بەڵێنەکەی بارزانی لەپەیامە کورتەکەی، کورت تر بوو!

پ
مەردان کوڵەجۆیی:
ئەمڕۆلە کورتە پایامێکدا، مەسرور بارزانی سەرۆك وەزیرانی هەرێمی کوردستان، بەڵێنی لێبڕینی موچەی بە موچەخۆرانی هەرێم ڕاگەیاند، وەلێ بەڵێنەکەی گرێدابوو بە کۆمەڵێك ئەگەرەوە و، وەردەکاری گوزەشتەکانشی پشت گوێ خست.
گەرچی ئەو پەیامەی بارزانی هەنگاوێکی ئەرێنی وگەش بوو بۆ ئەوانەی کە بژێویان لە سەر موچەیە، بەڵام سەرۆك وەزیران بەڵێنی هەڵگرتنی لێبڕینی موچەی گرێدا بە بەڵێن و ناردی بەشە بوجەی هەرێمەوە لە لایەن حکومەتی بەغداوە، واتا ئەگەر حکومەتی عێراق پارە نەنێرێت ئەوا دیسان موچە دەبڕدرێت؟!
ئەم کورتە هەواڵەی مەسرور کوڕ مەسعود بارزانی، نەك تەنها پارتییەکان بە سەرکەوتنێکی مەزنی کابینەی نۆهەمی دەزانن، بەڵکو هەردوو باڵەکەی ناو یەکێتی و بگرە لایەنگرانی گۆڕانش کردویانە بە دەستکەوتی خۆیان.
ئەوەی لەو کورتە پەیامە نیمچە چەواشەکاریەدا خەڵکی باشوری کوردستان و، بەتایبەتی موچەخۆرانی گەشبین کردوە تەنها ووشەی “نەمانی لێبڕینی موچە”بوو، کەچی کەس لە سەرۆك وەزیرانی هەرێمی کوردستان ناپرسێت ئەدی ئەو هەموو پارەیەی لە ماوەی ڕابردوودا لە موچەخۆرانتان بڕیوە بۆیان دەگێڕنەوە؟!
لێرەڕا پێویستە خەڵکی کوردستان پرسیارگەڵێكی دیکەش ئاراستەی دەستەڵاتدارانی حکومەتی سێ کوچکەدا بکەن، ئایا ئەو  پارەییە کە بە ناوی “پاشەکەوت”ەوە لە پشکی موچەخۆران بەلاتانەوە نیاوە، لە ئێستا بەدواوە ئەو پارەیە بۆ فەرمانباران و خانەنشیکراوەکان دەگێڕنەوە؟!
ئەگەر بنبڕکردنی لێبڕینی موچە سەرکوتنی پارتی و یەکێتی و گۆڕان و ئەوانی تربێت، ئەدی شکستی پاشەکەوت و لێبڕینی موچەو ئەو هەموو قەیرانە ئابوری و سیاسی و ئیداریەی لە باشوری کوردستان گوزەردەکات، لە ئەستۆی کێدایە؟!
تەنها خاڵێك کە لە پەیامە کورتەکەی مەسروربارزانی دا ئەرێنی بوو، ئەگەری نەهێشتنی لێبڕینی موچەیە، ئەوەش بە مەرجێك ئەگەر حکومەتی عێراق بەشە بوجەی هەرێمی بەبێ کورت هێنان بنێرێت، وەلێ هیچ ئاماژەیەکی بەو پارە کەڵەکەبووەی موچەخۆران نەکرد کە چەند ساڵێكە بە ناوی “پاشەکەوت و لێبڕێن”ەوە، لە خەزێنەی حکومەتی هەرێم دایە!