كه‌ركوك له‌ ئه‌نفالدا

پ
له‌تیف فاتیح فه‌ره‌ج:
ناونیشانی ئه‌م وتاره‌ ناونیشانی كتێبێكمه‌ كه‌ له‌ مێژه‌ ده‌مه‌وێ‌ بینوسم و ژیان و له‌مپه‌ره‌كانی ڕێگرن، خۆیشم كه‌مته‌رخه‌مم، به‌بیانوی هێنانه‌وه‌ی روفاتی۱۷۲ ئازیزه‌ ئه‌نفالكراوه‌كانمانه‌وه‌، هه‌مان ناوم بۆ ئه‌م وتاره‌ دانا، كه‌ركوك و پارێزگای كه‌ركوك له‌ سته‌مكاری ئه‌نفالدا زه‌بری كوشنده‌ی به‌ركه‌وت، زه‌بری سڕینه‌وه‌و له‌ناودانی كورد، چه‌ند ساڵێك له‌مه‌وبه‌ر نمونه‌ی 15 گوندم وه‌رگرت كه‌ به‌رله‌ئه‌نفال زیاتر له‌ 3000 هه‌زار دانیشتویان هه‌بوو، نه‌موچه‌ خۆیان هه‌بوو نه‌چاو له‌ ده‌ستی كه‌س خۆشیان ده‌ژیاندو به‌روبومی زۆریشیان ده‌نارده‌ شاره‌وه‌، دوای ئه‌نفال هه‌موو ئه‌و گوندانه‌ كه‌متر له‌ 1000 كه‌سیان تیابوو زۆربه‌شیان عه‌ره‌بی ڕاكردوی ده‌ستی سته‌م و داعش بوون، ئه‌وه‌ جگه‌ له‌وه‌ی خه‌ڵكی زۆریان به‌رسته‌می ئه‌نفال كه‌وتبوون، ئه‌وانه‌شی له‌ ژیاندا بوون له‌به‌رهه‌مهێنیه‌وه‌ بووبوونه‌به‌رخۆرو چاویان له‌ ده‌ستی حكومه‌ت بوو.
ئه‌نفالی كه‌ركوك ئه‌نفالێكی به‌به‌رنامه‌و مه‌ترسیدار بوو، ئامانج لێی ته‌واوكردنی پرۆسه‌ی ته‌عریب و سڕینه‌وه‌و وێرانكردنی گونده‌كان و ده‌ركردن و دورخستنه‌وه‌یان بوو له‌ سنوری پارێزگاكه‌، ئه‌مه‌ درێژكراوه‌ی بیانوی نه‌وت و پشتوێنه‌ی ئه‌منی و هه‌نگاوه‌ شه‌ڕه‌نگێزیه‌كانی دیكه‌ بوو، ره‌نگه‌ وه‌رگرتنی گوندی جه‌له‌مۆرد به‌س بێت بۆ ئه‌وه‌ی قه‌باره‌ی گه‌وره‌یی ئه‌و سته‌مكاریه‌ی به‌عس نیشانبدرێت، له‌ جه‌له‌مۆرد ته‌نها دانیشتوانی گونده‌كه‌ خۆی 375 كه‌س به‌ره‌و چاڵه‌كانی مردن بران، كه‌زۆربه‌یان كه‌س و كاری یه‌كتر بوون، ماڵ هه‌یه‌ 8 كوڕو كچیان به‌ر سته‌مكاریه‌كه‌ كه‌وتوه‌ ، خانه‌واده‌ هه‌یه‌ ده‌ست له‌ ده‌رون نادروسته‌كانیشان نه‌پارێزرا، له‌و ژماره‌یی سه‌ره‌وه‌ 248 یان خوار ته‌مه‌نی 18 ساڵ بوون كه‌ ڕێژه‌كه‌ی ده‌كاته‌ 64% پتر به‌گشتیش ئه‌و ژماره‌یه‌ 214 كه‌سیان ڕه‌گه‌زی نێرو 161 كه‌سیان ڕه‌گه‌زی مێ بوون ، واته‌ هه‌موو ئه‌نفالی گونده‌كه‌ ، ئه‌وه‌شمان بیر نه‌چێت كه‌ له‌ شیوی بابه‌ ڕوشه‌ هه‌ر له‌و گونده‌ خه‌ڵكی شوان و سنوری دوكان و ته‌قته‌ق و ته‌نانه‌ت هه‌ندێك سه‌ربازی هه‌ڵاتوی حكومه‌ت و برینداری گۆپته‌په‌ش به‌رهه‌مان سته‌مكاری كه‌وتن.
له‌سنوری كه‌ركوكدا هه‌ر جه‌له‌مۆرد نیه‌ كه‌ ئه‌و ژماره‌ زۆره‌ی به‌ر سڕینه‌وه‌و له‌ ناودان كه‌وتوه‌ له‌ گونده‌كانی شێخبوزێنی، شوان، ناوزه‌نگنه‌و شێخان و هتد چه‌ندین گوندی دیكه‌ هه‌یه‌ كه‌ مایه‌ی ئه‌وه‌یه‌ هه‌ڵوه‌سته‌یان له‌سه‌ر بكرێت و توێژینه‌وه‌ی تایبه‌تیان له‌ باره‌وه‌ بكرێت، چه‌ند ساڵ له‌مه‌وبه‌ر زۆر له‌ خه‌یاڵی ئه‌وه‌دا بووم زانیاری له‌ باره‌ی 100 گوندی ئه‌و سنوره‌وه‌ و هه‌روه‌ها بۆ هه‌ر گونده‌ كتێبێكی 200 لاپه‌ڕه‌یی بنووسم، یان به‌هاوكاری دۆستانێك، به‌ڵام هه‌رچی بیرم كرده‌وه‌ ئه‌ركه‌كه‌ زۆر له‌وه‌ قورستره‌ به‌ كه‌سێك بكرێت هه‌رچه‌ند دۆست هه‌بوو ئاماده‌یی هاوكاری ده‌ربڕی، هه‌ر ئه‌وه‌نده‌م كرد كه‌ ته‌نها له‌ سه‌ر گه‌ندی جه‌له‌مۆرد بوه‌ستم، هه‌ڵبه‌ت ئه‌وه‌ش كێماسی خۆی هه‌یه‌، هه‌ڵوه‌سته‌كردن له‌ سه‌ر ئه‌وه‌ی كه‌ بۆچی به‌عس و سه‌دام زۆربه‌لایانه‌وه‌ گرنگ بووه‌ سڕینه‌وه‌ی كورد له‌م ناوچه‌یه‌ كاریگه‌ر تر بێت ده‌مانگه‌یه‌نێته‌ ئه‌و ڕاستیه‌ی كه‌ پڕۆژه‌یه‌كی سڕینه‌وه‌ی به‌به‌رنامه‌ هه‌بووه‌، سه‌ره‌تا له‌ كه‌ركوكه‌وه‌و دواتریش بۆ شوێنه‌كان و ناوچه‌كانی تر، هێشتا ئه‌م ئاوه‌زه‌ بوونی هه‌یه‌ بۆیه‌ پێویسته‌ هه‌میشه‌ مه‌ترسیه‌كان له‌به‌رچاو بگرین و بیر له‌وه‌ بكه‌ینه‌وه‌ چۆن قۆنای سڕینه‌وه‌ جێبهێڵین .