ڕوونکردنەوەیەک لە(پێشمەرگەی دێرین) مەردان کوڵەجۆیی وە
ڕوونکردنەوەیەکی پێویست بۆ گشت لایەک
بۆ هەمووخزم و دۆست، هاوسۆز وهاوبیر، هاوسەنگەری دێرین، خەڵکی بەهەڵوێستی کوردستان، هەڤاڵانی ڕۆژەسەختەکانی سەردەمی شۆڕشی دژ بە ڕژێمی دیکتاتۆرو نادادپەرەوری بەعس.
وەکولای هەموان ئاشکرایە، ساڵانێکی دوورودرێژ ئێمە لە پێناوکوردستانێکی ئازاد وسەربەخۆی ئەوتۆ خەباتمان کرد کە هاوڵاتیانمان بە سەر فەرازیی و سەروەریی تێدا بژین، بێگومان لەو پێناوەشدا تەمەنی لاویی خۆمان کرد بە مۆمی ئەو خەونە و قوربانی گیانیی وماڵیی فرەمان بەخشی.
وەلێ سەدمخابن، پاش دەرپەڕاندنی ڕژێمی بەعس لە کوردستان زۆری پێنەچوو، لە پێناو بەرژەوەندی کەسیی وحزبیی دا، شەڕی خۆکوژی خەونی گەلەکەمانی لەباربرد و، وەها ژینگەیەکی خولقاند کە ئیدی خەڵکانی کوردپەروەرلە توانایاندا نەبێ بەو دۆخە ڕازبن، بۆیە زۆرێک لە ئێمەمانان لە دەرچەی دیکە دەگەراین.
لە پێناو تێوەنەگلانمان لە شەڕی کورد بە کورد، ئێمە دەستبەرداری پلەی حزبی و دەسەکەوتی ئابوری بووین و نەفرەتمان لە شەڕخوازان و بەرژەوەندی خوازان کرد و، کوردستانمان بەرەوهەندەران بەجێهێڵا.
ئاشکاراشە، وێڕای دوویمان لە ئەرک و کاری حزبی، بەڵام لە ٢٧ساڵی ڕابردودا بۆ چرکە ساتێکش لە خەم وئازاری گەلەمان دانەبڕاوین وداکۆکیکاری مافەکانی گەلەکەمان بووین و، دانەبڕاوین لە خەباتی شارستانیی، سیاسیی، دیپلۆماسیی، فەرهەنگیی و، ڕۆشنبیریی.
گەرچی ساڵانێکە نائومێدبووم لەو سیاسەت و فەرمانرواییە شکستخواردوەی دەستەڵاتدارانی باشوری کوردستان، لەهەمان کاتدا گومانم لادروست بووە کە ئەو فرەم هێزە پەرتەوازەیەی ناوی”ئۆپۆزسوێن”ی لە خۆی نیاوە، بتوانێ بە یەکدەنگی و یەک ریزی نوێنەرایەتی خەڵکی مافخوراوی کوردستان بکا، بۆیە بە گرنگی دەزانم لێرەوە بە گشت لایەکی ڕابگەینم، وەک سەردەمی شاخ ئاسا، لە جوڵانەوەیەکی نوێی سیاسی بەرهەڵستکاردا، درێژە بە شۆڕشی دژ بە گەندەڵیی ونادادپەروەریی، بەدەم.
لە هەمانکاتشدا ئەوە ڕادەگەیەنم، ئەم جوڵانەوە سیاسیە بۆ دژایەتی کردنی هیچ حزب و لایەنێکی کوردستانی نەهاتوەتە گۆڕەپانی بەرەی ئۆپۆزسوێنەوەو، لە بەرامبەر بە مافی گەل و خاکی کوردستان، سازش لە گەڵ هیچ وڵات و لایەنێکدا ناکات.
لێرەشەوە داوا لە تێکڕای خزم و دۆست، هەڤاڵ وهاوڕێ، هاوبیر وهاوسۆز، هاوسەنگەروهاوخەباتە دێرینەکانم و، گشت خەڵکی کوردستان دەکەم، لە پێناو بەرژەوەندی ومافەرەواکانی گەلەکەماندا، هەڵوێست بنوێنن و بەشدار ببن لە “جوڵانەوەی پێشەنگ”دا و ببن بە پێشەنگ و سەرکردەی ئەم جوڵانەوەیە کە تەنها و تەنها ئامانجی خەمخۆری خەڵک و خاکی کوردستانە.
لە گەڵ ڕێزوخۆشەویستی بێپایانم بۆ هەموولایەک، برای دڵسۆزتان، مەردان کوڵەجۆیی
30-9-2023