پشتیوانی لەو بابەتەی کاکە دڵشاد ئەنوەر دەکەم

مەردان کوڵەجۆیی:
لەمڕۆژانەدا، ڕۆژنامەنوس کاک دڵشاد ئەنوەر کە کوڕی بنەماڵەیەکی ناسراوی دەڤەری گەرمیانە، لە ڕوانگەی خەمخۆریوە بابەتێکی وروژاندوە لە بارەی ژەهرخواردکردنی هاوڵاتیانەوە، دیارە ئەو بابەتە سەردزەکانی گەرمیانی سەخڵەتکردوە بۆیە وا کەوتونەتە پەلەقاژێی پەردەپۆشکردنی ئەو تاوانە!
هاوردەکردنی بەروبومی وڵاتان و پشکنینی ساختە و ساغکردنەوەی بەناو بەرهەمی خۆماڵیەوە، هیچی کەمتر نیە لە تاوانی ئەنفالکردنی هاوڵاتیان کوردستان بە گشتی و، گەرمیان بەتایبەتی!
تۆ بڵێی بە هاوردەکردنی بەرهەمە کشتوکاڵیە بۆ خواردن نەشیاوەکانی ئێران و، تەواونەکردنی جادەی نێوان کەلار-سلێمانی، کە لای گەرمیانیەکان بە “جادەی مەرگ” ناسراوە، یەکێتی نیشتمانی کوردستان بەوە پاداشتی قەڵای شۆڕش و مەڵبەندی قوربانیانی ئەنفال، بداتەوە؟!
لێڕا، لە ڕوانگەی خەمخۆری خەڵکی کوردستان و گەرمیانەوە، دەنگی خۆم دەخەمە پاڵ دەنگی کاکە دڵشاد ئەنوەر و، پڕ بە گەروو هاوار دەکەم، لە پێناو دەستکەوتی ئابووری و بازرگانی دا، تاوانی لەو جۆرە لە دژی گەلەکەمان ئەنجام مەدەن!