ڕاگەیاندراوی بەرەی گەل لە بارەی سزادانی چالاکەوانانی بادینانەوە

پێویستە دەستەڵاتی دادوەری بێلایەنی خۆی بپارێزێ ولاگیری لە دەستەڵاتی ڕاپەڕاندن نەکات
ئازادیخوازوستەملێکراوانی کوردستان!
مخابن، دوێنێ ٤ی ئایار، دادگای پێداچوونەوەی كوردستان، بە دەنگی سێ ئەندامی خۆی، بڕیاری دادگەی تاوانەكانی هەولێری سەبارەت بە سزادانی شەش چالاكوانەکەی بادینان سەرڕاست کردەوە، بەو بڕیارەیشی، خەڵکی کوردستان و ئازادیخوازانی تووڕە و نیگەران کرد.
دادگای پێداچوونەوە بەهۆی ئەو لاگیرییەی، سەربەخۆیی خۆی لەژێر پرسیاردانا و پشتیوانی خۆی بۆ ئەو زۆرداری و ستەمە دووپاتکردەوە کە دەسەڵاتی ڕاپەڕاندن بەرانبەر بە خەڵکی ئازادیخوازی نیشتمانەکەی ئەنجامی دەدات.
ئەوەتا دەستەڵاتی ڕاپەڕاندن، هەر لەپەنای ئەو دادگا ویاسایەوە کۆمەڵگە بەرەوزیندانێکی گەورەتر دەبات. ئێمە لە “بەرەی گەل،” زۆر بەتوندی ڕەخنە لەو بڕیارەی دادگا دەگرین وڕەتی دەکەینەوە چونکە ڕاشكاوانە مەیلداری بۆ دەستەڵات خۆیاکردووە.
هەروەها ئەو بڕیارە خۆی لەخۆیشیدا پاشەكشە وگەڕانەوەیەكی دیکەی رێڕەوی بەرەو دیموکراسی و ئازادی ڕۆژنامەوانی وجێگیرکردنی بەها پیرۆزیەکانی مرۆڤایەتییە.
هیچ گومانی تێدانییە کە بڕیارە زۆربە نەرێنێ بەسەر دەستەڵاتی دادوەری هەرێمی كوردستان ودۆزی ڕەوای گەلەکەماندا دەشكێتەوە.
لەلایەکەوە خەڵکی کوردستان متمانەی بە دادگا ودادوەری کزولاوازتردەبێ، لەلایەکی دیکەشەوە سیمای کوردستان بە بێزراوی بە ناوەندەکانی جیهانی پێشان دەدرێ.
ئێمە هیواخوازین کە هەتا دەرفەتەکە لەدەست نەچووە، دادگای تێهەڵچوونەوە فریای ڕەوشەکە بکەوێ وبڕیاری دادگای تاوان ودادگای پێداچوونەوە هەڵبوەشێنێتەوە.
سڵاولە چالاکوان وئازادیخوازان.
وتەبێژی بەرەی گەل، 5-5-2021