مەسرور خۆی گێلە یان خەلک بە گێل دەزانێ؟

:شنیار ئەنوەر
مەسرور بارزانی لە مەشهەدێکی صەدام ئاسا لە هەولێر لەگەڵ کۆمەڵێ لایەنگری حزبەکەی دانیشتووە و بێ شەرمانە تۆمەت بە خوێندکارانی راپەریو هەڵدەبەستێت، هێندە بێ ئاگایە روداوی ئاڵا کە کۆنە و هی ساڵێک لەمەوپێشە کردۆتە دەسپێکی قسەکانی.
جارێ خۆپیشاندان لە سلێمانی رویداوە، ئەگەر کەمێک ئازایەتیت هەبوایە دەهاتی لە ناو جەرگەی سلێمانی لەگەڵ ئەو خوێندکارانە دادەنیشتی کە ئێستا لە زیندانەکانی قوباد و بافڵ ی هاوپەیمانتن، برۆ بۆ بەشی ناوخۆی قلیاسان و کانێسکان بزانە چ موعاناتێکیان هەیە، برۆ بزانە چۆن زانکۆی سلێمانی بەدەست شاناز و قوبادە وە وەک زانکۆی دهۆک و هەولێر بە دەست خۆتەوە بۆتە سیخورخانە و شوێنێک بۆخەساندنی عەقڵ.
تۆ لەو بەرنامەیا جگە لە کۆمەڵێ درۆ و چەواشەکاری بەناوی ئەوروپا و ئەمریکاوە، بێ منەتانە تورەیی خوێندکاران بەدەستی دەرەکی ئەژمار دەکەیت، تۆ خۆت هێندە فاشیل بویت کە ملیۆنان دۆلار لە بەرنامەیەکی فێلۆشیپ بەناوی باپیرتەوە لە زانکۆی ئەمریکی واشنتۆن سەرفدەکەیت تا وەرتبگرن، براکەت سەدان هەزار دۆلاری لە زانکۆی جۆرج تاون سەرفکرد تا بە واستە و خەڵک بەحسەکەی بۆنوسی هێشتا هەر دوو جار دەرکرا لە زانکۆ، تۆ کورەکەت کردوە بە خاوەنی باشترین زانکۆ، بە بەرچاوی کوری هەژارەوە لەو پەری رەفاهیەتا ئەژین و لۆمەی خوێندکاری راپەریو و خێر لە خۆنەدیو ئەکەیت؟
تۆ بەم رەفتارە سەدامی و نەفرەتیانەت هیچ ناچنیتەوە، ئەوەتا میدیای جیهانی فەزاحەتەکانتانیان کەشفکردووە و باڵۆنە درۆینەکەی «خۆشگوزەرانی» فشبویەوە و ئێستا پرسیاری جدی لەسەر سیستمی حوکمڕانیتان دروستبووە.
لەبری کۆنفرانسی بەتاڵ و دیبەیتی ساختە، بە ئاگاوەرەوە پێش ئەوەی ناچاربیت بەرەو مانشنەکەت لە مەکلین لە ڤێرجینیا هەڵبێیت.



