بەرەی گەلی هێڕش و پەلامارەکانی ئێران و تورکیا شەرمەزار دەکات

پ

بەرەی گەل کە پێکهاتوە لە چەند پارت و ڕێکخراوێکی سیاسی ئۆپۆزسوێنی باشوری کوردستان، بەئەرکی نەتەوایەتی و نیشتیمانی خۆی دەزانێ کە هەڵوێست دەرببڕێ لە بەرامبەر هەڕەشەی نەیاران و مەترسیەکانیان لە سەر گەلی کورد..

 دەقی ڕاگەیندراوەکەی بەرەی گەل:

هێرش و پەلاماری داگیرکاران بۆ سەر کوردستان ڕیسوا و شەرمەزار دەکەین

کوردستانیانی وڵاتپارێز!

دیسانەوە سوپای داگیرکەران وەک پیشەی هەمیشەیی خۆیان، هاوکات و هاودەست، بە بەر چاوی هەموو جیهانەوە، بە چەکی قورس، بە فڕندە و هاژەکی پێشکەوتوو، خەڵکی سڤیلی کوردستانیان بە ئامانج گرت، لە ئاکامی ئەو هێرشانەدا ژمارەیەک مرۆڤی لاشەڕ لە ڕۆژئاوا و باشووری کوردستان گیانیان لە دەستدا و خوێنیان تێکەڵی خاکی نیشتمان بوو.

 هیچ گومانی تێدانییە کە دەوڵەتی تورکیاو ئێران، بەو هێرش و پەلامارانەیان، دەیانەوێ گورز لە پێگەی کوردستانیان بوەشێنن و درێژە بە داگیرکاری و ستەمکاری بدەن.

ئێمە لە کاتێکدا زۆر بەتوندی ئەو هێرش و پەلامارانەی داگیرکاران ڕێسوا و شەرمەزار دەکەین، لە هەمان کاتدا داوا لە هەموو ڕێکخراو، حزب و لایەنە سیاسیەکانی کوردستان دەکەین کە هاوهەڵوێست و یەکدەنگ ئەو داگیرکارییە لە قاوبدەن و دژ بە فراوانخوازی داگیرکاران ڕابوەستن و سەنگەری بەرگری بەهێز و پتەو بکەن.

جەماوەری تێکۆشەری کوردستان!

لە کەس شاراوە نییە کە گەلی کوردستان بۆ بەدەستهێنانی مافە ڕەواکانی  خۆی و ڕزگاکردنی نیشتمانەکەی بە درێژایی سەد ساڵی ڕابردوو بێ پسانەوە تێکشاوە، لەو ڕێیەشدا هەرچەندە کە باجێکی زۆری داوە، بەڵام سەنگەری بۆ داگیرکاران چۆل نەکردووە، کەچی مخابن لەم سەردەمەشدا ڕژێمی ئێران و تورکیا هەموو یاسا و ڕێساکانی نێودەوڵەتی و بەهای مرۆڤایەتی لە ژێر پێ دەنێن و درێژە بە ستەم و زۆرداری دەدەن.

لەو پێوەندەدا ئەرکی مێژوویی، نەتەوەیی و نیشتمانیی هێزە تێکۆشەرەکانە کە دژ بە کەللەڕەقی داگیرکاران هەڵوێست وەربگرن و بە یەکبوونیان سنوورێک بۆ ملهوڕی دابنێن.

خەڵکی ئازادایخوازی کوردستان! ئێستا جەستەی نیشتمان خوێنی لێ دەچۆڕێتەوە، هەموومان داخبار و نیگەرانین، ئیدی کاتی ئەوە هاتووە کە بە کردەوە نێو ماڵی کوردەواری پتەو بکرێ، ڕەفتار و سەودای سیاسی لایەنەکان لەگەڵ داگیرکاران بە تاوانی گەورە بناسێنرێ و قەدەغەبکرێ.

خەباتی ڕەوای گەلانی زۆرلێکراو، سەردەکەوێ.

ستەمکار و داگیرکاران تەنیا نەفرەت و ڕێسواییان بۆ دەمێنێتەوە.

بەرەی گەل

٢١-١١-٢٠٢٢