میللەتی کورد لە ژێر رەشماڵی بەزەییدا!

حەمەعەزیز وەیسی:
حکوومەتی بریتانیا، لە ماوەی ئەم چەندسەد ساڵەدا لە زۆربەی وڵاتان و ناوچەکانی جیهاندا، بە هەر هۆکارێك بێت کە ئەو توانایەی هەبووە بۆ داگیرکاری و کاولکاری و هەڵلووشاندن، ئەوە باسێکی ترە و پەیوەندی بە بابەتەکەی منەوە نیە، ئەوەندەی کە من پەرۆشی بابەتی زامداری گەلەکەمم.
بەڵام ئەوەندەی کە ئێمەی کورد زۆرترین چارەڕەشی و نەهامەتیمان بە دەستی ئەوان کێشاوە، دیارە من لێرەدا بۆ خۆم، زۆربەی کێشە گەورە و بچووکەکانی میللەتەکەم لە پێشدا دەخەمە ئەستۆی خۆمان، کە بە داخەوە ئەم راستییەکی تاڵیشە، پاشان بریتانیا و وڵاتانی بە تەزویر درووستکراوی فاشیستی کوردستان بە سەردا دابەشکراوی جیران.
کوردستان و میللەتی کورد لەم سەردەمەدا، وەکوو کەسێکی لێهاتووە کە لە بێدەسەڵاتی و گەمژەیی و بێهەڵوێستی و…. سەرەڕای ئەوەی زۆریش رەنج دەکێشێت، بووەتە کۆیلە ولە ماڵ دەرکراو بێماڵ و حاڵ (home less)و لە گۆشەی کۆڵانانی ناوەندی شارە گەورەکاندا، بۆ پاروویەک نانێکی ویشک و خەڵکی شاریش، بە چاوێکی بەزەیی و سۆز و جار جاریش سووک، جار و بار لەتە نانێک یان عانەیەکی بۆ فڕێدەنە سەر دەستماڵە شڕەکەی بەر دەستی!!
ئەو باس وخواس و سیاسەتانەی کە لە ناوەندەکانی حکوومەتەکانی وڵاتانی خاوەن دەسەڵاتی دنیا و ، وڵاتانی خوێنڕێژ و وەحشی حکوومەتەکانی کوردستانی دابەشکراویان لە ژێر دەستە، لە زۆربەی کۆبوونەوە و دام دەزگا سیاسی و مێژوویی و… بە کەیفی خۆیان میللەتی کورد بە خێڵەکی و کێوی و عەشیرە و دواکەوتوو و شەڕانی و جەردە و دژی یەکتر و خۆخۆر و کەلەپووچ و….( کە بە داخەوە زۆربەشیان راستییەکی تاڵن!)و، لە قەڵەم دەدەن و هەر بەو پێودانگە، هەڵسووکەوت و سات و سەودای لە گەڵ دەکەن. ئەوان چ بە ئاشکرا و چ بە نهێنی، میللەتی کورد بە شایستە و شیاوی ئەوە نازانن بە هیچ شێوەیەک وەکوو ئینسان ئەژمار بکەن و لە بەر چاو بگرن!
هەر لێکۆڵەرێکی سیاسی و مێژووناس و کۆنینەناس، کە چاوێک بە ئارشیفەکانی بریتانیادا دەگێڕێت، لە زۆربەی ئەوانەدا بە چاوی سووک سەیری میللەتی کوردیان کردووە و بە شیاوی ئەوەشیان نەزانیوە کە وەکوو وڵاتانی ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست کیانێک بۆ ئێمەش درووست بکەن بە گوێرەی بەرژەوەندی درێژخایەنی خۆیان!
[لە سەدەی سێزدە و چواردەوە کە حکوومەتی بریتانیا دەستی کرد بە کنە و پشکنین وداگیرکاری و تاڵان کردنی ژێر زەوی و سەر زەوی زۆربەی وڵاتانی دنیا،چەندین وڵاتی بە هێزی وەکوو: ئەمەریکا و کانەدا و ئۆسترالیا و نیوزلەند وهتد..ی درووست کرد و نەخشەی زۆربەی وڵاتانی دنیا و بە تایبەت ڕۆژهەڵاتی ناوینیشی بە کەیفی خۆی و بۆ بەرژەوەندی درێژخایەنی خۆی دیاری کرد، کە بە داخەوە هەتا ئەم چرکە ساتەش حکوومەتی بریتانیا ناوەندی یەکەمی بڕیاردانی سیاسەتی دنیایە!]
ئایا ئێستا لە بواری سیاسی و مێژووییەوە کەس، یان کەسانێک لە نێو میللەتی سیاچارەی کوردا پەیدا دەبێت کە مێژوویەکی بە هێز لە سەر بنەمای زانستی مێژوو فەلسەفەی مێژوو، هەر وەها سیاسەتێکی تۆکمە و سەردمیانە لە سەر بنچینەی زانستی سیاسی و فەلسەفەی سیاسی ، بۆ میللەتەکەی تۆمار بکات و ئەم میللەتە لە سەر ئەو بنەمایە بسازێنێت و بەو کەرەستە بە هێزانەوە، میللەتەکەی لە ژێر هەوری رەشی ئەو رەشماڵە شوومەی بەزەیی و گەمژەیی و بێدەسەڵاتی و کۆیلەیەتی و داگیر کارییە،رزگار بکا ؟




