وێرانکردنی ژینگەی کوردستان لەلایەن سوپای دوژمن و داگیرکەری تورک و ئەرکی لایەنەکان

حاکم شێخ لەتیف:
حیزب و سیاسی کورد ئەوەندەی دژی یەکترن خەریکی یەکترن بەھیچ شێوەیەک نە دژی دوژمنەکانی بوە نە ئاگای لێیان بوە
ئەوەتا سوپای دوژمنو داگیرکاری چاوچنۆکی تورک بەگوێرەی وتەی پەرلەمانتارێکی ناوچەکە ، کۆمپانیایەکی ھێناوەو دارەکانی ناوچەکە دەبڕێتەوەو دەیانباتەوە بۆ تورکیا ھەروەک چۆن قڕی لەزەیتونەکانی عەفرین خست
ئەمەی تورکیا دەیکات بەگوێرەی یاسا نێودەوڵەتیەکان تاوانی جەنگ و تاوانی دژی مرۆڤایەتیە، چونکە وێرانکردنی بەبەرنامەی ژینگەی کوردستانە .
بەگوێرەی رێکەوتننامەی چوارەمی جنێڤ ساڵی ١٩٤٩ مادەی ٥٣ ، وە پرۆتۆکۆڵی یەکەمی پاشکۆی رێککەوتننامەکامی جنێف ساڵی ١٩٧٧ مادەکانی ٣٥ و ٥٤ و٥٥ ، ھەروەھا پەیماننامە نێودەوڵەتیەکانی تایبەت بەپاراستنی ژینگە لەوانە :
پەیماننامەی ساڵی ١٩٧٦ تایبەت بە قەدەغەکردنی ھەرکارێکی سەربازی یان دوژمنکاری بۆ تەکنیکی کۆڕینی ژینگە، پەیماننامەی ساڵی ١٩٨٠ تایبەت بەقدەغەکردن و سنوردارکردنی چەکی کلاسیکی و، ھەروەھا پرۆتۆکۆڵی ساڵی ١٩٩٩ پاشکۆی پەیماننامەی لاھای ساڵی ١٩٥٤ ، ھەموویان جەخت لەوە دەکەنەوە کە پێویستە وڵاتان لەکاتی جەنگو ململانێی چەکداری یان دەوڵەتی داگیر کەر لەکاتی داگیر کردنی خاکی ولاتێکی تر ژینکەو سەرچاوە سروشتیەکان بپارێزن و وێرانیان نەکەن و لەکاتی زۆر پێویستیش نەبێ نەیانکەنە ئامانجی کردەوەی سەربازی.
مادەی ٨ برگەی ٢/ب/٤ لە پەیڕەوی ناوخۆی دادگای تاوانەکانی نێودەولەتیش ئەو کردەوانەی کە زیانێکی فراوان و درێژخایەن بە ژینگەی سروشتی دەگەیەنن بەتاوانی جەنگ ھەژماری کردون و سزای بۆداناون و بکەرەکانی روبەڕوی لێپرسینەوەی سزایی دەکاتەوە،
ھەروەھا جەخت دەکەنەوە لەسەر پێویستی ئاگادار کردنەوەی کۆمیتەی خاچی سوری نێودەوڵەتی سەبارەت بەو پێشێلکاری و تاوانانە، چونکە ئەو کۆمیتەیە رۆلێکی گرنگی ھەیە لە چوارچێوەی رێزگرتن و پاراستنی ژینگە لەکاتی ململانێ چەکداریەکان و بیر ھێنانەوەی لایەنەکان لەسەر پێویستی پابەند بوون بە پاراستنی رێساکانی جەنگ لەوانە پاراستنی ژینگە.
بۆیە پێویستە لەسەرحکومەت حیزب و لایەن و پەرلەمانتاران لەجیاتی ئەوەی ھەر خەریکی یەکتر بن دەسبەجێ:
١- کۆمیتەی خاچی سور ئاگادار بکەنەوە بەتایبەتی لەلایەن رێکخەری حکومەتی ھەرێم بۆ پەیوەندیە نێودەوڵەتیەکان کە ئیشی بەداخەوە تەنھا بۆتە وەڵامدانەوەی راپۆرتی رێکخراوە نێودەوڵەتیەکانی مافی مرۆڤ کە پێشێل کاریەکانی حوکمەتی ھەرێم تۆمار دەکەن
٢- وەزارەتی دەرەوەی عێراق بەرەسمی حکومەتی تورکیا ئاگادار بکاتەوە لەوەستاندنی ئەو کارە دژە مرۆڤایەتیەو تاوانی جەنگە، کە بەداخەوە ئەویش تا ئێستا فزەی لێوە نەھاتوە
٣- لیژنەی پەیوەندیەکانی دەرەوەی پەرلەمانی عێراق و لیژنەکانی تری پسپۆڕ ھەستن بەکاری پێویست بۆ فشار خستنە سەر حوکمەتی فیدراڵو ھەولدان بۆ تێگەیاندنی نوێنەری نەتەوەیەکگرتوەکان و یەکێتی ئەوروپاو سەفارەتەکان و ناوەندە قەزائی و یاساییە نێو دەوڵەتیەکان و ھەوڵی دروست کردنی فشار بدەن
٤- تۆمارکردنی سکاڵای لەدادگا فیدراڵیەکانی عێراق چ لەلایەن ئەوانەی زەرەریان لێ کەوتوە چ لەلایەن نوێنەری حکومەتی عێراقەوە.