کورد لە نێوان بەرژەوەندی نەتەوەیی وسەرکردایەتیەکەیدا!
مەردان کوەجۆیی:
لە جیهاندا سیاسەت لە دووجەمسەردا دەسوڕێتەوە، بەڵام بە درێژایی مێژووی سەردەم کورد لە بازنەیەکی نادیاردا خولاوەتەوە!
لە سەرئاستی جیهانی، سیاسەت وبەرژەوەندی هاوبەش لە نێوان گەل ونەتەوەو هێزەکاندا بە سەر 2 جەمسەردادابەشکراون، واتا ئەوەی کە وڵاتان، هێز، لایەن و، بگرە تاکەکانی کۆمەڵگەش یەکدەخات، بەرژەوەندی هاوسەنگ وهاوبەشە.
جا ئەو بەرژەوەندیە لە سەر بنامای پاراستنی ئاسایشی نەتەوەیی، سیاسی، ئابوری، کەلتوری، مەزهەبی وهتد.. بێت یان هەرجۆرێکی دیکە بێت، دەبێتە هۆکاری پێکهێنانی بەرە وهاوپەیمانی لە بەرامبەرجەمسەری نەیاردا.
وەلێ ئەو سیاسەتەی کە لە مێژووی مۆدێرینی گەلی کورددا بەرپاکراوە، نەك هەر بەرژەوەندی هاوسەنگی نەتەوایەتیی، سیاسیی، ئابوریی، ئاسایشیی وهتد.. بۆ کورد لێی بەدی نەکراوە، بەڵکو زیاتر خۆی لە جەمسەری نەیارودژ بە بەرژەوەندی نەتەوایەتی کوردا بینوەتەوە.
ئەگەر جاربەجارش سەرانی کورد لەبەرەی براوەدا بووبێتن، ئەوا بەبێگومان سەرکردەکانی کورد هەرجارەوخۆیان لە بەرەیەکدا بینیوەتەوە کە لە بەرژەووەندی حزبی، بنەماڵەیی و بگرە کەسیی (واتا شەخسی)خۆیاندا بووبێت!
بەدرێژایی مێژووی مۆدێرین گەلی کورد، سەرانی سیاسی کورد وەك یەك نەتەوەو یەك هێزلە گورەپانی ململانێی سیاسی جیهانی وناوچەیی دا لە جەمسەرێکی دیاریکراونەبووەو،هەر وڵات وهێزێك، بەتایبەت نەیارودوژمنەکانی گەلی کورد، کەڵکیان لە دابەش بوونی کورد بە سەرجەمسەری نابەرامبەردا وەرگرتووە!
بەرژەوەندی تەسکی حزبی وبنەماڵەیی سەرانی کورد هۆکارن کە لە مێژووی هاوچەخدا گەلی کورد لە بازنەیەکی نادیاری ئەوتۆدا بخولێتەوە کە بۆی نەلۆاوە کەڵك لە جەمسەرێك وەربگرێت کە لە ئاستی بەرژەوەندی وهاوسەنگی ستراتیژی نەتەوەکەیدا بووبێت!