دەبێ سنوورێک بۆ ئەو گاڵتە جارییە دابنرێت کەئێستا بەناوی کۆنگرەی حزبەوە شاباش دەکرێ

پ

وەلید محەمەد:

حزب یان لایەنی سیاسی ڕێکخراوێکی سیاسی بەرنامەدارە، بەو هۆیەوە کۆمەڵێک مرۆڤ بۆ گەیشتن بە ئامانجێکی تایبەت و بەرژەوەندیێکی هاوبەش لە دەورەی ئەو بەرنامەیەدا کۆدەبنەوەو بەپێی ئەو بەرنامەیە کاردەکەن.

واتە ڕێکخراوی سیاسی ڕامان و بیر و بۆچوونێکی تایبەت بەخۆی، لە بواری سیاسی، ئابووری و کۆمەڵایەتیدا دەبێ و مەبەستییەتی لە چوارچێوەی یاساکانی وڵات و لە ڕێی هەڵبژاردنەوە، پاڵێوراوەکانی خۆی ڕەوانەی پەرلەمان بکات و بە لووتکەی دەسەڵات بگات و بەرنامەکانی خۆی جێبەجێ بکات.

بێگومان هەر حزبێکی سیاسی ئەگەر کارنامە و پەیڕەوی خۆی پێشێل کرد، ناسنامەی ڕێکخراوی سیاسی لە دەست دەداو پێی ناڵێن ڕێکخراوی سیاسی، لە کۆمپانیای بازرگانی و باندی مافیایی نزیک دەبێتەوە، چونکە ڕێکخراوی سیاسی بە ڕێکخراوەیی بوون و شێوازی سیاسەتەکانی خۆی کاریگەری لەسەر کۆمەڵگە دروست دەکات.

ئەو شێوازە حزبایەتییەی کە ئێستا بەڕێوەدەچێ، نەک هەر کۆڵەگەی حزبایەتی دەبڕێتەوە، بەڵکو بنەماکەی هەڵدەتەکێنێ و بە تەواوی لە کاری ڕێکخراوەیی دووری دەکەوێتەوە. چۆن دەکرێ کەسێک لە کۆنگرەدا خۆی نەپاڵێوێ و دواتر بە سەرۆکی حزب هەڵبژێردرێ؟ چۆن دەبێ دەسەڵاتی حزب لە دەستی برا، کوڕ، کچ، زاوادا چڕ بکرێتەوە؟ چۆن دەبێ سێ کەس بۆ چەندین ساڵ لە لوتکەی دەسەڵاتی حزبدا بمێننەوە؟!!!

ڕێکخراوێک پێناسەی سیاسی نامێنێ کە دژ بە بڕیار و پەیڕەوی خۆی ڕێ بگرێ. ژیانی حزبایەتی نەک هەر لە بنبەستێکدا قەتیس و گۆشەگیرکراوە، بەڵکو بە ئامانجی کوشتنی گیانی ڕێکخراوەیی تاو دەدرێ و پێداگری لەسەر دەکرێ، ئیدی هەرکاتێک گیانی ڕێخکراوەیی نەمێنێ، ڕاستەوخۆ هەستی نیشتمانپەروەری و نەتەوەیی دەپوکێتەوە، ئەگەر هەستی نیشتمانپەروەری و نەتەوەیی و پوکایەوە، ئیدی مرۆڤەکان بە تەنیا بیر لە بەرژەوەندی خۆیان و خێزانەکانیان دەکەنەوە و هەموو پیرۆزییەکان لەژێر پێ دەنێن.