چاوەوەڕێی بەرهەمی هەڵبژاردنی
سەردەشت محەمە :
زیاتر لە دە ڕۆژ تێپەڕێوە بەسەر ئەنجامدانی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەڕلەمانی کوردستان، کە 18 و 20ـی /2024/10 پرۆسەی دەنگدانی تایبەت و گشتی بەڕێوەچوو، ئەگەرچی زۆرینەی هێز و لایەنەسیاسیەکانی کوردستان ئەم هەڵبژاردنە بە خراپترین هەڵبژاردن لە مێژووی حکومڕانی هەرێمی کوردستاندا وەسف دەکەن، بەڵام هەندێک پێشهات و ڕووداوهەن کە وامان لێدەکات بڵێین: ئەم هەڵبژاردنە تاکە هەڵبژاردنە کە کۆی پارت و هێزە سیاسیەکانی خستۆتە بەردەم چەند بژاردەیەکی قورس و چارەنوسساز.
سەرەڕای ئەو هەموو تێبینیانەی کەهەیە لەسەر هەڵبژاردنی ئەمجارە، بەڵام دەکرێت بڵێین هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەڕلەمانی کوردستان وەرچەرخانێکی گرنگە لە مێژووی سیاسی کوردستاندا لەدوای ڕاپەڕینی ساڵی 1991ەوە، بۆنموونە هێزێکی وەک کۆمەڵی دادگەری کوردستان بڕیاردەدات بایکۆتی چوونە نێو پەڕلەمان و تەنانەت بایکۆتی پرۆسەی سیاسی بکات، کە ئەمە بڕیارێکی ئێجگار قورس بوو کە دەکرا کۆمەڵی دادگەری خوێندنەوەی وردتری بۆ ئەو بڕیارە بکردایە و دەبوو ڕاوێژی زیاتری لەگەڵ هێز و لایەنە سیاسیەکانی دیکە، ئەوانەی کە هاوشێوەی کۆمەڵی دادگەری نیگەرانن لە دەرئەنجامەکانی هەڵبژاردن ئەنجامبدایە، بەڵام ئەم بڕیارەی کۆمەڵی دادگەری ئەو هێزانەی دیکەشی دوچاری ئیحراجییەکی زۆر کردووە کە ئەوانیش خەریکە ناچاردەبن وەک کۆمەڵی دادگەری بڕیارە قورسەکە بدەن، ئەمە لەلایەک لە لایەکی دیکەوە یەکێکی دیکە لە ڕووداوە گرنەکانی نێو ئەم هەڵبژاردنە ئەوەیە، پارتی دیمورکراتی کوردستان، بەهۆی دابەزینی ژمارەی کورسیەکانی لە 45 کورسی بۆ 39 کورسی و هەروەها لەدەستدانی 11 کورسی کۆتاکان کە لە هەڵبژاردنەکانی ڕابردوودا ئەمەی لە بەرژەوەندی خۆی یەکلای دەکردەوە وایکردووە ئەو هێزە نەتوانێت بێمنەتانە مامەڵە لەگەڵ هێزەسیاسیەکان و بەتایبەت ڕکابەرەکەی کە یەکێتییە بکات و بۆ پێکهێنانی حکومەتیش چاوی لە ڕەحمەتی یەکێتییە.
ڕوداوێکی دیکەی نێو ئەم هەڵبژاردنە ئەوەیە، ئەوەی ئێستا وەک یاریزانێکی سەرەکی و ئاست بەرز خۆی نمایش دەکات و ترسی ئەوەی نییە لەم یاریەدا بکرێت بە یەدەگ، یەکێتی نیشتیمانی کوردستانە، یەکێتی لەسەروەختی بانگەشەی هەڵبژاردندا بەڵێنی بەخەڵک و هەوادارەکانیدا باڵانسی هێز لە هەرێمی کوردستان ڕاستبکاتەوە، ئێستا ئەم دەرفەتەی بۆ پێشهاتووە ئەگەر هەڵە مامەڵە نەکات دەتوانێت ئەو بەڵێنە بباتەسەر، چونکە لە ڕابردوودا یەکێتی و پارتی یەکدییان لەوە دڵنیاکردەوە کە ئەمجارە پێکهێنانی حکومەت و دابەشکردنی پۆستەکان بەپێی دەرئەنجامی هەڵبژاردنەکان دەبێت نەک بە ڕێکەوتنی سیاسی، بۆیە بەپێی دەرئەنجامەکانی هەڵبژاردنیش یەکێتی بەمافی خۆی دەزانێت ببێت بەخاوەنی پۆستی سەرۆکی هەرێم یاخود سەرۆکی حکومەت، کە لەڕابردوودا ئەو دوو پۆستە لای پارتی یموکراتی کوردستان بوو، ئێستا بەهەر نرخێک بێت یەکێتی بتوانێت یەکێک لەو پۆستانە لە پارتی وەربگرێتەوە ئەوا دەتوانێت بێمنەتانە بانگەشەی سەرکەوتن بکات و لەلایەکی دیکەشەوە ناکۆکی دەخاتە نێوماڵی بارزانیەوە، چونکە سەرۆکی هەرێم پشکی نێچیرەڤان بارزانی یەو پۆستی سەرۆکی حکومەتیش بە باڵای مەسرور بارزانیدا بڕاوە، هەربۆیە داگیرکردنی یەکێک لەو کورسیانە لە لایەن یەکێتیەوە نیشانەی سەرکەوتنێتی، خۆ ئەگەر نەشتوانێت یەکێک لەو پۆستانە وەربگرێت، ئەوا بەلای ئێمەی هاوڵاتی ئاساییەوە یەکێتی شکستی هێناوە و هیچ پۆست و ئیمتیازاتێکی دیکە برینی جیاوازیەکانی لەگەڵ پارتیدا لەڕووی ژمارەی کورسیەوە بۆ ساڕێژ ناکات.
ڕووداوگەلێکی زۆر ڕویانداوە، یەکێکی دیکە لە ڕووداوە گرنگەکان پرسی نیگەرانیەکانی هێز و لایەنە سیاسیەکانی دەرەوەی یەکێتی و پارتییە، کە پێناچێت جگە لە نەوەی نوێ هیچ هێزێک بوێری ئەوەی هەبێت بتوانێت لەپارتی دیموکراتی کوردستان نزیک ببێتەوە و ئەم بارە لارەی پارتی ڕاستبکاتەوە و پێدەچێت بەشێک لەوانیش وەک کۆمەڵی دادگەری بڕیارە قورسەکە بدەن، خۆ ئەگەر بڕیاری کشانەوەش نەدەن پێناچێت بەشداری لە حکومەتدا بکەن، کە ئەمەش وادەکات حکومەتی ئەمجارە حکومەتی بنکە فراوان نەبێت و هەموو بارە قورسەکە بخەنە سەرشانی پارتی و یەکێتی، کە ئەو دووهێزەش ڕاستە بەرژەوەندی هاوبەشی زۆر لە نێوانیاندایە، بەڵام ئەمجارە ڕووگیری هەوادارەکانیان و ناتوانن وەک پێشوتر بەئاسانی لەسەر پێکهێنانی حکومەت ڕێکبکەون.
بەداخەوە ڕێکەنەکەوتنی ئەم هێزانە و دواکەوتنی پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەت بەواتای خراپتربوونی دۆخی سیاسی و ئابوری و کۆمەڵایەتی خەڵکی کوردستان، هەربۆیە ئێمە چاومان لەوەیە ئەم هێزانە بڕیارە دروستەکە بدەن کەئەویش بڕیاری قوربانیدانە بە بەشێک لە حەق و مافە تایبەتیەکانی خۆیان لە پێناو حەق و بەرژەوەندی گشتیدا و نامانەوێت و ئارەزوو ناکەین درێژە بە ململانێی نێوانیان بدەن، بەڵکو ئێمە چاوەڕێی بەرهەمی هەڵبژاردنین.