کۆیلەکانی دەسەڵات لە هەندەران دەبن بە دەبڵ سیخۆڕ؟!

مەردان کوڵەجۆیی:
لە سی ساڵی ڕابردوودا، بەشێکی ئەو خەڵكەی کوردستانیان بە جێهێڵاوە، بەشێوەیەكی ڕاستەوخۆ، یان نا ڕاستەوەخۆ،هۆکاری ئاوارەبوونیان دەگەڕێتەوە بۆکاریگەری ئەو فەرمانڕەواییەی کە لە باشوری وڵات بە سەر شانی سیخۆڕوکۆیلەوە خۆی ڕاگرتووە!
وەلێ ئەوەی مایەی سەرسوڕمان و بگرە جێی گومان بێت ئەوەیە، کۆمەڵێك لەو سیخۆڕوکۆیلانەی حزب ودەسەڵات گەیشتوون بە وڵاتانی هەندەران و ئەڵێن “لە کوردستان هەڵهاتووین.” تۆ بڵێی ئەوان لە دەستی خەڵك هەڵهاتبێتن؟! ئەو ڕۆژەش دێت!
لە سەردەمی ڕژێمی سەدام دا، عێراق سیخۆڕی دەناردە دەرەوەی وڵات بۆ چاودێری و زیان گەیاندن بە کەسانی سیاسی و نەیاری حزبی بەعسی لە ناوچوو.
ئەو کردوە سیخۆڕی وتیرۆرو تۆقاندنەی ڕژێمی بەعس، بووە بە پیشەی ڕژێمی ئاخونەکانی ئێران و ئێستاشی لە گەڵدا بێت بێپشوو لەو کارقێزەوەنە بەردەوامە!
ئەوەی لێرەدا پرسیارگەلێك لە خۆ دەگرێت ئەوەیە، ئایا ئەگەر ئەندام وکادیری حزبە دەسەڵاتدارەکانی کوردستان بۆ سیخۆڕی کردن بە سەر کوردانی تاراوگەوە نەگیەشتووی بە وڵاتانی ئەوروپا وئەمەریکا، ئەدی چ پاڵنەرێکی سیاسی ومەترسیەك لە سەر ژیانی ئەوان هەیە تا کوردستان بە جێبهێڵن؟
لەوەش سەیرتر ئەوەیە، ئەم سیخۆڕە کلك زەرد و باڵ سەوزانە، بە پاسپۆرتی ڤیزا لێدراوەوە لە فڕنگەخانەکانی هەولێر و سلێمانی سەردەکەون و لە وڵاتێکی ئەوروپی، یان ئەمەریکی دا دەبەزن وکەیسێکی ئامادە بۆکراو و دروستکراویان لە گەل خۆیاندا هێناوەو داوای مافی پەنابەری دەکەن کە گوایە لە کوردستان “ژیانیان لە مەترسیدابووە”!
لەم چەند ساڵەی ڕابردوودا، کەیسی کۆمەڵێك لەو سیخۆڕانەی دەسەڵات و حزبە کوردستانیەکان، لە وڵاتی کەنەدا بووە بە دیاریدەیەکی زەق و، ئەوەش کە زیاتر بووە بە جێی گومانی هەموو لایەك ئەوەیە کە بەشێکی ئەو جاسووسانەی پاراستن و زانیاری وهتد..، مافی پەنابەری پێش ئەوانە وەردەگرن کە لە بەنەڕەتدا ئاوارەی دەستی ئەو حزب ودەسەڵاتەی ئەم کۆیلە “هەڵهاتووانە” بوون!
شك لەوەدا هەیە کە ئەوانە لە کوردستانەوە بۆسیخۆڕکردن بە سەرکوردانی تاراوگەوە دەگەیندرێن بە هەندەران و، حکومەتەکانی ئەم وڵاتانەش لە ڕووی باری ئاسیشییەوە کەڵ لەو سیخۆڕانە وەردەگرن! بەواتایەکی دیکە، ئەم کۆیلانەی حزبەکانی کوردستان لە دەرەوە دەبڵ جاسووسن و دوورش نیە کە هەر لە کوردستانەوە ئەوە پیشەیان نەبووبێت!