروبەندی ناکۆکیەکی سیاسی قوڵدا، حکومەتی سێ حزبەکە هەمیشە بەزمێك دەنێتەوە کە هاوڵاتیان بە ئاراستەیەکی دیکەدا ببات!
دەسەڵاتێك بتوانێ بە سینارۆی چەندبارەکراوە، لە بەرژەوەندی پیلانەکانی خۆیدا هەست وسۆزی باڵاترین ئاستی ڕۆشنبیریی وئاینی کۆمەڵگا جۆش وخرۆش بدات، مایەی دەستخۆشی لێکردنە، نەك دژایەتی!
لە پای ئەو هەموونادادپەروەری و پێشێلکارییانەی بەرامبەر بە ماف و ئازادیی تاکی کورد دەکرێ، کەچی ئەو دەسەڵاتە گەل هێندە بە ئاسانی هەڵدەخەڵەتێنی؟! ئافەرەین بۆئەو قوتانخانەییە کە ئەو سیحرەتان تێداخوێندوە ئەی حکومەتی سێ پا!