هەولێریش بوو بە شاری پێکەوەیانی ژیانی فرە نەتەوە!؟

پ

مەردان کوڵەجۆیی:

ئەو سەردەمەی سیاسی و مێژوناسەکانی کورد دەیانگوت سنوری باشوری وڵات لە “زنجیرە چیای حەمرینەوەیە تا دەگاتە مەندەلی، بەدرە، جەسان وعەلی غەربی” لە باکوری خۆرهەڵاتی عێراق، خاکی مێژویی کوردن، دانوستان لە سەر کوردستانی بوونی کەرکوک، بە خیانەتێکی مەزن هەژمار دەکرا.

سەرانی کۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان، شکستی گفتوگۆکانی ساڵانی 1970-74 ی نێوان ئەو سەردەمی پارتی و ڕژێمی بەعس دەخەنە ئەستۆی پێکنەهاتن لە سەر کەرکوک و سوربونی کورد لە سەر مێژوی دانیشتوانەکەی، کە زۆرینەی کوردە و، دانپێدانەنیان حزبی بەعس بەو ڕاستییەدا.

 یەکێتی نیشتیمانی کوردستانیش، لای خۆیەوە هۆکاری بەشێک لە سەرنەگرتنی دانوستانەکانی لە ساڵی1984، دەگێڕێتەوە بۆ ئەوەی کە حکومەتی عێراق نەیدەویست کەرکوک لە چوارچێوەی فەرمانرەوایی ئەتۆنۆنمی کورددا بێ.

گەرچی ڕزگارکردنی کەرکوک لە ڕاپەرینەکەی بەهاری ساڵی 1991، کوردستانی بوونی ئەو شارەی سەلماند، وەلێ دیسان لە گفتوگۆکردنی  بەرەی کوردستان لە گەڵ حکومەتی بەعسدا، هەرەسی نەگەیشتن بە ڕێکەوتن دەخرێتە پاڵ دارودەستەی سەدام چونکە ئەوان دانیانی بە کوردستانی بوونی کەرکوک دا نەنابوو.

 ئاشکرایە، لە پاش روخانی ڕژێمی بەعس، دووجار هەلی لە بار رەخسا بۆ گێڕانەوەی کەرکوک بۆ سەر بنچینەی ڕەسەنی خۆی(کوردستانی بوونی،) بەڵام بە هۆی میلملانێ ناپاکەکانی پارتی و یەکێتی وە لەو شارە، ئەنجامەکەی ئەوە بوو کە ئەمڕۆ دەیبینین!

لە ساییە سیاستە چەپەڵەکانی سەرانی پارتی و یەکێتی، ئەمرۆ کەرکوک لە “دڵ و قودسی کوردستانەوە،” کراوە بە شاری پێکەوە ژیانی کورد و عەرەب و تورکمان. هەڵبەتە پێکەوە ژیانی ئاشتیانە پێکهاتەکانی کوردستان لە سەر بنەمای واقع، دەبێتە هەنگاوێکی پۆزەتیڤ، بە مەرجێک ئەوان لە هەوڵی سڕینەوەی ناسنامەی کوردستانی بوونی دا نەبن، یان نکۆڵی نەکەن لە مێژوی کوردستانیەتی ئەو دەڤەرەی کە تێدا دەژین.

لە ڕاستیدا، ئەوەی ئەمڕۆ لە سەرتاسەری باشوری کوردستان دەگوزەرێ، مەترسییەکی فرەیە بۆ سەر ئاسایشی خاک و نەتەوەیی گەلی کورد. بواردانی نیشتەجێبوونی بەرفرەوان بە عەرەب و مۆڵەتدان بە کڕینی ماڵ و موڵک لە زۆربەی شاروشارۆچەکەکانی باشوری وڵات، دەبێتە هۆی دروست بوون مەترسییەکی مەزنی ئەوتۆ، ئەگەر رووبەرووی ئەم نەوەی ئەمڕۆش نەبێتەوە، ئەوا  بەدڵنیایەوە نەوەکانی داهاتو توشی گرفتگەلێک دەکات، ڕەنگە بە ڕێگایەکی ئاشتیانە بۆیان چارەسەر نەکرێ.

 ئەڵێن لە کۆی 12قوربانی لافاوەکەی ئەم هەفتەیەی هەولێر، 4یان عەرەب بوون، ئەگەر ئەمە وابێ، ئەوا ئەمانە تەنها بەشێکن لەوانە کە لە گەڕەکە کەمدەرامەتەکانی هەولێر ژیاون، جگە لەو عەرەب سەرمایەدارانەی کە لە باڵاخانە و ڤیلاکانی وەکو گەڕەکی زەیتون دەژین! ئایا  ئەمە ئەو ڕاستییەمان پێدەڵی کە  ئێستا لە 100٪30 دانیشتوانی هەولێر بووە بەعرەب؟!

دەکرێ بگوترێ، سیاسەتی  دوورلە بەرپرسیارێتیی پاراستنی ئاسایشی نەتەوەیی و نیشتیمانی لەلایەن  پارتە دەسەڵاتدارانی باشوری وڵاتەوە، کە دروشمی پێکەوە ژیانی پێکهاتەکانی لە خۆگرتوە، مەترسی سڕینەوەی ناسنامەی کوردستانی بوونی کەرکوکی گەیاندنوە بە لوتکە و پێش و،  پیلانکەش ڕێخۆشکەر بۆ بە عرەب بوونی هەولێر و ناوچەکانی دیکەش!