“بارین گیان، ئێمەش گریان”

پ
:سەردەشت محەمەد
بارین ئەو منداڵەی کە نەخۆشی سستی سییەکانی تەنگی بەژیانی هەڵچینەوە، لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا وەرزش دۆستانی کوردستان، لە هەولێر و سلێمانی و دهۆک و چەند شار و شارۆچکەیەکی دیکەی کوردستان، هەڵمەتێکی فراوانیان بۆ کۆکردنەوەی کۆمەک و هاوکاریکردنی بارین، دەستپێکرد بە مەبەستی ئەوەی بۆ وەرگرتنی چارەسەر ببرێتە دەرەوەی وڵات، تائێرە ڕەنگە وەک ڕوداوێکی ئاسایی تەماشای ئەم دیمەنە بکەین، بەڵام دەکرێت لە گۆشەنیگایەیەکی دیکەوە لەم وێنە بچوکە بڕوانین و لە زهن و برکردنەوەی خۆماندا وێنەیەکی گەورەتر ببینین و قسەی لەبارەوە بکەین.
ئێمە لە بینینی وێنەگەورەکەدا زۆر ڕاستی دیکەمان بۆ ئاشکرا دەبێت، کە ڕەنگە چەندین ساڵە نەمانتوانیوە وێنەکە ڕاستەقینەکە وەکخۆی ببینین، ئێمە دەیان ساڵە وێنەیەکمان دەکەوێتە بەرچاو کە تیایدا جگە لە میللەتێکی پەرتەواوزە و داڕوخاو هیچ دیکە نابینین، ئێمە لەو وێنەیەدا کە چەندە خۆمان دەستمان لە دروستکردنیدا هەیە دە هێندە خەڵکانێکی دیکە، خەڵکانێک دوژمن بە کلتور و دین و بیروباوەڕ و مێژوو زمانمان ڕەنگڕێژییان بۆ کوردوین کە ئەویش وێنە سیاسییەکەیە پیشانمانی دەدەن، لە کاتێکدا ئێمە خاوەنی وێنەیەکی گەورەترین لەو تابلۆ سیاساییەی کە تیایدا ئێمە هەمیشە دووبەرەی دژبەیەکین، هەرلایەکمان لەو وێنەدا فڵچەیەکی بەدەستەوەیە و خەریکی سڕینەوەی ئەوی دیکەمانین، بەڵام جارجاریش ڕووداوگەلێک دێتە پێشەوە ئەگەرچی لە ڕوکەشدا وێنەیەکی ناخ هەژێن و پڕ ئازارە، بەڵام کاتێک قوڵتر لێی دەڕوانی فرمێسکی شادی قوڕگت دەگرێ.
ئێستا کە ئێمە سەرقاڵی بینینی وێنەیەکی پڕ ئازاری وەک وێنەکەی کاکە “بارین”نین چاومان پڕە لە فرمێسک بۆ ئەو منداڵە و بەڕۆح هەست بەو ئازارەی ئەو و ماندوبوونی خانەوادەکەی دەکەین ، کەچی بەدیوێکی دیکەشدا ئەم وێنەیە چاوەکانت پڕ پڕ دەکات لە فرمێسکی شادی و هەستێکیخۆش هەموو جەستەت دادەگرێت، هەستێک کە چەندین ساڵە ئێمه بەهۆی ململانێی ناشەریفانەی سیاسەتەوە لێی بێبەشین، ئەویش ئەو ڕۆحی هاوکاریکردن و گیانی برایەتییە کە هاوڵاتی کورد لە زاخۆوە تا خانەقین، بەبێ گوێدانە جیاوازی بیروباوەڕی سیاسی و ئاینی و دابونەریت هتد… هیچیان بەلاوە گرنگ نییە تەنها ئەوەیان بەلاوە گرنگە چیبکەن تا لەزوترین کاتدا هاوکاری ئەم منداڵە بکەن و لەم ئازارە ڕزگاری بکەن.
ئەم وێنەیەی کە من چەند ڕۆژێکە لە میدیا و سۆشیال میدیاوە دەیبینم ئەمە وێنە ڕاستەقینەکەی کوردە، ئەمە ئەو وێنەیە کە دوژمنانی کورد پێی کوێردەبن، ئەوە ئەو تابلۆیە کەئێمەی بە دونیا ناساندووە، تۆ تەماشابکە هەر بێگانەیەک دێتە ئەم کوردستانەوە لە خۆمان باشتر درک بە ڕەنگ و بۆن و بەرامە و جوانی ئەم تابۆلە ڕەنگاوڕەنگە دەکات، بێگانەیەک نابینی جارێک ڕێی کەوتبێتە کوردستان سەرسام نەبوبێت میواندۆستی و گیانی هاوکاری ئێمەی کورد، سەرسام نەبێت بە دڵکرافراونی و مەردایەتی ئێمە، بۆیە دڵنیام ئەگەر ئێمە بتوانین ئەم تابۆلیەی کە تابلۆی سیاسەتە بخەینە ژێرپێوە، ئەوا دەبین بە خاوەنی تابلۆیەکی ڕەنگاوڕەنگتر تابلۆیەک کە لە پایزیشدا بێت تۆ هەر گوڵ و ڕەنگ و جوانی دەبینی.