سیاسەتی چەوتی یەکێتی بوو بە دەروازەی سەرکەوتنی پارتی!

پ

مەردان کوڵەجۆیی:

گەرچی لە پاش هەرەسی شۆڕشی(ساڵی 1975) کە پارتی دیموکراتی کوردستان سەرکردایەتی دەکرد، یەکێتی نیشتیمانی کوردستان مەشخەڵی شۆڕشی نوێی هەڵکردو رۆڵی پێشەنگیی بینی لە گۆڕەپانی خەباتی سیاسی وچەکداریدا، وەلێ لە نیوسەدەی ڕابردوودا ئەم حزبە لە گشت قۆناغەکاندا بە ئاکاری هەڵە وفرە شکستی تسراتیژیدا گوزەری کردوە!

وێڕای خێرا گەشەکردن لە بواری ڕێکخراوەیی و پیشمەرگایەتیدا، بەڵام بەبەراورد لە گەڵ پارتی دیمۆکراتی کوردستان، یەکێتی نیشتیمانی لەڕووی تاکتیك ومملانێی سیاسیەوە نسکۆی زیاتربووە لە سەرکەوتن!

یەکێك لە هەڵە زەقەکانی یەکیتی لە کارەساتی(هاکاری)دا ڕەنگیداوەتەوە، کە بە شکستێکی سیاسی و پیشمەرگایەتی هەژمار دەکرێ چونکە لە ڕووی سیاسیەوە متمانەی بە سەرانی ئەوسەردەمەی پارتی کردو، لە بواری پێشمەرگایەتیشدا سەرکردە هەرە بەرچاوەکانی و بەشی هەرە زۆری هێزەکەی ڕوویان لە دەڤەری بادینان کرد، بۆیە لە شەڕێکی پیلان بۆداڕێژراودا  زۆربەیان تێداچوون.

سیاسەتە هەڵەکانی یەکێتی هەرلە سەرتای دروسبووینەوە لە ململانێی ناوخودی ئەو حزبەدا ڕەنگی دابووە، بۆیە تا ئێستاشی لە گەڵدابێت بە تاك وکۆ کەسە بەئەکەم ودڵسۆزەکانی ڕوویان لە دەروازەی نەخوازراو کردوە!

بەهۆی سیاسەتی ملهوڕی وخۆبە زللزانی یەکێتی وە، لە سەردەمی شاخ وشەڕی ناوخۆی پێش ڕاپەڕیندا، زۆربەی لایەنە بەشداربووکانی ئەو شەڕە لە سەنگەری پاڵپشتی پارتی و بەرەی(نەیاریی یەکێتی) دا بوون

 لە سەردەمی ئاشتەوایی وپێکهێنانی بەرەی کوردستاندا، لە کۆتایی ساڵی 86 وە پارتی لە ئێرانەوە پەلکێشی ناوچە ئازادکراوەن کرد، وەلێ لە سەروبەندی شاڵاوەکانی ئەنفالدا، پارتی گۆڕەپانەکەی بە بێ ڕوو بەڕوو بوونەوەی دوژمن بە جێهێڵاو لۆمەی تاوانی ئەنفالشی بۆ یەکێتی بەجێهێڵا.

 هەڵەیەکی دیکەی ئەو سیاسەتەی یەکێتی لە پاش ڕاپەڕینەکەی ساڵی 91 دەرکەوت کە لەلایەكەوە خۆی میکانیزمی ڕاپەڕین بوو، لێبوردنی بۆجاشەکان دەرکردو، لە لەلایەکی دیکەشەوە فشاری بۆدەهێنان تا بەشی هەرە زۆریان پاڵیان دا بە پارتی وە بوون بە پێگەیەکی جەماوەی بۆ پارتی!

لە پێکهێنانی حکومەتی هەرێمیشدا، یەکێتی نەیتوانی ئۆپۆزسۆنێ هەڵببژێرو، بۆیشی نەکرا پشکە (فیتی بە فیتی) یەکەی ڕابگرێت و سیاسیەتێکی ئەوتۆبەرپابکات کە لە هەڵبژاردنی داهاتودا لە گەڵ لایەنەکانی دیکەدا ڕێکبکەوێت تا زۆرینەی دەنگەکان بەدەست بهێنێت وجێی خۆی لە سەرانسەرکوردستاندا بکاتەوە… ئەنجامی نەبوونی سیاسەتێکی حەکیمانە، شکشتی یەکێتی وشەڕی ناوخۆی شاربە شاری لێکەوتەوە!

لە پاش سەرنەکەوتن لە شەڕی ناوخۆ لە دژی پارتی، گەرچی 31 ئاب وەرچەرخانی سیاسی وخیانەتی نەتەوەیی بەدوای خۆیدا هێنا، وەلێ دیسان سیاسەتی چەوت وکەڵەگایەتی یەکێتی بووە هۆکاری خڕبوونەوەی کۆمەڵێك حزب ولایەنەکانی دیکە لە دەوری پارتی!

پاڵپشتی یەکێتی لە دەستینشان کردنی بارزانی وەکو سەرۆکی هەرێم و، هەڵبژاردنی بەغداو پشتگوێ خستنی کوردستان، گورزێکی کوشندەی دیکە بوو بۆ یەکێتی!

خیانەتی 16 ئۆکتۆبەرو، ئاوەژۆکرنی یەکێتی لە ڕێکخراوێکی سیاسی بنکە جەماوەری بەرفرەوانەوە بۆ شێوە کۆمپانیایەکی بازرگانی فرە پشکی بەرپرسەکان، دەرگای واڵاترکرد بۆ پارتی کە دەست بگرێت بە سەرتێکڕای جومگەکانی سیاسی، دیپلۆماسی، ئابوری، کۆمەڵایەتی وفەرمانڕەوایی کوردستاندا!