نابێ ئەو نانە بخۆن، هەی حەرام زادانە!

پ

مەردان کوڵەجۆیی:

لە ناوەڕاستی ساڵانی ١٩٨٠کان، ئەو سەردەمە کە جاشایەتی و چەک هەڵگرتن لە دژی شۆڕش وپێشمەرگە گەیشتبووە لوتکە، ڕۆژێک کۆمەڵێک چەکدار بۆ مەبەستی بۆسەدانیان و شەهیدکردن، یان ڕوونتر بیڵێین بۆ راوە پێشمەرگە، روودەکەن لە گوندی چاڵەسورک کە بەدووری ( ٥کم) دەکەوێتە خواروی ئاوایی دێبنەوەو، لای( ١٥کم) دوورە لە ڕۆژئاوای باشوری کەلارەوە.

(ح.س.)جاف کە دانیشتووی شارۆچەی باوەنوری دەڤەری گەرمیانە، لەو ساڵانەدا خۆی یەکێک بووە لەو چەکدارانەی سەربە حکومەتی بەعس، ئەو ڕۆژەش لە گەڵ ئەو جاشانەدا بووە کە بەدوای پێشمەرگەدا دەگەڕان، بەڵام وەکو ڕاستیەکی مێژووی دەیگێڕێتەوە کە دەستەیەک جاش،(بە جلوبەرگ و چەک وتاقمەکانیانەوە زۆرلە پێشمەرگە دەچوون،) دەڕژێنە ئاوایی چاڵەسورکەوەو پێشمەرگە ئاسا لە گوندکە دابەش دەبن بۆ ئەوەی پشویەک بدەن ولە لایەن ماڵەکانەوە خۆراکیان بۆ ئامادەبکرێ.

(ح. س.) ئەڵێ، ئافرەتێک دەست بەجێ دەستی کرد بە ئامادەکاری و نان وچێشێکی شایستەی لێنا، زۆرمان بەلاوە سەیربوو تانانەت کەڵەشێرشی سەربڕیبوو بۆ میوانەکان، بەڵام پێش ئەوەی سفرە ڕابخەن ونان دابنرێ، مێردمناڵێکی ماڵەکە بە ژنەکەی ووت”دایە ئەو برنج و گوشت وخوانەت بۆ کێ لێناوە؟” ژنەکەش لە وڵامدا ئێژێ ” ئەی کوڕم بۆ پێشمەرگەکان نەبێ ئیتر ئەو خواردنەم بۆ کێ ئامادەکردوە.”

 مێردمنداڵەکەش بەبێ شەرم و بە ڕاشکاوی بە دایکی ئەڵێ، “دایکە ئەمانە پێشمەرگە نین، ئەمانە جاشی حکومەتن.” بە بیستی ووشەی جاش، هەرلەوێڕا ژنەکە دێتە دەنگ و بەوپەڕی چاونەترسیەوە بە جاشەکان دەڵێ، “ئەو نانە بۆ ئێوە نیە و نابێ بیخۆن، هەی حەرام زادانە، وامزانی پێشمەرگەن.”

ح.س ئێژێ ئەو رۆژە ئافرەتەکە جاشەکانی بە بێ خواردن لە ماڵ دەرکرد وکۆمەڵێک قسەی نەشیاوشی پێ گووتن، منش لە لایەکەوە هەستم بە شارمەزاریەکی لە ڕادەبەرد کرد چونکە ئەوەم لائاشکراتربوو کە جاشایەتی و خیانەکردن لە گەلی خۆت چی ڕیسواییەکە، لە لایەکی دیکەشەوە زۆر سەرسام بووم بە بوێری و چاونەترسی ئەو ژنە کە ئەو کۆمەڵە چەکدارەی بە بێ نان لە ماڵ دەرکرد.

تێبینی: ئەم بابەتە لە بەشی دووەمی کتێبی یادەوەریەکانیم بە ناوی “ئەزموونی تەمەێک پڕ لە ململانێ” وەرگیراوە….