یەکێتی تەنها لە کاتی شەڕودەنگداندا پەنا بۆ پێشمەرگە دێرینەکان دەبا!
مەردان کوڵەجۆیی:
ئەوەی لەم ڕۆژانەدا لە لایەن یەکێتی نیشتیمانی وە بەرامبەر بە یەکێک لە پێشمەرگە دێرینەکانی گەرمیان کرا، هەڵماڵینی پەردەیەکی دیکەی بێوەفایی ڕووی ئەوحزبە بوو!
ئەوەی لە دوورو نیزیکەوە (شێرزاد باوەنوریی) بناسێ، وەک سومبڵی شۆڕشگێری دەڤەری گەرمیان و پێشمەرگەیەکی ماندونەناسی یەکێتی، دەستنیشانی دەکا.
بەدوری نازانم ئەو رەفتارو کاردانەوەی کە بەرامبەر بەو پێشمەرگە دێرینە کراوە، سەرچاوەکەی نەگەڕێتەوە بۆ ئەو ململانێ و شەڕە دەنوکەی ناو یەکێتی کە لە سەرەتای دروستبوونی ئەم حزبەوە، لە سەرەوە شۆڕبووتە خوارەوە و بە بیانوی جودا جۆداو، بۆ مەبەستی تۆڵە کردنەوە لە “نەیار و هەڤاڵە”کانی خۆیان، هەندێک جارش پەنا دەبەن بۆ ئەو بەناو “یاسا”یەی کە ڕۆژ نیە خۆیان و دار و دەستەکانیان ئەتکی نەکەن!
لە سەرەتای ١٩٨٠کانی سەدەی ڕابردوەوە، ئاشنایمان لە گەڵ کاک (شێرزاد)دا هەیە و ماوەیەکیش هاوسەنگر بووین و لە سەردەمانێکشدا لە گەڵ بەشێک لە کارو کردارو تەنانەت فکرەی سیاسی ئەودا نەبووم، بەڵام هەمیشە بە پیاوێکی ماندووی ڕۆژە سەختەکانم ناسیوە.
لێرەڕا ناخوازم بچمە قوڵایی کێشە خێزانیی وڕووە یاسایەکەی ئەوگرفتەوە کە لەم ماوەیەدا (شێرزاد باوەنوریی) تووشی بووە، بەڵام بە هێزەوە چونە سەرماڵی پێشمەرگەیەکی دێرینی ماندوی ناسراوی گەرمیان و پەلاماردان و بیرندارکردنی، ئەوە دەگەینێ کە یەکێتی هیچ کات وەفای بەرامبەر بە خەڵکە ماندو و دڵسۆزەکەی خۆی نیە و، تەنها لە کاتی تێوەگلانی لە شەڕدا، یاخود لە کاتی هەڵبژاردن دا بۆ کۆکردنەوەی دەنگ، پەنا بۆ پێشمەرگەی دێرین دەبا!
تێبینی: ئەو وێنەیە لە بەهاری ١٩٩٢ لە کەلار گیراوە، شێرازد باوەنوریی لە نێوان بەندە و هەڤاڵی نەمر،عەلی ئەکبەر، دنیشتووە