ڕاگەیاندراوی بەرەی گەل سەبارەت بە گرژییەکانی نێوان فەلەستین وئیسرائیل

بەرەی گەل ڕاگەیاندراوێك بڵاو دەکاتەوە لە بارەی شەڕوپێکدادانەکانی نێوان ئیسرائیل و فەلەستینەوە
ئەمەش دەقی ڕاگەیندراوەکەیە:
کوردستانیانی ئاشتیخواز!
بەهۆی شەڕ و پێکدادانی نێوان سوپای ئیسرائیل وبزووتنەوەی حەماسی فەلەستینەوە، مەترسییەکی گەورە ڕووبەڕووی ناوچەکە بۆتەوە، فڕۆکەکانی سوپای ئیسرائیل کەرتی غەززەیان بۆمباران کردووە، بە گوێرەی ڕاگەیاندراوی وەزارەتی تەندروستی غەززە، بەهۆی ئەو بۆردومانانەوە چل وهەشت هاووڵاتی کوژران و نزیکەی سێ سەد کەسی دیکەش برینداربوون.
لە بەرانبەریشدا بزووتنەوەی حەماس سێ سەد مووشەکی ئاراستەی شارەکانی جوولەکەنشین کردووە، هەندێکیان لە ئاسماندا تەقێندراونەتەوە، ئەوانەی دیکەش خەڵکی شارەکانیان کردۆتە ئامانج، بەوهۆیەوە پێنج هاووڵاتی کوژران و ژمارەیەکیش بریندار بوون.
ئێمە بەناوی ‘بەرەی گەل’ەوە نیگەرانی خۆمان دەردەبڕین و بەتووندی ئەو هێرش و پەلامارانە ڕیسوا دەکەین، دەخوازین هەرچی زووترە لەڕێی دانوستاندنەوە کێشە و گرفتەکانی نێوانیان چارەسەر بکەن.
بەرەی گەل لەکاتێکدا پشتیوانی لە خەڵکی سڤیل ولاشەڕی فەلەستین دەکات و هاوخەمی خۆی بۆ بنەماڵەی کوژراوەکان دەردەبرێ، لەهەمان کاتدا وەبیریان دەهێنێتەوە کە لە ڕابروودا بەشێك لە ڕێکخراو وتوێژەکانی فەلەستین هاودەستی داگیرکەرانی کوردستانیان کردووە وپشتیوانیان لەوهێزانە کردووە کە ژن ومنداڵی کوردستانیان شەهید کردووە.
ئێمە لەڕوانگەی باوەڕبوونمان بە ماف و ئازادی گەلانی داگیرکراو وستەملێکراو، دەخوازین کە گەلانی زۆرلێکراو دژ بە زۆرداری وداگیرکاری هاوهەڵوێست بن و پشتیوانی لەیەکتربکەن و ڕێ نەدەن کە ستەمکاران وەک دەسکەلا یارییان پێبکەن.
بەرەی گەل جەخت دەکاتەوە کە ڕەوشی ڕۆژهەڵاتی ناڤین خۆی لەخۆیدا تێکچڕاژو و پڕ لەکێشەیە، بەهۆی ئەو پێکدادان و شەڕانەیشەوە ڕەوشەکە ئاڵۆزتردەبێ، کارەساتی گەورەتری لێدەکەوێتەوە وزیان بەهەمووگەلانی ناوچەکە دەکەوێ، بۆیە داوا دەکەین کەدەست بەجێ .شەڕوهێرشكردن ڕابوەستێ و زمانی دایالۆگ و دانوستاندن سەرپشك بکڕێ
12-5-2021 ڕێکار ئەحمەد، وتەبێژی بەرەی گەل