هەرێمی کوردستان لە نێوان مان و نەماندایە

بەختیار ئەمین:
مەترسی گەورە لەسەر کیانی دەستوری هەرێمی کوردستان هەیە ، هەرێمی کوردستان کێشەی هەر لەگەڵ بەغدا نیە ، لە ناوخۆدا کێشەی گەورە لە نێوان سوڵتە و خەڵکدا هەیە ، لە دوای ساڵی(١٩٩٢)کە یەکەم هەڵبژاردنی هەرێم ئەنجام درا ، خەڵک بە ڕێژەیەکی بەرز بەشداری ئەو هەڵبژاردنەی کرد ، پارتی و یەکێتی وەک دوو هێزی شاخ کۆنترۆڵی شاریان بە دەستەوەبوو خەڵکیش وەلای بۆیان هەبوو ، ئەو دوو هێزە توانییان زۆرینەی دەنگی خەڵکی کوردستان بە دەست بهێنن.
ئێستا کە سێ دەیە زیاتر بەسەر ئەو ڕۆژگارەدا تێپەڕیوە گۆڕانکاری گەورە لە هەرێمی کوردستان و عێراق و ناوچەکە ڕوویداوە هەرێمی کوردستان لە نێوان مان و نەماندایە ، پارتی و یەکێتی تا ئەمڕۆش خۆیان بە حاکم دەزانن بەڵام لای خەڵک ئەو حاکمە نیین ، چونکە لە کۆتا هەڵبژاردن کە لە عێراق ئەنجامدراوە ، بە ڕێژەیەکی بەرز خەڵک بەشداری لە هەڵبژاردن نەکردووە ، لە هەر سێ پارێزگاکەی هەرێم نزیکە لە(٧٠٪)ی خەڵک بایکۆتی ئەو پڕۆسەیەیان کردووە ، پارتی و یەکێتی دەنگەکانیان بە ڕێژەیەکی یەکجار زۆر دابەزیوە ، پارتی لە هەر سێ پارێزگاکەی هەرێم توانیوێتی تەنها لە(١٦٪)ی دەنگی خەڵک بەدەست بهێنێت ، واتا لە(٨٤٪)ی خەڵکی کوردستان پارتیان لا پەسەند نیە ، یەکێتی توانیوێتی تەنها لە(٦٪)ی دەنگی خەڵکی بە دەست بهێنێت واتا لە(٩٤٪)ی خەڵکی کوردستان یەکێتیان لا پەسەند نیە ، ئەم ئامارانەش بەڵگەن بۆ ئەوەی پارتی و یەکێتی لە دوو هێزی زۆرینەوە ئێستا ڕێژەکەیان بۆتە کەمینە.
بۆیە کە باس لە پاشەکشەی هەرێمی کوردستان دەکرێ و گەڕانەوەی بۆ سەردەمی بەرەی کوردستانی لە ڕووی سیاسی واقعی یەوە خوێندنەوەیەکی دروست نیە ، ئێمە ئێستا لەو کاتە زیاتر پاشەکشەمان کردووە ، هەڵبەت ئەگەر بە زوویی ناو ماڵی خۆمان ڕێکنەخەینەوە ،ئەوکات خەڵک بە هەموو توانایەوە پشتیوانی لە دامەزراندنی کیانێکی کوردی دەکرد ، ئەو ڕۆژگارە بۆ ئێمەو مانان یادگارییەکی قوڵە لە هزرو بیری تیژی مناڵیمان ماوەتەوە کۆڵان بە کۆڵان بانگەشەی هەڵبژاردن دەکرا بۆ دروست کردن و لە دایک بوونی هەرێمی کوردستان ماڵ نەبوو لەم کوردستانە دڵخۆش نەبێت بە هێنانەدی ئەو ئامانجەی کە ڕووبارێک خوێنی پاکی لە پێناودا بەخت کرا ، لە پاڵ دڵسۆزی خەڵک وڵاتانی جیهانیش بە تایبەت ئەمریکا و فەڕەنسا و چەند وڵاتێکی تر لەسەر هێڵ بوون بۆ سەرخستنی پڕۆسەی سیاسی لە کوردستان.
ئێستا بۆ ئەوەی مێژوو خەباتی کورد زیاتر دانەماڵدرێت ، کیانی دەستوری هەرێمی کوردستان هەڵنەوەشێتەوە ، پێویستە هێزە نشتیمانییەکان لە خەم کۆکردنەوەی پارچە شکاوەکانی هەرێمی کوردستاندابن و بە یەکەوەی بلکێننەوە ، کیانی هەرێمی کوردستان لە خواست و ویستی دەسەڵات جیا بکرێتەوە ، ئەوەی کە چاوەڕێ دەکرێت هێزە عێراقییەکان بە عەرەبی سونە و شیعەوە ناوەستن بە دیار لاوازی هەرێمەوە، ئەوەیان قۆستۆتەوە کە خەڵک نیگەران و توڕەیە لە دەسەڵاتی هەرێمی کوردستان ، ئەوان بە بەرنامە کار لەسەر لاواز کردن و بنکۆڵکردنی پێگەی سیاسی و دەستوری هەرێمی کوردستان دەکەن ، یەکەم هەنگاویش لە پچڕانی ئابوری و داخستنی دەرگای ناردنە دەرەوەی نەوت دەستی پێکرد ، دەیانەوێت پەیوەندی ئابوری ڕابگرن و هێڵەکانی گەیاندنی نەوت بە ناوی هەرێمی کوردستان بپچڕێنن بۆ دونیای دەرەوە ، دواتر دەروازەکان کۆنترۆڵ دەکەن و دەستوریش کە تەنها چەکە بە دەست کوردەوە هەموواری دەکەنەوە و مادە و بڕگەکانی بە خواستی خۆیان دادەڕێژنەوە ، لە ژێر ناوی جۆراو جۆر هێزی عەسکەری دەنێرنە سەر پارێزگاکانی هەرێم و کۆنترۆڵی دەکەن ، قورسیش نیە بۆیان، چونکە پاڵپشتی وڵاتانی ئیقلیمیشیان لەگەڵەدایە .