!لەوەتای ئێوە هەن، کورد نەحەواوەتەوە
مەردان کوڵەجۆیی:
لە وەتای ئێوە سەرتان هەڵداوە، لە ژێرناوی کوردپەروەری خۆتان دا و هەژمارکردنی ئەویدی بە وڵات فرۆش، بە خوێنی کوڕی هەژاران شەڕی دەستکەوت و دەستەڵاتی بنەماڵەکانتان دەکەن، کەچی کوردایەتی بە گەل دەفرۆشن؟!.
لەوەتای ئەم دوو بنەماڵە سەریان لە سەربنجیان سەوزبووە، لە پێناو بەرژەوەندی خۆیان و نەوەکانیاندا، لە پیلانگێڕ و پاشقولدانی یەکتربوون و، خوێن و رەنجی رۆڵەی کورد بەفیڕۆ دەدەن و خەونی نەتەوەکەمان لە لەباردەبن، کەچی شکستەکانیان بە سەرکەوتن و خیانەتەکانیان بە نیشتیمانپەروەیی، بە گەلی کوردی دەفرۆشنەوە.
لە شەڕی شەستەکانەوە تاوەکو ئەمڕۆ، بە ئاشبەتاڵ و جاشبەتاڵتەوە، لە پێناو پلە وپارەدا ئێوە رەنجی ئەم گەلەتان بە (با)داوە و ماڵوێرانی بۆ بە جێ دەهێڵن، کەچی جگە لە یەکتر تاوانبارکردن بە خیانەتکاروڵاتفرۆش، بۆ جارێکش خۆتان بە ڕوو ڕەشی گەلی و مێژوو نەزانیوەو داوای لێبوردنتان نەکردوە لە دایکانی جەرگ سوتاو، رۆڵەی بێ باوک و دایک کراو، کەسانی ئازیز لە دەستچووی شەڕی نیگریستان!
ئەنفال و گوندە خاپورکراوەکانش کە لە ئاکامی ناکۆکییەکانی نێوان هەردوو بنەماڵەکەی ئێوە ڕوویان دا، سودی بۆ ئێوە و چارە ڕەشییەکی بۆ خەڵک مایەوە!
ئەو تروسکاییەی لە پاش ڕاپەڕینە جەماوەرییەکەی گەلی کورد ئاسۆیەکی لێ بەدی دەکرا، روناکیتان بۆ خەڵک لێ بڕی و تیشک و پشکتان لە نێوان خۆتان و نەوەکانتاندا پرش و بڵاوە پێکرد، کەچی هەرکات بەشی لایەکتان پچێک کەم بکات، ئەو لایەنەکەی دیکە دەکەن بە دزی مەزن و خۆتان دەکەن بە دادپەروەر وڵاتپەروەری باڵا و شەڕی کورد کوژی بۆ بەرژەوەندی خۆتان هەڵدەگیرسێنن، بە بێ گوێدان بە لە بارچونی دەستکەوتەکانی گەل !
لە جیاتی لە هەرێمۆکەیەکەوە هەنگاوێک بەرەو سەربەخۆیی بنێن، ئەوەش هەبوو کردتان بە موڵکی دوو میرنشینی (بارزانی و تاڵەبانی و،) هەردوولا خۆتان بە سەرکەوتوی سەرکەوتنەکان و(ئەویدی)تان بە دۆڕاو هەژمارکرد.
خیانەتی( ٣١ی ئاب)تان کرد و کردتان بە ڕێکەوتنی سیاسی و دەستکەوتی نیشتیمانی، لە ئەنجامی تاوانی( ١٦ی ئۆکتۆبەر)دا نیوەی خاکی کوردستانتان ڕادەستی دوژمنان کرد، کەچی کردتان بەهەڵوێستی نیشتمانی و پاراستنی وڵات؟!
لە پاش ٣٢ ساڵ حکومێکی خۆسەپێنی شکستخواردوو، دەستی پیستان گەیاندە قوتی خەڵک، وەک ئەوەی دزینی سامانی سەرسنور و پشت سنور و بە تاڵان بردنی ژێرخانی وڵات بەشی تەڕاتێنی ساویلەکە قومارچییەکانی ئێوەی نەکردبێ!؟
شەڕی ئێوە لە سەر بەجینۆساید ناساندنی گەل کورد وهێنانەوەی ئێسک و پروسکی ئەنفالکراوەکان، بوو بە شەڕ لە سەر ئەوەی کێ بە شەی پارەی فرە لە بەغدا بۆ خۆی وەربگرێ، کەچی هەردوولا خۆتان بە سەرکەوتوو دەزانن و ئەویدی بە خیانەتکار؟!
دابەشبوونتان بە سەر دوو وڵاتی دوژمنی سەرسەختی گەلەمان دا و، دوو ئیداریی و هەوڵی لامەرکەزی هەرێمۆکەکەتان و، خۆڕادەستکردنتان بە عێراقش، لە خەڵکی کوردستان دەکەن بە سەرکەوتنی خۆتان و شکستی ئەوەیدی؟!
لەوەتای ئێوە هەن کورد خێری لە ئێوە نەدیوە، ئەمڕۆش وڵاتداریتان بۆ ناکرێ، لێیگەڕێن بۆ کوردانی وڵاتپەروەر!