تایبەت بە سەرتاشینەكە( ١ )

پ
فەرهاد رەسوڵ:
ئەو ڕووداوانەی ئەو دواییەی لە شاری ھەولێر ڕوویاندا ، بەتایبەت ( سەرتاشین)ەكان ، دەنگۆی زۆریان بەدواداھات ، ھەر لە سۆشیال میدیاوە بگرە ھەتا دەگاتە ناو یەكەبەیەكەی تەواوی كۆمەڵگا و ھەر یەك بەپێی ئاست و حەز و ویست ، لێكدانەوەی بۆ دەكا و شەنوكەوی بۆ دەكا و تەنانەت خەریكە دەبێتە شتێكی شێوە ھەزەلیی لەلای تاك بە تاكی كۆمەڵگا و خەریكە ببێتە شتێكی ئاسایی و شێوە گاڵتە و گەپێك ، كە كارەكە چەند قێزەون دواكەوتوانەیە ، دەرھاوێشتەكەی قێزەونتر .
بەبڕوام بۆ تێگەیشتن و ڕێگری لە وھا كارێك سەرەتا پێویستە بچینە بنج و بناوانی فكری پشت ئەو كارە و ھۆكارەكەی دەستنیشان بكەین ، ئەوجا داوای سزادانی یاسایی بكەر و بنەبڕی ئەو فكرە دواكەوتووەی پشت ئەو كارە بكەین .
سەرەتا دەبێ كەمێك بگەڕێینەوە بۆ پێكھاتەی ئێستای كۆمەڵگای باشور و حوكم و یاسای پشت بەڕێوەبردنی ئەو دەسەڵاتەی كە ئێستا وەك ( حكومەت ) دەناسرێ و كاربەڕێكارە ، وەك پێویستە ھەبێت و بەپێی ئەو یاسایانەی ھەن و شتێكی ئاساییە .
بەڵام ئەگەر بە قوڵی بچینە ناو ئەو ( فكر و ئاراستەی ) كە لە پشت ئەو بەڕێوەبردنەن كە خۆی لە ( حیزب و كەسایەتی عەشیرەت و ئاغا و بنەماڵە و تەنانەت گروپ ) دەبینێتەوە.
 تەواو دەسەڵاتدارە بەسەر ھەموو كایەكانی ( حیزب و حكومەت و دەسەڵات) دەگەیینە ئەو بڕوایە كە ئەو ( فكرە ) فكر و ھەیمەنەی خێڵ و عەشیرەتە و ھی سەردەمانی پێش ھاتنی بیری حوكمەتایەتی سەردەمە و فكری خێڵ و عەشیرەت تەواو زاڵە بەسەر ھەموو كایەكان و بۆ ڕایی كردنی ھەر كارێك بێ حیساب كردن بۆ یاسا داڕێژراوەكان ، پەنا دەبرێ بۆ ئەو یاسا و ڕێسایانەی خێڵ و ھەر بە زۆری زۆرداری و بە ڕۆژی ڕۆناك فەرز دەكرێ بەسەر حكومەت و ھاوڵاتی ، خاوەن خێڵ و عەشیرەت و ھێز خۆی و بەرژەوەندی خۆی چۆن بخوازێ ئەوە جێبەجێ دەبێ و بڕیاری كۆتایی لە دیوەخان و ئەو شوێنانەی بۆ خزمەتی ئەو فكرە خێلەكیە ھەن وەك ( مەكتەبە كۆمەڵایەتیەكان ) و بە پێی یاسای خۆیان كارەكان دەڕوێنن ، كە بۆ ئەو جۆرە كارە دەیان نمونەی ھەن و ھەموو كێشەكان ( بەبێ ئیجرائاتی یاسایی ) كۆتاییان دێ ، كە ھەندێ جار فەرزكردنیشی تێدایە.
لەبەر ھەندێ بەبڕوام مەحالە ئەو كارە قێزەونانە بنبڕ بكرێن ، ھەتا یاسا و ڕێسای دیوەخان و خێڵ لەناو نەبرێن و لە جێی ئەوان یاسا سەروەر نەبێت .
لە تەواوی دونیا نەبووە و نابێت دوو یاسا ھەبن .بە پێچەوانە ئەوەی دەبینین ڕۆژبەڕۆژ زیاتر ھەڵدەكشێن و ڕۆژبەڕۆژ كار و داھێنانی نوێی ئەتك و سوكایەتی دێنە وجود .