هەر كەسێك ئێستای بەدەل بەرواری و پێش چوونە زیندانی ببینێت، رووی ئەو ئەشكەنجە و سزایە دەبینێت

پ
نیاز عبداللە: 
بەبێ هیچ بەڵگەیەكی یاسایی كە تێوەگلانی بسەلمێنێت لە تاوانێك یان هاندانى بۆ ئەنجامدانی خۆپیشاندانی تووندووتیژ، مامۆستا و چالاكوانی مەدەنی #بەدەل_بەرواری ماوەی ساڵێك و دوو مانگ لە زیندان هێڵدرایەوە.
لە تەواوی قۆناغەكانی لێكۆڵینەوەكردن لەگەڵیدا مامۆستا بەدەل بە ئاشكرا لە ئامادەبوونی پارێزەرەكانی و مافە یاساییەكانی بێ بەشكرا، هاوكات لە دیداری ئەندامانی خێزانەكەشی بێ بەشكرا; ئەو دەرفەتە زۆر كەمەی لە دیدارەكانی كۆتاییدا بەخێزان و پارێزەرەكانی دران، تەنیا بۆ ئەوە بوو بە سەفارەت و كونسوڵخانە و رێكخراوە نێودەوڵەتییەكانی بەرگریكار لە مافەكانی مرۆڤ بڵێن، ناوبراو خێزان و پارێزەرەكانی دەبینێت و بێ بەش نییە لەمافەكانی.
رەخنەكانی بەرواری لە گەندەڵی دەسەڵات و بەرگریكردنی لە مافەكانی مامۆستایان تا مانگانە مووچەیان پێ بدرێت، هۆكاری سەرەكی بوون بۆ تۆڵەلێسەندنەوەی لە رێگای بەكارهێنانی یاسا بەشێوەیەكی نایاسایی و نائەخلاقی و نامرۆیی.
هەر كەسێك ئێستای بەدەل بەرواری و پێش چوونە زیندانی ببینێت، رووی ئەو ئەشكەنجە و سزایە دەبینێت كە دامودەزگاكانی بەناو پاراستنی ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی كوردستان لەگەڵ ناوبراو پیادەیان كردووە، دڵنیادەبینەوە لەوەی ئەو زیندانیانەی دیكەی بادینان كە هێشتا بەبێ هیچ دادگاییكردنێك لە زیندانە تاریكەكاندان چۆن ئازار دەدرێن.
دەسەڵاتی ئێستا كە لە رێگای ترس و تۆقاندن و درۆوە حوكمڕانی دەكات، جگە لە تۆڵەكردنەوەی راستەوخۆ، دەیەوێت پیشانی بدات كە هەر كەسێك رێگای رەخنە و خەباتی مەدەنی بگرێتەبەر هەمان چارەنووسی مامۆستا بەدەل بەرواری، ئومێد بەڕۆشكی، شێروان تەها، شێروان شێروانی و هاوڕێكانیانی دەبێت، بەڵام لەگەڵ ئیمبڕاتۆڕییەتێك لە پارەی گەندەڵی و چەك و كەناڵی حیزبی گەندەڵ كە وەك مەكینەیەك كاریان بۆ ناشرینكردنی زیندانیانی سیاسی بادینان دەكرد، ئەوان بۆ ئێمە سیمبولی ئازادی و تێكۆشانی مەدەنی و ئاشتیخوازن، ئەوەی دەبێت دەسەڵات ئەزموونی لێ وەربگرێت ئازادكردنی رۆژنامەنووس و چالاكوانانی مەدەنییە نەك پێچەوانەكەی.