ڕاگەیاندراوی “بەرەی گەڵ” لە مەڕ ڕەوشی کۆچبەرانی کورد
دەقی ڕاگەیاندراوەکە: کۆچی کوردستانیان پرسیار لەلای جیهانیان دروست دەکات
لە ڕۆژانی ڕابردوو، مێدیا و ڕاگەیاندنەکانی جیهان بایەخ و گرنگی زۆریان بە هەواڵی پەنابەرانی باشووری کوردستان دا کە لەسەرسنووری پۆڵۆنیا گیریان خواردووە ولە نێو دارستانەکانی بێلاڕووسیادا لە ڕەوشێکی یەکجار خراپدا دەژین، بەو هۆیەشەوە خاڵێکی دیکەی نەرێنی لەسەر پەروەندەی حکومەتی هەرێمی کوردستان تۆمار کراوە.
هەموومان دەزانین کە گەلی باشووری کوردستان لە پێناو ئازادی خۆی و ڕزگاری نیشتمانەکەی دەیان ساڵ تێکۆشا و هەزاران کەس گیانی خۆیان پێشكەش کرد، ئامانج مسۆگەرکردنی ئازادی و سەروەری بوو.
ماوەی سی ساڵە کە بەشێکی زۆری باشووری کوردستان لەلایەن حزبە کوردستانیەکانەوە بەڕێوە دەبرێ، بۆیە دەبوایە خۆش گوزەرانی و بەختەوەری وھەلی کارو بژێوی باش بۆ خەڵک دابین بکرابایە، هەر بۆیە جیهانیان بەسەر سوڕمانییەوە دەپرسن: بۆچی خەڵکی باشووری کوردستان، لە زێد و نیشتمانی ئازاد کراوی خۆی ڕادەکات و بەرەو نادیاری سەری خۆی هەڵدەگرێ؟
ئێمە لەبەرەی گەلدا لە ئازارو خەمەکانی خەڵکی سەرهەڵگرتوو تێدەگەین ودەزانین کە ئەگەر خەڵک لە داهاتووی خۆی مسۆگەر بێ ولە دەست بێدادی وەزاڵەنەیەت، هەرگیز پشت لە نیشتمان ناکات و بەرەوهەندەران سەر هەڵناگرێ و بەرەو چارەنووسی نادیار ملی ڕێ ناگرێتەبەر.
لەو پێوەندەدا، لە کاتێکدا کە پشتیوانی لە کەیسی پەنابەران دەکەین ودەخوازین کە حکومەتی ھەرێم ڕێ چارەیەکی گونجاو بدۆزرێتەوە، لەهەمان کاتدا داوا لە کاربەدەستانی هەرێمی کوردستان دەکەین کە چاوێک بە کردارو ڕەفتارەکانیاندا بخشێننەوە، دەست لە ستەم و گەندەڵی وخراپە و نادادی بھێنن وھێوا بۆ گەنجان بگێڕنەوە و دەست لە نابەرابەری هەڵبگرن و بە یەک چاو لە ھاووڵاتیان بڕوانن.
وتەبێژی بەرەی گەل
١٥-١١-٢٠٢١