خۆ بە کوشتدان لە پێناوی ئایندەیەکی خۆشگوزەران بۆ نەتەوە، یان بەختەوەریی ئەمڕۆی بەرپرسان؟!
مەردان کوڵەجۆیی:
لە سەردەمی خەباتی شاخ دا، کە ئێمەمانان پێشمەرگەی گەنج بووین، زۆرجار بەرپرسان پێیان دەگوتین”شەهید بوون لە پێناو گەل و نەتەوەدا شانازییە، چونکە میلەتەکەمان لە ساییەی خوێن و خەباتی ئێوەدا پاشەڕۆژێکی ئاسودەو بەختەوەری دەبێ.!
هەڵبەتە ئەو سەردەمەش زۆرێک لەم بەرپرسە گەندەڵانەی ئەمڕۆی باشوری کوردستان، لە چاوی پێشمەرگەدا، ژیانی ئەوان ئاسودەبوو، کەچی پاش ڕاپەڕینەکەی بەهاری ١٩٩١ و دەست بەسەرداگرتنی دەستکەوت و دەسەڵات، ئەو هاوسەنگەرو هاوخەباتە ڕەش و ڕووتانەمان، کە لەو بەری سنورەکانەوە بە پێ و جووتێک کەوشی ئێرانیەوە هاتنەوە باشوری وڵات، لە پێناو خۆشگوزەرانی خۆیان دا، گەل و نەتەوەیان نا بەختەوەر کرد.!
ئەوکردەوە نامرۆیی و نا شۆڕشگێریەی ئەمڕۆ ئەوان دەیکەن، ئەو ڕاستیە دەگەیەنێ کە خوێن و خەباتی ئەو سەردەمەی ئێمەی پێشمەرگەی ڕەشوڕوت و گەنجی خێرلە خۆنەدیو، لە پێناوی ژیانێکی ئاسودەو شاهانەی ئەمڕۆی ئەم گەندەڵانەدا بوو، نەک ئاسودەی بۆ گەل و نەتەوەی کورد.!
لە ئێستادا بێت یاخود لە ئایندەیەکی نیزیک، ئەو ئەرکە لە ئەستۆی ئێمەی پێشمەرگەی دوێن و ئەمڕۆ دەبێ، کە لە پێناو دواڕۆژێکی ئاسودە بۆ گەل، دێوەزمەکانی ئەم سەردەمە رەوانەی زبڵدانی مێژوو بکەین.!