داگیرکاری تورکەکان لە سوڵتان سەلیمەوە بۆ ئەردۆغان
کاتێک سوڵتان سەلیمی یەکەم لە ساڵەکانی نێوان ١٥١٢ز بۆ ١٥٢٠ز ئاڕاستەی داگیرکاری و تاڵانکاریەکانی عوسمانییەکان لە ئەوروپاوە بەرەو کوردستان وەردەگێڕێت ئیدی لەو سەردەمەوە تائێستا ململانێ و ماڵوێرانییەکانی عوسمانیەکان لەسەرخاکی کوردستان درێژەی هەیە.
کەواتە بەتێڕوانین و وردبونەوە لەو مێژووە دورو درێژەی داگیرکاریەکانی تورک لەم سەرزەمینەدا بۆمان ڕوندەبێتەوە کە ئەم هێزەداگیرکەرە لە هەموو قۆناغ و سەردەمێکدا بۆ ڕەوایەتیدان بەداگیرکاریەکانی بیانوییەکی هێناوەتەوە، ئەگەر سەرەتایی داگیراریەکانیان لەم ناوچەدا بەبیانوی هەبونی سەفەویەکانەوە بوبێت و ئەمە پاڵنەرێک بێت بۆئەوەی کوردەکان و خاکەکەیان لەبەرژەوەندی خۆیاندا بەکاربهێنێت.
ئەوائێستا و دوای تێپەڕینی زیاتر لە پێنج سەدە ئیدی تورکەکان بەئاشکرا و بەبێ هیچ ترسێک پەردە لەسەر نێت و مەرامی داگیرکاری خۆیان هەڵدەدەنەوە بەئاشکرا دان بەوەدادەنێن کە ئەوان تەنها دوژمنیان لەم ناوچەدا هەرکوردەکانە بۆیە “خلوسی ئاکار” وەزیری بەرگری تورکیا بێ هێچ سڵەمینەوەیەک و بە بەرچاوی دونیاوە هێزەکانی پارتی کرێکارانی کوردستان بە تیرۆرست ناودەبات.
ئەمە لەکاتێکدا ئەوەی سەرقاڵی تیرۆرکردن و داگیرکاری و خوێن ڕشتنە خودی تورکەکانە نەک ئەوهێزە کوردییەی کە لەناوخاکی خۆیدایەو جگە لەداکۆکیکردن لەمافی ڕەوای خۆی و میللەتەکەی تائێستا دەستدرێژی نەکردۆتە سەر خاک و ژیانی هیچ گەلێکی دیکە.
ئەوەی تیرۆرستە ئەو هێزە تورکە ڕەگەز پەرستەیە کە زیاتر لە ٢٠کم هاتۆتەناوخاکی هەرێمەوە و دەیان بنکەو بارەگای سەربازی لەناوچەکەدا دامەزراندوە و ڕۆژانە سەرقاڵی بۆردومان کردن و ڕاوەدونان و شەهیدکردنی دانیشتوانی گوندەکانی کوردستانە.
داگیرکاری و ڕقوقینی تورکەکان بەرامبەر بەنەتەوەیەکی وەک کورد بەجۆرێکە ئەگەربێت و هێزێکی وەک پەکەکەش لە هاوکێشەی سیاسی سەرئەم زەمینەدا بسڕینەوە و شتێک نەمێنێت بەناوی پەکەکەوە، ئەوا تورک هەردەستبەرداری داگیرکەریەکانی نابێت و بەدوایی بیانویەکی دیکەدادەگەڕێت تا لەڕێگەیەوە درێژە بەسیاسەتی ڕەگەزپەرستانەوە و نامرۆڤانەی خۆی بدات.
بەداخەوە ئەوەی جێگایی نیگەرانییە ئەوەیە لەبەرامبەر ئەم سیاسەتە کاولکاری و دڕندانەی تورکدا نەک هەر بەرپەرچدانەوەیەک لەلایەن هێزە کوردیەکان و سەرکردایەتی سیاسی کورد لەباشوری کوردستان بەدیناکەین،بەڵکو بەدرێژایی مێژوو هەمیشە لەناوخۆدا هێزێک هاوکار ویارمەتی دەر و ڕێگە خۆشکەربووە بۆ هێنانی هێزی تورک بۆسەر خاک و ئاوی کردستان.
لەئێستادا ئەوەی جێگایی مەترسییە ئەوەیە کە سیاسەتی داگیرکاری تورک جودایە لە سیاسەتی هەرهێزیکی دیکەی داگیرکەر لە دونیادا، سیاسەتی تورکەکان بەجۆرێکە کە دەستیان بەهەرشوێنێک بگات ئەستەمە پاشەکشێی تێدابکەن و بەدرێژایی مانەوەشیان لەو شوێنەی کەداگیری دەکەن جگە لە تاڵانکردن و ماڵوێرانی هیچ شتێکی دیکە لەدوایی خۆیان بەجێ ناهێڵن.
ئەوەی وایکردووە مەترسی داگیرکاریەکانی تورکەکان لە سەردەمی ئەردۆغاندا زۆر جیاواز و هەستیارتربێت لەداگیرکاری و پەلامارەکانی سوڵتان سەلیمی یەکەم ئەوەیە کە سەردەمەکە گۆڕانکاری گەورە تیایدا ڕوویداوە.
ئێستا لەپاڵ داگیرکردنی خاکدا پرسی نەوت و گاز و سەرچاوەکانی دیکەی ووزە زیادیان کردووە و وایکردووە هەڵپەکردن بۆ داڕشتنەوەی سیاسەتی دورمەودای عوسمانییەکان و مانەوەیان لەناوچەکەدا بەجۆرێک درێژە بکێشێت کە لەخەیاڵی کەسدانەبێت کە ڕۆژێک دێت گۆڕانکارییەکی گەورە ڕوودەدات و تورکەکان ناچار بەکشانەوە بکات،ئەمە پێچەوانەی سەردەمی داگیرکاری ئیمپراتۆرێتی عوسمانیەکان کەهەڵگیرساندنی جەنگی جیهانی و تێکشکاندنی سەردەمی ئیمپراتۆرێتی عوسمانی تاڕادەیەک تورکەکانی ناچار بەکشانەوە کرد هەرچەندە تائێستاش لە ئەدەبیاتی سیاسی تورکیادا ئەم ناوچانە هەربەشێکن لە خاکی تورکیا و تائێستاش بەبەشێکی دابڕاو لەخۆیانی دەزانن.