پێڵاو ماچكردن و ماستاو!

له‌تیف فاتیح فه‌ره‌ج:
زۆر جار من ئه‌و پرسیاره له خۆم ده‌كه‌م باشه بۆ كێ ده‌نووسین، بۆكێ ئه‌م هه‌موو ره‌خنه‌یه ده‌گرین، ئایه گشت خه‌ڵك ئه‌وه ده‌بینێ، ئایه داكۆكی له خه‌ڵك كه لای من پرسێكی ئاكاریه، پێویسته هه‌ر به‌رده‌وام بێت، یان له شوێنێكا بڵێین به‌سه؟
كاتێك له كه‌ناڵه‌كان ده‌رده‌كه‌وین و قسه ده‌كه‌ین، به ته‌له‌فون ده‌ڵێن قوربانت قسه‌ی دڵی ئێمه‌ت كرد ” خۆی نایكات ” كه ده‌رناكه‌وین ده‌ڵێن بۆ دیار نین ” خۆی نایڵێت ” كه ره‌خنه له حزبه‌كان ده‌گرین و كه‌سانێك ده‌مانگه‌زن ، ئه‌وان ته‌ماشاكه‌ر زیاتر نین ،بۆ خه‌ڵك به‌رگه‌ی تۆمه‌ت ، بوختان ، هه‌ڕه‌شه‌و ، نانبڕین و ده‌ردی سه‌ری ده‌بینه‌وه، له گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا كه ده‌بینین ماستاو بۆبه‌رپرسێك ده‌كرێت ، له به‌رده‌م به‌رپرسێكا خه‌ڵك به چۆكا دێت ، ئازار ده‌چێژین.
هه‌موومان رۆژانه ئه‌و ماستاوانه ده‌بینین كه بۆ كاكه‌كانی بارزانی ده‌كرێت، بۆ هه‌ریه‌ك له مه‌سعود بارزانی، نێچیرڤان بارزانی و مه‌سرور بارزانی، هه‌ندێك ده‌یانبه‌نه ئاستی پێغه‌مبه‌ره‌كان، دڵنیام ماستاو هه‌ڵه‌ی گه‌وره به به‌رپرسان ده‌كات، یان ئه‌و هه‌موو پانكردنه‌وه‌یه‌ی بۆ لاهوری شێخ جه‌نگی ده‌كرێت،هه‌ر باشه جار جار خۆیان ده‌م و قه‌پۆزی ماستاو چیه‌كان ده‌كوتنه‌وه.
مه‌سعود بارزانی جارێك له زانكۆی دهۆك كه‌سێكی ته‌ریقكرده‌وه، لاهور تاڵه‌بانیش به ماستاوچیه‌كانی وت وێنه‌ی من پێویستی به هه‌ڵواسین نیه.
چه‌مانه‌وه بۆ ماچكردنی قۆنده‌ره نه‌نیشاندانی رێزه، نه‌ئاكاره، رێگری له‌و كاره قێزه‌ونه هه‌ر كێ بیكات جێی ده‌ستخۆشیه، خۆشت ده‌وێت خۆت ده‌كه‌یته قوربانی سه‌مای بۆ ده‌كه‌ی شتێكی تره ،لێ چه‌مانه‌وه بۆ ماچی قۆنده‌ره جگه له‌وه‌ی بێنرخكردنی خۆته وه‌ك مرۆڤ،هه‌وڵێكیشه بۆ به دێ‌و كردنی ئه‌و.
سه‌رسوڕمانی پاڤێڵ تاڵه‌بانی له‌وه‌ی كابرا چه‌مایه‌وه جۆرێك بوو له شۆك بوونی ئه‌وده‌ربڕینی ” ئه‌وه تۆ به‌ڕاسته ” سه‌رسوڕمانی به‌رپرسێك بوو به‌رانبه‌ر به هاونیشتمانیه‌ك كه نایه‌وێت خۆی بێت، نایه‌وێت له سه‌ر پێی خۆی بوه‌ستێ، سه‌ركرده‌كان چه‌ند له‌وه به‌رپرسیارن كه مرۆڤی كۆیله‌و كه‌وی و بێبایه‌خ دروستده‌كه‌ن، مرۆڤه‌كان زیاتر چونكه ئه‌وان له‌مپه‌ری سه‌ره‌كی به‌رده‌م خۆخاوه‌نین.