هەندێک جار بیرۆکەی کەم شارەزایەکی فەلسەفە، لە دەریاییەکی بیرمەندان قوڵترە!

پ

 

مەردان کوڵەجۆیی: جاری واهەیە، ئاستی بیرکردنەوەی فێرخوازە فرە کەم فێرکراوەکان لە پلەی هۆشیاریی و زانستیی مامۆستاکانیش باڵاترە، بۆیە پێویستە هەندێک کات کەڵک لە بۆچونی خوێندکارەکانیش وەربگیرێ!

 لەم ڕۆژانەدا، گیرمکردبوو بە دەست چۆنێتی ئاشنابوون لە کردنەوەی گرێکوێرەیەکی فەلسەفەی دەرونی ئاڵۆزاوی ئەوتۆ، لەبارەی بونەوەرێکەوەبوو کەهەرچی مرۆڤ هەیە، نە بەبێبونیان و نەهەبونیشیان هەڵدەکات.

گێژەنگی ئەم ریسەلەیەک ئاڵاوە، ساڵانێکە ئەوەندە لە مێشکمدا دەخولێتەوە گێژیکردوم و، تا ئەم چرکەساتەش تەواوی خاوەن ئەزموون و بیرمەندانی  دەروونناسانی کۆمەڵایەتی، ئەوا سەدان سەدەیە نەگەیشتوون بە ئەنجامێکی هاوبەشی سەلمێنراوی باوەڕپێهێنەر، چونکە ئەم گیانلەبەرانە هەردەم هاوسەنگ و هاوکێشە و هاوژینی ڕۆژانەی تاک بە تاکی مرۆڤن و، بۆی هەیە لە پڕێکدا چەندی پلە بە ئاراستەی پێچەوانەدا بخولێنەوەو، چاوەڕوانی ئەنجامدانی کردارو کاردانەوەی چاوەڕوان نەکراویان، لێبکرێ!

بۆ دۆزینەوەی سەرداوێک لە بارەی ئەم گرێکوێرە دەرونیە مرۆییەوە، کە سەردەمانێکە لە تێهەڵچونیی هیزرییدام لەگەڵی، لە پڕێکدا پەنامبردە بەر دەرچووە فێرخوازێکی(کەم ئەزموونی ئەو بوارە)ی، نەوەی دوای ڕاپەڕین و کەمدووی ئاشنا و هاودەری ئەم گیانلەبەرانە.

 بیرۆکەی ئەم کەم ئەزموونە فێرخوازەی فەلسەفە نەویستە، هاوشێوە بیرڕەگەزێکی بێزارو، خاوهەنگاوهەڵهێنەر بە ئاراستەی فەلسەفیی و کەم خولیای شیکاریی قوڵی دەرونیە، جەنجاڵێکی لە مێشکی ئاڵۆزاوی پڕ لە لێکۆڵینەوە نەسرەوەتاوە لە بننەهاتوەکەی مندا خولقاند، کە ئەستەمە هیچ کام لە بیرمەندن و کۆمەڵناسەکانی سەردەم، بە خەیاڵیاندا هاتبێ!

ئەو گرێ لەیەک ئاڵۆزاوەی کە تەواوی گەڕۆکە دەرونناسەکان چەندین سەدەیە بەدوایدا وێڵن و ڕاست و دروستی نەدۆزینەوەکەی نادرکێنن، یاخود بەپێی ئەزموونی چەند بیرمەندێک لێکدانەوەی نەسەلمێنراوی بۆ دەکەن، شیکاریەکی سادەی ئەم دەرچوە قوتابییە لەو بارەیە، پێچەوانەکەی دەسەلـمێنێ.

لە وەڵام دا، ئەم لەگەڵ فەلسەفە هەڵچوەدا، ئەڵێ: ئەگەر بتەوێ لەو گیانلەبەرە بەتەواوی تێبگەیت، ئەوا ئیترناتوانی لە گەڵی بژیت، بۆیە تا ئێستا ئەو بونەوەرانە(لە گەڵ ڕەگەزی بەرامبەردا) توانیویانە  پێکەوەبژین، چونکە لە یەک تێناگەن.

ئەم خوێنکارە دەرچوەی خوێندن، بە زمانێکی سادەو گوڵ گوڵیانە، فەلسەفەی خۆی دەکاتە پرسیارێکی دەرونناسی بندەریا و، دەپرسێ: ئایا ئەزانی بۆ ئەو گیانلەبەرانە ناتوانن لە گەڵ هاوڕەگەزەکەی خۆیاندا بژین؟ خۆشی وڵامەکەی لایە و بە سادەیی ئەڵێ، “چونکە ئەوان لە یەک تێدەگەن، بۆیە توانای پێکەوە هەڵکردنیان نیە و، یەکتر قبوڵناکەن”!

گەرچی پێکەوە ژیانی ئەو بونەوەرانە لە جیهانی یەکەم دا پێچەونەی هیزری ئەم تازە دەرچوەی شەیدای چەندبارە فێرخوازبوونیەی پاش ڕاپەرین دەسەلمێنی، وەلێ وڵامەکەی بۆ مێشکی شلەژاوی من، بوو بە وەرگرتنی بەشێک لە وڵامی پرسیارێکی وڵامنەدراوە، بۆیە ئەڵێم بیرۆکەی فێرخوازێکی کەم فێرکراوی هەڵچوو لە گەڵ فەلسەفەی دەروونییدا، ئیدی منی گەیاند بەو بڕوایە کە گرێیەکی دیکە لەو گرێکوێرە بۆ کەس نەکراوەیە بەدەم و، باوەڕەش بەوە بهێنم کە زۆر جار بیرۆکەی خوێندکار لە هۆشمەندیی مامۆستاش، بە هێزترە!