دیدی جیاواز بۆ ساڵیادی تاوانی ئەنفال

پ

مەردان کوڵەجۆیی:

پێش ئەوەی بڕۆمە باسێکی  قوڵی دیکەی  تاوانی ئەنفالەوە و، کێن ئەوانەی کە لە بارەی ئەم تراجیدیە نەتەوەییەوە دابەشبوون بە سەر سێ گروپدا، لێرەوە پێشنیاردەکەم کە نەوەکانی ئەنفالکروان فشاربکەن بۆ هەڵوەشاندنەوەی  ئەو وەزارەتە بودەڵ و گەندەڵ وهیچ لە بارەنەبووەی کە بە ناوی وەزارەتی “ئەنفال و شەهیدان”ە وە بووە بە بارگرانی بە سەر خێزانی ئەنفالکراوانەوە.

ئەم بەناو وەزارەتە نەک هەر هیچ هەنگاوێکی ئەوتۆ نەنیاوە کە سادەترین مافی و گوزەرانی کەسوکاری ئەنفالکراوان دابین بکا، بەڵکو هیچ هەوڵێکی بۆ گێڕانەوەی روفاتی شەهیدانی ئەنفال نەداوە کە بیانگەیەندنەوە زێدی باب وباپیرانی خۆیان.

 بەپێچەوانەوە، لە سەرەتای دورست بوونیەوە، وەزارەتی شەهیدان و ئەنفالکراوان ناوێکی زل و ناوەرۆکێکی پوچەو بووە بە بارگرانی بەسەر بنەماڵە ونەوەکانی ئەنفالەوە ولە سەر قوتی قوربانیانی گەورەترین زیان لێکەوتوانی گەلی کورد، مشەخۆرانی ئەم وەزارەتە خۆیان دەوڵەمەند کردوە، بۆیە دەبێ ئەم بەناو وەزارەتە هەڵبوەشێتەوە.

کێن ئەوانەی لە کاتی یادی ئەنفالدا لێدوان دەکەن؟

لێدوانە جودا جوداکانی نێوکۆمەڵگە لە باشوری کوردستان ولە دەرەوەیش لە بارەی ئەنفالەوە، فشاری بۆ هێنام کە ئەوانەی تێڕوانینی لە یەك جودایان بۆ جێنۆسایدی ئەنفال هەیە، بە ٣ کۆمەڵ دەست نیشان بکەم.

کۆمەڵی یەکەم: پێکهاتووە لە سەدان مەلا و کەسانی بە ناو ئاینیی کە سەرجەمیان سیخۆر و کرێگردەی ئەو وڵاتە عەرەبی و ڕێکخراوە ئیسلامەیانەن کە لە کاتی جێ بە جێ کردنی تاوانی ئەنفالدا لە لایەن رژێمی بەعس وە، ئەوان ڕاستەوخۆ پاڵپشتی سەدام بوون، یان لە ئاستی ئەو کۆمەڵ کوژییەدا بێدەنگیان هەڵبژارد، بۆیە ئێستا دەیانەوێ لە کورد وا ڕابگەیەنن کە ئیسلام و عەرەب لە تاوانی ئەنفال بەرین!

نەگبەتی کورد لەوەدایە، بەشێکی زۆری هاووڵاتی کورد، کە زۆرینەیان کەسانی خوداپەروەو سادەو ساکارن، بۆیە دەنگی خۆیان دەخەنە پاڵ پاساوی ئەو کۆمەڵە بەرژەوەندی پەرستانەوە لە بێگوناهکردنی عەرەب و فتوا ئیسلامیەکەی بە ناو ئەنفالەوە، کە بە دڕندەترنی تاوان لە مێژووی مرۆڤایەتی دا هەژماری دەکرێ!

کۆمەڵی دووەم: ئەو کوردانە لە خۆدەگرێ کە ڕاستەوخۆ، چی وەك جاش و نۆکەری بەعس و عەرەب لە جێبەجێکردنی پرۆسەی ئەنفال دا ڕۆڵیان هەبوو، یان نوێنەری ئەو لایەنە سیاسی و سەرکردانەی کورد کە بۆ ماوەی ٣٤ ساڵە ئەنفالچیەکانیان پاراستووە! ئەمانە بە کۆمەڵگە و کەسو کاری قوربانیانی ئەنفال وا ڕادەگەیەنن کە تەنها رژێمی بەعس لەو جێنۆسایدە بەرپرسیار بوو نەک ئەو کوردە خۆفرۆشانەی کە ٣٤ ساڵە لە هەولێر و سلێمانی حەشاردراوون و دەستکەوت و دەسەڵاتی باڵایشیان پێدراوە.

کۆمەڵی سێهەمیش: لە ئەو مرۆڤ و کەسانە پێکهاتووە کە ڕاستەوخۆ ئەنفال برینێکی هێندە قولی لە دڵ و دەرونیاندا خولقاندوە، بە پاساو هێنانەوە بۆ بەپاک دەرخستنی کۆمەڵێک دڕندە لە لایەن چەند مشەخۆرونۆکەرێکی وڵاتانی عەرەبی و ئیسلامیەوە، ئەو زامە  سۆ ناگرێ!