لە داخی کورددا، نەوەکانی چێ گیڤارا ئەو شۆڕشگێرە دەکوژنەوە!
مەردان کوڵەجۆیی:
لەم ڕۆژانەدا، کورتە بابەتێکم لە سەر(چێ،) شۆڕشگێرە ناوبانگەکەی جیهان نوسیەوە. بۆ ئەوانەی کە ناوی تەواوی شۆڕشگێرە کۆمەنیستەکەی ئەمەریکای لاتین(ئەرجەنتینا) نازانن و زوو زوو باسی دەکەن، ناوی تەواوی(ئیرنێسێتۆ چێ گیڤارا) Ernesto Che Guevara یە.
گەر چی لە ئەمەریکا بە چێ ناسراوە، بەڵام لە وڵاتانی دیکە بە گیڤارا ناوبانگی دەرکردوە و(عەرەب پێی ئەڵێ جیفارە) لە بەر ئەوەی زمانەکەیان لە پیتی”گ و ڤ”بێبەشکراوە.
لێرەدا نامەوێ بچمە قوڵای باسی ژیان و شۆرشگێڕی چێ یەوە، وەلێ ئەوەی چەند ساڵێكە سەرجکێشی کردووم، بگرە ئازارشم دەدات، ئەوەیە کە هەندێک هەرزە و خۆشباوەڕی کورد بە (شاسوار عەبدالواحد) ئەڵێن “جیڤارە”!
وەک ئەوەی بڵێی ئەو کابرایە هێندە شۆڕشگێرێکی قارەمان و کەم وێنەیە، هیچ کام لە مامە ریشەکانی کوردستانی پێناگات، بۆیە پێویستە لە گەڵ چێ گیڤارادا بەراورد بکرێ!
پێم ناڵێن شاسوارێک نە رۆژێک خەبات و نە سیاسەتی کردوەو، نە هیچ لە یاسا و ڕێسای دەستڵاتداری و بەڕێوەبردنی گوندێکیش دەزانێ، بە چی پێوەرێک ئەگاتە ئاستی کەسێکی وەک چێ گیڤارا کە شۆڕشێکی بەرپاکرد لە پاش مردنشی، جیهان لە بەر دەلەرزێ؟!
ئەوەی ئەمرۆ لە کوردی دەیبینم، لوتکەی ڕەشبینی و نائومێد بوونە لە دەستڵاتی گەندەڵکاری، ئەگینا بەراوردکردنی کەسێکی وەک شاسوار بە گیڤارا، نەک تەنها ئەوپەڕی سوکایەتیکردنە بە شۆڕشگێرەکانی کورد، بەڵکو بە تێکڕای شۆڕشگێرانی جهیانش بەتایبەتی چێ، بۆیە ئەگەر نەوەکانی ئەم بەراوردە ببیستن، دورنیە لەداخی کورددا بەدەستی خۆیان گیڤارا نەکوژنەوە.