خەونی مەرجەع بوون لە سایەی عەمامەکەی (صەدر) ەوە

هۆشیار عەبدوڵا:
ئیتیفاقی نێوان صەدر و بارزانی کۆنە، دروست لە رۆژی ۲۳ی۳ی۲٠۲۱ ئەم تویتەم کردوە و ئاشکرام کردوە کە پارتی و صەدریەکان ئیتیفاقەکەیان چۆن چۆنیە؟! پاش نزیکەی ساڵێک دروست وەک خۆی ئەو زانیاریانەی باسم کردوون راست دەرچوون و هاتنە دی.
ئەمە دەقی تویتەکەیە:
وەفدی پارتی بە صەدریەکانیان گوتوە ئامادەین دو ئیشتان بۆ بکەین بە دو مەرج؛
۱. ئامادەین صەدر وەک تاکە مەرجەعی شیعە ببینین.
۲. هاوکارتان دەبین بۆ هەڵبژاردنی پێش وەختە بە حەلی پەرلەمانیشەوە.
بەم دو مەرجە؛
۱. بودجەمان بێ نەوت بۆ تێپەڕێنن.
۲. بۆ پرسی هەرێم تەنها گوێ لە بارزانی بگرن.
لە سەرەتای ساڵی ۲٠۲۱ ەوە بارزانی خۆی راستەوخۆ سەرپەرشتی ئەو ئیتیفاقەی دەکرد لەگەڵ صەدرییەکان، ئەو کاتە یەکێتی بەو هەمو دەزگا و کەناڵانەی هەیەتی ئاگاداری هیچ پرسێکی لەو جۆرە نەبوو، هیچ کەسیشیان بچوکترین کۆمێنت و قسەی لەو بارەیەوە نەبوو.
ئێستا هەمو هەوڵی بارزانی ئەوەیە وەک تاکە مەرجەعی کورد سەیری بکرێ و لەبەرامبەریشدا ئەو هەڵە مێژووییەی کرد کە صەدر وەک تاکە نوێنەری شیعە سەیر بکا لە هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی پەرلەماندا، کاتمان زۆر پێویست نیە تا لە ئایندەی نزیکدا بۆمان دەربکەوێ رەهەندەکانی ئەو هەڵەیە چییە کە بارزانی لە متمانەکردن بە صەدر کردویەتی، هەڵبەتە ئیعجابی بارزانی بە صەدر کۆنە، کاتی خۆشی مامجەلال رێگر نەبوایە بارزانی بە رەسمی چووبوە پاڵ هەوڵی خستنی حکومەتی دووەمی مالکی کە صەدر هەوڵی بۆ دەدا.
دونیایەکی سەیرە!
بارزانی کە بە حساب خەمی یەکڕیزی کوردیەتی و لە ریفراندۆمەکە دەیویست پەرژین و سەربەخۆیی دروست بکا، ئێستا دەیەوێ بە صەدر و حەلبوسی و مشعان جبورییەکان قۆڵی یەکێتی بۆ پۆستی سەرۆک کۆمار بابدا! و بڵێ جگە لە من نابێ کەس قسەی کۆتایی لە پۆستەکانی بەغدا بکا.
داکۆکی لە یەکێتی ناکەم و دەزانم پڕۆپارتیەکانی ناو ئەو حیزبە دواجار هەر دەڕۆنەوە ژێر سێبەر وسایەی بارزانی و مومکین نیە بگەنە ئاستێک لەم گرێی خۆ بەکەمزانییە لەبەرامبەر ئەوان دەربچن، بەڵام بیهێننە بەرچاوی خۆتان ئەگەر یەکێتی بە گروپێکی شیعە و سوننە هەرەشەی پۆستێکی لە پارتی بکردایە چیی ڕووی ئەدا؟! هەڵوێستی پارتی چیی دەبوو؟!
بارزانی خولی رابردوو دژی دەرچونی بەرهەم سالح بوون گوتیان بە دەنگی هەمو کورد دەرنەچوە و شیعە و سوننە یەکلایان کردۆتەوە، لە کاتێکدا خۆشی کاندیدی هەبوو، دەی باشە ئەمجارە بۆ جێگری دووەمی سەرۆکی پەرلەمانیش کە یەکێتی هەر لە ژورەوە نەبوو هەمان هاوکێشە نیە؟! بە دەنگی شیعە و سوننە بێ کوتلەیەکی گەورەی کوردی وەرنەگیراوە؟! یان بارزانی هەمو شتێک بۆ خۆی حەڵاڵ و بۆ خەڵک بە حەرام دەزانێ؟!
بەراستی ئافەرین!
بارزانی، لە بەڵێنی سەربەخۆیی بۆ کوردەوە هاتۆتە سەر ئەوەی دڵی زۆر بەوە خۆشە سەدر و حەلبوسی بە قسەی ئەو دەکەن لەوەی دەنگ بە کێ ئەدەن بۆ پۆستی سەرۆک کۆمار!



