بەرەی گەل کردارە تیرۆریستییەکەی پاریس شەرمەزاردەکات
بەرەی گەلی کە پێکهاتوە لە کۆمەڵێک پارت و لایەنی سیاسی ئۆپۆزسوێنی باشوری کوردستان، لە ڕاگەیاندراوێکدا هەڵوێستی خۆیان لە بارەی ئەو کردەوە تیرۆریستییەوە دەر بڕیوە کە لە دژی کۆمەڵەی کورد لە فەرەنسا ئەنجام درا.
دەقی ڕاگەیاندراوەکەی بەرەی گەل..
هێرشە تیرۆریستییەکەی پارسی دژ بە کوردان ڕیسوا و تاوانبار دەکەین
هاوڵاتیانی ئازادیخواززی کوردستان!
مخابن دیسانەوە لە پاریسی پێتەختی وڵاتی فەرەنسادا، لە کاتێکدا کە خەڵک خۆی بۆ پێشوازی یادی کریسمس و ساڵانی نوێی ٢٠٢٣ ئامادە دەکات، کەچی لە تاوانێکی تیرۆریستیدا سێ تێکۆشەری گەلی کوردستان لە ناوەندی هونەریی ئەحمەد کایا کرانە ئامانج و تیرۆرکران.
بەو بۆنە خەمناکەوە بەناوی بەرەی گەلەوە لە کاتێکدا زۆر بە تووندی ئەو تاوانە ڕیسوا و شەرمەزار دەکەین و نەفرەت لە تیرۆریست و تیرۆرپەروەران دەکەین، لە هەمان کاتدا لە حکومەتی فەرەنسا دەخوازین کە مۆڵگەی تیرۆریستانی تورکیا لە وڵاتەکەیدا بنبڕ بکات و هۆشداری بە سەرانی ڕژێمی ئەنقەرە بدات.
ئەمە لە کاتێکدایە کە سەرۆکی وڵات و گەلی فەرەنسا خۆیان بە دۆستی گەلی کوردستان دەناسێنن، کەچی باوەشی وڵاتی فەرەنسا بۆ تیرۆریستان ئاوەڵا بێ و بکرێ بە مۆڵگەی تیرۆریستان و ناوە ناوە پەلاماری کوردان بدرێ و تیرۆر بکرێن.
ئازادیخوازانی جیهان! وڵاتانی بڕیاربەدەستی جیهان!
ئەوەتا بە بەر چاوی هەمووتانەوە هونەرمەندانی کورد لە تاراوگە دەکرێنە ئامانج و تیرۆر دەکرێن، لە ناوخۆی تورکیاشدا شالاوی ڕەشبیری دژ بە ئازادیخوازانی کورد بەڕێوە دەچێ و ڕاپێچی زیندان دەکرێن، ئیدی کاتی ئەوە هاتووە کە چیتر چاو لە تاوان و ڕەفتاری ڕەگەزپەرستانەی وڵاتی تورکیا نەپۆشن، دەبێ وەک دەوڵەتێکی تیرۆرپەروەر بیناسێن و لە ناوەندە جیهانیەکاندا وەدەری بنێن.
گیانی تیرۆرکراون شاد بێ.
نەفرەت لە تیرۆریست و تیرۆرپەروەران.
بەرەی گەل-٢٤-١٢-٢٠٢٢