هێزی بەناو ئۆپۆزیسیۆن گۆڕ بۆ خۆی هەڵدەکەنێ

پ

کاوە عەلی سەدیق:

هێزی ئۆپۆزیسیۆن لە هەر وڵاتێکدا کە کێبەرکێ و ململانێ لەگەڵ دەستەڵات دەکات و ڕێبەرایەتی خواستەکانی خەڵکی ناڕازی دەکات، دەبێ ئامانج و ڕامانی تایبەت و جیاوازی هەبێ، زۆر گرنگە ئەو هێزە ئۆپۆزیسیۆنە لەگەڵ دروشم و ڕامانەکانی خۆیدا ڕاستگۆ بێ و فێڵ لە جەماوەر نەکات، واتە دەبێ پەرێزی پاک بێ و  خۆیشی لەگەڵ دەستەڵات یەکلایی کردبێتەوە. مخابن هەندێک لەو هێزانەی باشووری کوردستان کە لە ماوەی ڕابردوودا بانگەشەی ئۆپۆزیسیۆنیان کرد و سواری شەپۆلی ناڕازییان بوون و بەو هۆیەشەوە کورسییان مسۆگەر کرد و گەیشتنە پەرلەمان، دواتر ڕووی ڕاستەقینەی خۆیان پێشاندا و نەیانتوانی ڕێبەرایەتی خواستەکانی جەماوەری ناڕازی بکەن، بەڵکو بە پۆست و پارە دەستەمۆکران، سەد و هەشتا پلە نایاندایەوە و پشتیان لە جەماوەری ناڕازی کرد، تەنانەت هەندێکیان سەنگەریان بۆ ناو حزبی دەستەڵاتدار گواستەوە و ئەرکی وتەبێژ و دەمڕاستیشیان پێ سپێردرا.

دوای ئەوەی کە بزووتنەوەی گۆڕان بەهۆی بەشداریکردنیان لە پێکهێنانی حکومەت، بەرەو پوکانەوە ڕۆیشت، خەڵکێکی زۆری ناڕازی لە سیاسەتی حزبی دەستەڵاتدار، هیوا و ئاواتەکانیان لەسەر نەوەی نوێ و خودی شاسوار عەبدولواحید هەڵچنی بوو، ئەویش بە دەنگی بەرز ڕەخنەی دەگرت و بەڵێنی بە سزاگەیاندنی گەندەڵکار و ستەمکارانی دەدا، مخابن ئەویش نەیتوانی لەوە زیاتر بڕ بکات و یەکسەر خۆی ئاشکرا کرد و بەلای پارتی دیموکراتی کوردستان بایدایەوە و ڕایگەیاند کە نوێنەرانی نەوەی نوێ بەشداری لە دانیشتنی پەرلەمانی عێراق بۆ هەڵبژاردنی سەرکۆمار دەکەن و دەنگ بە پاڵێوراوی پارتی دیموکراتی کوردستان دەدەن. هیچ گومانی تێدانییە کە ئەو بادانەوەیە سەرچاوەی لە تامیکردن و دەستەمۆکردنەوە گرتووە، یان ئەوەتا هەر لەسەرەتاوە بۆ ئەو ئەرکە ڕاسپێردراوە. واتە لە دوا وێستگەدا دەبوایە ئەو کارە ئەنجام بدات کە پێی سپێردرابوو. بەو هۆیەشەوە هەم چاڵی بۆ خۆی و نەوەی نوێ هەڵکەند، هەمیش خەڵکی ناڕازی نائومێد کرد و ناچاری کردن کە بیر لە جێگرەوەیەکی دیکە بکەنەوە.

لەلایەکی دیکەوە بەڕێزان محەمەدی حاجی مەحمود و عەلی باپیر کە وەک دوو کەسایەتی ناسراوی باشووری کوردستان بەوە ناسراون لە نێو جۆگەکەدا لەمبەر بۆ ئەوبەر دێن و دەچن، ئێستا کەوتوونەتە هەڵدانەوەی لاپەڕە ڕەشەکانی مێژووی یەکدی. بێگومان هەردووکیان لە هەڵدانەوەی مێژووی بەرانبەرەکەیان ڕاست دەکەن، بەڵام لە ستایش و پێ هەڵگوتنی خۆیاندا سەرچیغ دەڕۆن. ئیدی ئەو دوو کەسایەتیەش زیانێکی گەورەیان بە حزبەکانی خۆیان گەیاند، واتە ئەو دوو کەسایەتییە وێڕای ئەوەی کە بەهۆی سیاسەتکردنەوە خۆیان دەوڵەمەند کردووە و سەرمایەیەکی زۆریان کۆکردۆتەوە، مێژووییەکی ڕەشیشیان لە پەیوەندی و هاوکاری لەگەڵ ڕژێمی بەعس و وڵاتانی دیکەدا هەیە. ئێستا کە هەردوو کەسەکە دەستیان بە هەڵدانەوەی مێژووی یەکتر کردووە، ئەو چیڕۆکە کوردیەمان بەبیر دێنێتەوە کە یەکێک بە بەرانبەرەکەی گوتبوو: (دایکت کاری لەشفرۆشی دەکات و دایکم لە تیاترۆخانەدا دایکتی بینی بوو). ئەویش گوتبووی: (ئەگەر دایکیشت لەشفرۆش نەبێ، لەو شوێنە چی دەکرد؟)

ئێستا جەماوەری ناڕازی و ستەملێکراوی باشووری کوردستان لە دوو ڕیانێکدا ڕاوەستاون، یان دەبێ ئەو پەندە کوردیە جێبەجێ بکەن کە دەڵێ: (دەستێک کە نەتوانم، بیبڕم، ماچی دەکەم)، واتە ملکەچی دیفاکتۆی ڕەشەکە بن، یان دەبێ لە دەورەی هێزێکی دیکەی ئۆپۆزیسیۆندا کۆ ببنەوە کە ڕێبەرەکانیان مێژووی ڕەشیان نەبێ و لە ڕابردووشدا تامی نەکرابن و بیریان لە کۆکردنەوەی سامان و پاراستنی بەرژەوەندی کەسێتی خۆیان و بنەماڵەکانیان نەکردبێتەوە.