بەبۆنەی ژیان لە دەستدانی 31 کۆچبەرەوە، بەرەی گەل ڕاگەیاندراوێک بڵاو دەکاتەوە
بەرەی گەل کە پێکهاتوە لە چەند حزب و لایەنێکی سیاسی باشوری کوردستان، وەکو بەرهەڵستکاری دەسەڵات و نوێنەری گەل مامەڵە لە گەڵ ڕوداوەکاندا دەکات و لە زۆر بواردا پشتیوانی خۆی لە داخوازیەکانی خەڵکی کوردستان دەردەبڕێ
دەقی ڕاگەیاندراوەکەی بەرەی گەل:
کۆچ و مەرگی سەرهەڵگرتوان داخبارمان دەکات
بەداخێکی گرانەوە، دیسانەوە سەرچاوەکانی هەواڵ باسیان لە کارەساتێکی دیکەی کۆچبەران کرد کە لە نێوان وڵاتی بەریتانیا و فەرەنسادا ڕوویداوە،بە گوێرەی هەواڵەکان، بەلەمێک کە کۆچبەرانی گواستوەتەوە، لە کەناڵی مانش، لە نێوان بەریتانیا و فەرەنسا وەرگەڕاوە و ژێر ئاو کەوتووە، بەو هۆیەشەوە زیاتر لە سی و یەک کەس خنکاون، کە سێ منداڵ و ژنێکی بارداریشیان لەگەڵدا بووە؛ ھەندکیش بێ سەرو شوێنن ،بە شیمانەی زۆرەوە ئەوانەی بوونەتە قوربانی، زۆربەیان کوردی هەرێمی کوردستانن و لەبەر ستەم و نابەرابەری و گەندەڵی و نادادی سەری خۆیان هەڵگرتووە و ڕوویان لە هەندەران کردووە.
ئێمە لە بەرەی گەل، لەکاتێکدا ئەم ڕووداوە بە کارەساتێکی جەرگبڕ دادەنێین، هەروەها داخباری و نیگەرانی خۆمان دەردەبڕین و سەرەخۆشی لەبنەماڵەی قوربانیەکان دەکەین، لە هەمان کاتدا بەرپرسانی وڵات و دەسەڵاتی حکومەت بە هۆکاری ئەو کۆچە دەزانین .
هەر لەم پێوەندەدا داوا لە خەڵکی کوردستان دەکەین کە ڕیزەکانی خۆیان پتەو بکەن و بەرەی ناڕازی و ئۆپۆزیسیۆن پێکبھێنن، چونکە تەنیا بە دەستاودەستکردنی دەستەڵات، ماف و داخوازییە ڕەواکان دابین دەبن، بژێوی خەڵک باش دەبێ و کەشتی نیشتمان لە لێواری بێوەییدا ئارام دەگرێ و دەگیرسێتەوە.
ڕاستییەکی حاشا هەڵنەگرە کە گەنج و لاوانی کوردستان لە خۆڕاوە سەرەڕۆیی ناکەن و یاری بە چارەنووسی خۆیان ناکەن و بەرەو نادیاری سەر هەڵناگرن، بەڵکو لە ئازاری ژان و برینەکانی خۆیانەوە وەزاڵە هاتوون، بۆیە ئەرکی دەستەڵاتدارانی هەرێمی کوردستانە کە واز لە لاملی و کەللەڕەقی بهێنن و داخوازیە ڕەواکانی جەماوەر جێبەجێ بکەن.
وتەبێژی بەرەی گەل
٢٥-١١-٢٠٢١