شەڕ شەڕی گیرفانە، نەک بەرژەوەندی گەلی کورد

مەردان کوڵەجۆیی:
سەرۆک گیرفانی عێراق دیسان مافێکی دەستوری کوردی پێ لەقەکرد !سەرۆکی بە حورمەت، جارێکی دیکە بە دەست و پێی خۆی لە پێناو گیرفانی خۆیدا، مافێکی دەستوری کوردی پێشێلکرد!
لە دەستوری عێراقدا، زمانی کوردی و عەرەبی دوو زمانی فەرمی عێراقن و دەبێ سەرۆکی وڵات بە هەردوو زمانە فەرمیەکە بدوێیت.
پەیامەکەی بەرهەم ساڵح کە تەنها بە زمانی عەرەبی پێشکەشی ئەندامانی پەرلەمانەکانی عێراقی کرد، کە بەشێکی زۆریان کوردن وعەرەبی نازانن، ئەوەش خۆی لە خۆیدا پێشێلکاریەکی مافی دەستوری کورد بوو!
وێڕای پیلانەکەی جەمسەری تورکیا، کەنداوی عەرەب، سونە و پارتی کە سەدرشی لە خۆ گرتووە، هۆشیار زێباری ناکرێت و نابێت بە سەرۆک گیرفانی عێراقی عەرەب، چونکە ئێران لە هەموو ئەوانە باڵا دەسترە کە دەیانەوێ لە گۆڕەپانی گەمەکەدا ڕۆڵ ببینن!
لە ژێر فشاری ئێراندا نەبێ، بەرهەم ساڵح باشترین بژاردە نیە بۆ ئەو پۆستە کە جگە لە گیرفان پڕکردنی کۆمەڵێک خەڵک بە ناوی سەرۆککۆمار، ڕاوێژکار، پاسەوان و دارو دەستەکەی، هیچ سودێکی بۆ گەلی کورد نیە. دیارە ئەمجارەش بە هۆی لایەنگیری جەمسەری سەفەوییەوە، بەرهەم ساڵح بۆ چوار ساڵی دیکە دەبێ بە سەرۆک گیرفانی عێراق!
ئەگەر بۆ گیرفان پڕکردن نەبێ، خێرە ئەوانەی تا دوێنی دەیانووت عێراق دەبێ بە دەراوسێی کوردستان، کەچی ئەمڕۆ شەڕ لە سەر ئەو پۆستە دەکەن کە شەڕی زۆرترە بۆ کورد لە خێری؟!