بنەماڵەی کلیپتۆکراتیکی بارزانیی: تاڵان و دزینیی سامانی مەملەکەت!

کرمانج گوندیی:
بنەماڵەی بارزانیی لە نیوەی ساڵانی ١٩٦٠ کانی سەدەی ڕابردوو کە توانیان بە سەر باڵی بیرۆی ڕاویاریی زاڵ بن، ئیدی لەوێ پێوە، ئەوانە ئارمانجەکانی پیرۆزی نەتەوە و نیشتیمانیان بۆ پاراستنی بەرژەوەندیی و دەسەڵاتی بنەماڵەیی خۆیان بەکار هێناوە. هەمیشە بە سوود وەرگرتن لە پێگەی دەسەڵاتی خۆیان کە لەسەرووی ڕێبەرایەتیی شۆڕش و پدك بوو، توانیویانە لەژێر ناوی شۆڕش نەیارانی خۆیان لە مەیدان نەهێڵن. لەسەر ئاستی ئیقلیمیش، بە ئارەزووی خۆیان بڕیاریان لەبارەی سەرنوێشتی شۆڕشی نیشتیمانیی داوە ــــ وەك ئەوەی کە لە ساڵی ١٩٧٥، بە بڕیارێکی شای ئێرانێ شۆڕشی ئەیلوولێیان هەرەس پێهێنا. ئێستاش دەبینن کە چلۆن بوونەتە کەوێ سۆری پێش لەشکری تورکیای داگیرکەر.
ئەو بنەماڵە، لە ٣٠ ساڵی ڕابردیش، لەو بەشەی کوردستانی بندەستی ئێڕاقێ، ئەو ڕیکۆردە مێژووییەی کە درووستیان کردیە، تاڵان کردنی سامانی نیشتیمانیی، ڕەزیل و برسیی کردنی میللەت، سەرکووت کردنی دەنگی ئازادیی، زیندانیی کردن و کوشتنی چالاکان و ژوڕنالیستان، و دزینی میلیاردها دۆلاری خەلکی کوردستانێ کە خەرجی عــــەیـــــش و نـــــۆشــــی خۆیان کردیە.
دوا نموونەی ئەو عەیش و نۆشەش، ئاشکرا کردنی ئەو mansion هەژدە ملیۆن دۆلارەی مەسروور بارزانییە کە لە ویلایەتی فلۆریدای ئەمریکایێ بەو پارەی کە لە خەڵکی کوردستانێی دزیوە، کڕیتی.
پاش ئەوەی کە ئەو هەواڵە لە لایەن زاك کۆبڵن لە هەواڵنامەی The American Prospect، لە ٧ دیسێمبەری ٢٠٢١، بە کۆمەڵێك بەڵگەی حاشا هەڵنەگر بڵاو کراوە؛ مەسرووری مەسعوود بارزانیی بە زمانێکی شڕ و بێجڵەو کەوتە پاکانە کردن. هەڵبەت، پاکانە کردنەکەی مەسروور لە ئاستێکی زێدە ڕەوشتنزم بوو بەوەی کە نکۆڵیی لە هەقیقەتی کڕینی مانشنەکە کرد. مەسروور بە جۆرێکی بێڕەوشتانە، هۆکاری نووسینی ڕاپۆرتەکەی کردە خەتای خانم شنیار، خێزانی کاك سەرکەوت شەمسەدین، پارلەمانتاری پێشووی ئێڕاقێ بەوەی کە پێوەندێك لە نێوان زاك و شنیار هەبێ. هەڵبەت، زاك ڕاپۆرتەکەی خۆی بە بەڵگە نیشان داوە، لەبەرهەندێ ئەو زمانە پیسە کە مەسروور بەکاری هێناوە دوورە لە ڕەوشتی مرۆڤی باوەڕبەخۆ و فەرهەنگی مرۆڤایەتیی. لەوەش وێوەتر، سەرکەوت شەمسەدین لەلایەن گەلی کوردستانێ وەها نەناسراوە کە دژی بەرژوەندییەکانی میللەتی خۆی کاری کردبێ، بەڵکو دژی ستەم و دزیی و جەردەیی دەسەڵاتی کوردیی هەڵوێستی هەبوە.
ئەوەی ئەمنی وادار کرد کە لەو ڕەفتارە ئەخلاقنزمەی ئەو کابرایە وەدەنگ بێم تەنێ زمانە شرەکەی مەسروور و حاشا کردنی وی لەو هەقیەقەتە بەڵگەدارە نەبوو، بەڵکوو بە کارهێنانی زمانی بازاڕیی وی بوو لە بەرامبەر خانمێکی چاڵالی کوردستانێ کە خاوەن هەڵوێستێکی نیشتیمانییە و بۆ نیشان دانی دزیی و جەردەیی بنەماڵەی کلیپتۆکراتیکی بارزانیی چالاکانە کاری لەگەڵ بیرۆی FBI ئەمریکایێ کردوە.
بۆ من ئەو زمانە قەڵپ و سەقەتەی ئەو زاتە لە بەرامبەر ژنێکی کورد هەرگیز قابیلی قەبوول نیە. لەو فەرهەنگەی کە تێیدا کوردەوارییم ناسی هەرگیز پیاوی کوردم هێندە بێئەدەب و زمانشڕ نەدیت بە تایبەتیی کە سێك کە لە سەرووی دەسەڵات بێ.
بۆ کەسێك کە لە دەسەڵات بێ و هێندە زمان پیس بێ، دەکرێ بە ئاسانیی لە سایکۆلۆژیی نەخۆشیی ئەو کەسە تێبگەی و مەترسیی مەودای دەسەڵاتی تاریك و ترسناكی وی ببینی. وەلێ، لەوە دەچێ کە هەر کاتێ نیستیمانپەروەرانێك ڕەخنەیان لە هەڵوێستی نانیشتیمانپەرواەرانەی ئەو مەسروورە گرتبێ، ئەو زاتە، جڵەوشۆڕانە، ئەو کەسانەی بە خیانەت کردن و بێئخلاقیی کردن ناوزەد کردیە ــــ ئەمە لە کاتێك کە خۆی و داردەستەکەی لە خیانەتکردن لە نیشتیمان و بێئەخلاقیی نقووم بوونە.
لە کۆتایی دەمەوێ ئەو بڵێم کە شنیار ئێك کەس نیە و ئێك دەنگ نیە ـــ ملیۆنان هاوڵاتیی لە دەنگی شنیار نارەزایەتییەکانی خۆیان بەیان دەکەن. هیچ بێئەخلاقییەكیش بۆ پیاوێکی کورد لەوە قڕێژتر نیە کە لەبەرامبەر ڕەخنەیێك یان هەر جیاوازییەکی دیکە کە لەگەڵ کەسانێك هەیبێ، ئەو کەسە تۆمەتی بێئەخلاقیی بۆ ژنی کورد درووست بکا.



