بانگەوازی بەڵی بۆ بەشداری کردن لە دەنگدان و سوتاندنی دەنگەکەت.
هۆشیار جەماڵ
هاوڵاتیانی هەرێمی کوردستان وەک ئاشکرایە لای هەمووان کوردستان لە بەردەم هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقدایە، لێرە و له وێش هەندێک لایەنی عێراقی بانگەشەی کشانەوە له بەشداریکردن لە هەڵبژاردنەکان دەکەن، کە ئەمەش وای کردوە، هەندێک دەنگۆ بڵاوبێتەوە کە هەڵبژاردنەکان ئەنجامنادرێت له وادەی خۆیدا، بەڵام لە هەرێمی کوردستان بانگەشەی ڕاستەوخۆ و نا ڕاستەوخۆی هەڵبژاردنەکان له لایەن حیزبەکان و کاندیدەکانیانەوە دەستی پێکردوە.
هەر بۆیە بانگەواز دەکەین کە تۆی هاوڵاتی ئەم هەڵبژاردنە بکەیتە هۆکارێک بۆ سزادانی حیزبەکان ئەویش له ڕێگای بەشداریکردن لە هەڵبژاردنەکان و سوتاندنی دەنگەکەت و نەدانی متمانە بە هیچ حیزب و لایەن و هاوپەیمانی و کاندیدێک، ئەویش لە پێناو ئەوەی کە هەموو لایەنێک تێبگەینەی کە دەنگی تۆ نابێتە هۆی زیاتر هەژارکردنی خۆت و خانەوادە و هاوڵاتیانی کوردستان و له بەرامبەردا دەوڵەمەند بوونی چەند کەسێکی دیاری کراو.
هاوڵاتیانی بەڕێزی قەزا و ناحیە و گوندەکان هەتا شۆڕش لە شاخ بوو. کچان و ژنان لە گوندەکانی کوردستان خزمەتی ئەم حیزبانەیان کرد لە پێناو نەتەوەی کوردا و کوڕە گەنجەکانیشتان لە بەردەم سوپای دڕەندەی بەعسدا بوون، شەهید بوون، دواتریش کە گەیشتە دەسەڵات دیاریکەیان بۆ خەڵک شەڕی ناوخۆ بوو، دواتریش ئۆپۆزسیۆنی مەدەنی دروست بوو زۆرینەی دەنگەکانی خەڵکی ئەم ناوچانە هەر بۆ هێزی نوێ بوو بە ئومێدی گۆڕانکاری، بەڵام ئەوانیش بە هەڵپەی پۆست و پارە و شوقە و دابینکردنی ژیانی ئەوروپا بۆ منداڵەکانیان دەنگی تۆیان کرد بەپردێک بۆ دەوڵەمەند بوون، ئێوە دەنگتان دا و گرد و گردۆڵەکانی شارەکانی کوردستان داگیرکران، کە شارەکانی کوردستان هەردەم لە ڕیزی قوربانیدان دابوون، بەڵام شوێنە گشتیەکانیشیان داگیراوە، کەواتە لە ڕۆژی دەنگدانت سزای ئەم حیزبانە بدە بە سوتانی دەنگەت.
باشیەکانی ئەم سوتاندنی دەنگە ئەوەیە:
کە هیچ بنەماڵەی تر دروستناکەیت لەسەر پشتی خۆت.
جارێکی تر هێزی نا ڕاستگۆی تری بەناو ئۆپۆزسیۆنی تینوو بە پۆست و پارە نانێریتە پەرلەمان.
تۆ ژیانێکی هەژارانەت هەیە و پێویست ناکات خەڵکی تر دەوڵەمەند بکەی.
لەم هەڵبژاردنەدا ناکەویتە ناو هەرای بانگەشەکردن بۆ حیزب و دڵی خزم و کەسوکاری خۆت و هاوڕێکان لە پێناو حیزبدا بشکێنی و ترازانی کۆمەڵایەتی دروست بکەین.
بە دەنگی دلێرانە بەو حیزبانەی کە بەرپرسن لە دۆخی ناهەمواری ژیانی تۆ دەڵێیت نەخێر.
دەنگدانەکەت پەشیمانی لە دوا نیە، وەک جارانی پێشوو، کە دەنگداوە و پاش مانگێک کاندیدی دەرچوو بۆ پەرلەمان وەڵامی تێلەکەت نەداتەوە.
تۆ بە سوتانی دەنگەکەت دەیسلەمێنیت ناڕازیت و ڕێگایەکی ئازادانەی خۆت بەکارهێناوە بۆ ئارامی ویژدانی خۆت.
هەروەها ئەوەی گرنگە ئەم جۆرە دەنگدانە نە پێویستی بە پارەیە بۆ بانگەشە و نە دروستکردنی کەناڵی ئاسمانی و سێبەر بەپارەی نەوت، بەڵکو تەنها دەتوانی له تۆڕە کۆمەڵایەتیەکانی کە ڕۆژانە بەکاری دەهێنیت بە نووسینی کۆمێنت یان بە ناردنی پەیامی بەڵی بۆ بەشداری لە دەنگدان و سوتاندنی دەنگ بۆ هاوڕێیانت، هۆشیارکردنەوەی خێزان و هاوڕیان تا چیتر هەندێک حیزب تۆی هاوڵاتی نەکات بە ڕێگای گەیشتن بە مەرامەکانی خۆی.
هاوڵاتیانی ئەزیز، ئەم بانگەوازە ڕێگایەکی مەدەنی نوێیە کە پێشتر بۆ دووبابەتی تر لە هەرێمی کوردستان تاقیکراوەتەوە و تاڕادەیەکی باش سەرکەوتنی بە دەستهێنا، یەکەمیان کۆتا هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بوو کە لە ڕێگای کۆمەڵکی ڕۆشنبیر و نووسەر و کەسایەتی جیاوازەوە بانگەوازی بایکۆتی هەڵبژاردنەکان کرا و کاریگەری ڕاستەوخۆی لەسەر دابەزینی ئاستی دەنگەکانیان هەبوو، هەروەها هەڵمەتی بایکۆتی کاڵای تورکی کە کاریگەری خۆی هەبوو. تۆش دەتوانی ئەم بانگەوازە لای خۆت بڵاوبکەیتەوە