لەیادی سەد ساڵەی پەیماننامە شومەکەی لۆزان دا، جوڵانەوەی پێشەنگ و بزوتنەوەی نوێبوونی کوردستان بانگەوازێک بڵاودەکەنەوە
جەماوەری ستەملێکراوی کوردستان ..
حزب و لایەنە سیاسیەکانی کوردستان..
ئەمڕۆ سەد ساڵ گوزەردەکات بە سەر پەیماننامەی شۆمەکەی لۆزان دا. سەد ساڵ بەرلە ئێستا، لە شاری لۆزانی سویسرا، ڕێککەوتننامەی لۆزان کرا بە جێگرەوەی پەیمنامەی سیڤەر(کە مافی چارەنوسی گەلی کوردی تێدا دیاریکرابوو،) لە ڕێکەوتنامەی لۆزان دا، کە بریتانیا و فەرەنسا ماستەرپلانی بوون، بە بێخواست و ئارەزوی گەلی کوردستان، کوردستانی گەورە لەتکرا.
لەو پەیماننامەیەدا، لە پێناوی ڕەزامەندی (تورک وعەرەب و فارس) ستەمێکی زۆر لە نەتەوەی کورد کراو، دوا بە دوای ئەو ڕێکەوتنە، گەلی کوردستان ڕووبەرووی بەعەرەب کردن، بە تورکی کردن و، بە فارسی کردن و، جینۆسایدی کەلتوری و فەرهەنگی بوویەوە .
وەلێ خۆشبەختانە، ئەمڕۆ دوای سەد ساڵ لەو پەیماننامە شومە، گەلی کوردستان نەک هەرکۆڵی نەداوە، بەڵکو تێکۆشەرانە ڕووبەرووی گشت هەوڵە نەگریسەکانی دوژمنان بووتەوە.
بەڕێزان..
لەکاتێکدا یادی سەد ساڵە پەیماننامەی نگریسی لۆزان دەکەینەوە، ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و کوردستان بە قۆناغێکی هەستیاردا گوزەردەکات، بۆیە پێویستە ئێمەی گەلی کوردستان ناکۆکیە لاوەکییەکان وەلابنێن ولە خەمی پاراستنی ماف ودەسکەوتەکانی گەلەکەماندا ببین.
لێڕەداو، لە یادی سەد ساڵەی پەیماننامە شومەکەی لۆزان دا، وەکو (جوڵانەوەی پێشەنگ و بزوتنەوەی نوێبوونی کوردستان) بە گرنگی دەزانین کە جارێکی دیکە داوایەکی کوردستانیانە ئاراستە گشت حزب و لایەنە سیاسیە کوردستانیەکان بکەین بۆ ئەوەی لە هەڵبژاردنەکانی داهاتووی ئەنجومەنی پارێزگاکانی عێراقی فیدڕاڵ، بەتایبەتی لە ناوچەکانی دەرەوەی ئیدارەی حکومەتی هەرێمی کوردستان، کورد بە یەک لیست بەشداری لە هەڵبژاردنەکاندا بکات.
سەرکەوێ ئێڕادەی گەلی کوردستان.
سەرشۆڕی و شەرمەزاری بۆ داگیرکەران و ناحەزانی گەلی کوردستان.
– جوڵانەوەی پێشەنگ
– بزوتنەوەی نوێبوونی کوردستان
٤٢ -٧ – ٢٠٢٣