نوێ بوونەوەی حزبی سۆسیالیست، یان بە بنەماڵەکردنی ئەو حزبە؟!
![](https://peshangpress.com/wp-content/uploads/2022/03/کاکە-حمە.jpg)
مەردان کوڵەجۆیی:
وێرای پێرۆزبایی لە بەستنی کۆنگرەی ئەوحزبەی کە چەند ساڵێک کارم تێداکرد، کۆمەڵەێک رەخنەشم هەیە! ئاشکراشە، ئامانجی بەستینی کۆنگرەی هەرحزبێک، مەبەست لە گۆرانکاری وخۆنوێکردنەوەیە.
بێگومان، ئەوەی کە لەم کۆنگرەیەدا بەدی دەکرێ چەند خاڵێکە، وەلێ نوێ بوونەوەی حزب وگۆرانکاری بنەرەتی تەنها لە گۆرینی ناوی حزبی سۆسیالیست بو پارتی سۆسیالیست وگۆرینی ناوی سکرتێر بۆ سەرۆک، بایەخی ئەم بابەتە نیە، لێ نیزیک بوونەوە، یان لاسایکردنەوەی حزبە بنەماڵییەکان، جێی سەرنجە!
دیاری کردنی کاک محمەدی حاجی مەحمود وەکو سەرۆک، یان سکرتێری ئەو حزبە، شتێکی تازە نیە، چونکە لەم دۆخەدا هەر دەبێ ئەو بێ، لەبەر ئەوەی لەم قۆناغە سەختە ئابوری و سیاسیەی کوردستاندا، جگە لە ئەو کەسی دیکە دەرچەیەک نادۆزێتەوە تا ببێ بە فریاد رەسی حزبەکە.
چەند بارە هەڵبژاردنەوەی کاکە حمە بۆ پۆستی بەرپرسیارێتی یەکەمی ئەو حزبە، لە بەر ئەوە نیە سۆسیالیست کەسی شیاوی سیاسی تری تێدا نەبێ، بەڵکو لە رووی کەسایەتی و تاکە سەرچاوەی ئابورییەوە، جگە لە کاکە حمە، کەسێکی دیکەی بەرچاو لەو حزبەدا نیە.
ئەوەندەی من لە دوورو نیزیکەوە ئاشناییم لە گەڵ سۆسیالیست دا هەبێ، دەمێکە دیاری کردنی کاکە حمە وەکو سکرتێری و سەرۆکی ئێستاش، تەنها رووکەشیە و خەڵکانی دیکە گشت دەسەڵاتەکانیان قۆرخکردوە.
لە کۆنگرەی حەوتەمی حزبی سۆشیالیستی کوردستاندا، گۆڕینی ناوی (حزب بۆ پارت و سکرتێر بۆ سەرۆک) نەک هەر نوێ بوونەوە نەبوو، یان چەند بارە دەستنیشان کردنەوەی کاکە حمە بۆ بەرپرسیارێتی یەکەمی ئەو حزبە، هیچی هەنگاوێکی نوێ نەبوو، بەڵکو دیاری کردنی عبداللە حاجی مەحمود وەکو جێگری سەرۆکی ئەو حزبە، ئەوەی ئاشکراکرد کە ئەو حزبەش بوو بە حزبێکی بنەماڵەیی؟!