دەڵالەکان دەیانەوێت شوێنەواری بەیروت بشێوێنن
لەبەردەم خانووە وێرانبووەکەى کەستایلێکى کلاسیکی هەیە، بەسام باسیلا، بەڕەنگاری فشارەکانى دەوروبەری دەبێتەوە، کەدەیانەوێت “خانووە مێژووەکەى لەبن دەستى دەربهێنن و، بەنرخێک بیەوێت بیفرۆشێت”.
ئەو هاوڵاتیە لوبنانیە کەخانووەکەى بەهۆى تەقینەوەکەى بەندەرى بەیروت لەسەرەتاى ئابی ئەمساڵدا زیانێکى گەورەى بەرکەوتووە، باس لەوە دەکات ” خانووەکەى بەمیرات بۆى ماوەتەوەو، خاوەنى تاوەرێکى نزیکیان فشاری بۆ هێناوە بیفرۆشێت”.
دانیشتووان و، ئەندازیاران و بەرپرسە ناوخۆییەکانى بەیروت باس لەژمارەیەک دەڵاڵ و، وەبەرهێنەر دەکەن، کەبەنێو گەڕەکە وێرانبووەکەى بەیروت دەسوورێنەوەو، داواى کڕینەوەى ئەو شوێنانە دەکەن، کەخاوەنەکانیان تواناى چاککردنەوەى نیە.
باسیلا (تەمەن ٦٨ ساڵ) بەئاژانسى فرانس پرێس راگەیاند ” خاوەنى موڵکێکى نزیکیان کەتاوەرێکى گەورەی هەیە، فشاری بۆم هێناوە، بۆ ئەوەى شوققەکەم پێ بفرۆشم، تاوەکو بیروخێنێت و، تاوەرێکى دیکەى لەجێگەى دروست بکات”. ئەمەش لەکاتێکدایە ئەو هاوڵاتیە لە نهۆمی یەکەمى باڵەخانەیەکى مێژوویی نیشتەجێیە لەگەڕەکی مۆنۆی رۆژهەڵاتى پایتەختى لوبنان.
باسیلا چیرۆکى ڕەتکردنەوەکانى پێشووش دەگێرێتەوە، کە چۆن وەبەرهێنەرێک لەبەرامبەر رووبەری ٤٥٠ مەتر چوارگۆشەی باڵەخانەکەى کڕیوەو، پێی گووتوە ” لەکۆتاییدا هەر دەبێت باڵەخانەکە چۆڵ بکەی”.
گووتیشى ” خاوەن نوێیەکەى نهۆمی خوارەوە، نایەوێت باڵەخانە چاک بکاتەوە، کەپێویستە ئەنجامیبدات بۆ ئەوەى نەرووخێت”، بەتوڕەیی ئاشکرشی کردووە ” لەدواى تەقینەوەکە کەس لێی نەپرسیون، وەک ئەوە بێت ئێمە هەر نەبین”.
دواى سێ هەفتە لەروودانى تەقینەوە مەترسیدارەکەى بەندەرى بەیروت، ژمارەیەک ئەندازیاری خۆبەخش سەردانى باڵەخانەکەى باسیلایان کردو، دڵنیایان کردەوە دەتوانێت لەنێو خانووەکەى بژێت، بەڵام نۆژەنکردنەوەى پێویستى بەکاتە، لەهەمان کاتیشدا هیچ بەرپرسێکى دەوڵەت سەردانى ناوچەکەى نەکرد.
جەختى لەوە کردۆتەوە ” لەو خانووە خۆى و باوکی لێی لەدایک بوونە، ناتوانم لەخانوویەکى دیکە بژێم، ئەگەر هاریکاری هەبێت دەتوانێت دەست بەنۆژەنکردنەوەى خانووە وێرانبووەکەى بکاتەوە”.
تابلۆیەکیان لەسەر دیوارەکانیان هەڵواسیوە تێدا نووسراوە “خانووەکانمان بۆ فرۆشتن نیە”.
لەلایەکی دیکەوە وەزارەتى رۆشنبیری و ژمارەیەک رێکخراو رووپێوێکی ٥٧٦ باڵەخانەیان ئەنجامداوە، کە ٨٦ باڵەخانە زیانى تەواوى بەرکەوتووەو، ٤٤ مەترسی داڕمانی تەواویان لەسەرەو پێویستى بەدینگەى خۆپارێزی هەیە، ٤١ باڵەخانەش مەترسی داڕمانى رێژەیی دەکرێت.
پاش سێ رۆژ لەروودانى تەقینەوەکە دانیشتوانى ناوچەی نزیک لەشوێنى رووداوەکە سەردانى موختاری گەڕەکی رەمیلیان دەکرد، بۆ هەژمار کردنى زیانەکانیان، بەڵام مێوانێکى چاوەڕوان نەکراویش سەردانى بەشارە غولام دەکات.
غولام دەڵێت ” کەسێک هات و، گووتى دەڵاڵەو، دەیەوێت خانووە زیان لێکەوتووەکانى ئەو گەڕەکە دەکڕێت، بەهەر نرخێک بێت خاوەکانیان داواى بکەن، بەڵام بەتوڕەیی پێم گووت ئێمە نایفرۆشین”.
ئەو زانیارییەش وەک ئاگرى نێو کا بەنێو وڵاتدا بڵاوبوویەوەو، باس لەوە دەکرا، کڕین و فرۆشتنەکان هەمووی بەدۆلار دەکرێن، بەو هۆیەوەش دەستبەجێ لایەنە سیاسی و ئاینییەکان هۆشدارییان لە “دەڵاڵە قۆڵبڕەکان” داوە، کە بەنێو گەڕەکە وێرانبووەکەى بەیروت دەسوورێنەوە.
وەزارەتى رۆشنبیریش بڕێارێکى لەو بارەیەوە دەرکرد کە ” هەموو فرۆشتنێکى خانووبەرە تا پاش نۆژەنکردنەوەى فرۆشتنى قەدەغەیە”، وەزارەتى داراییش رێگرى لەفرۆشتنى خانووە کلتووری و مێژووییەکان کرد، بەمەرجێک دەبێت پێش وەخت لیژنەیەکى وەزارەتى رۆشنبیری بڕیاری لەسەر بدات.

بۆ ڕاگرتنى بێزاریی دەڵاڵەکانیش بەشێک لەخانووەکان تابلۆیەکیان لەسەر دیوارەکانیان هەڵواسیوە تێدا نووسراوە “خانووەکانمان بۆ فرۆشتن نیە”.
کۆمەڵەى “کلتوورى بەیروت ڕزگار بکەن”، هەوڵەکانی چڕ کردۆتەوە بۆ هەڵسەنگاندنى توندوتۆڵی باڵەخانە زیان لێکەوتووەکەى تەقینەوەکەى بەندەرەکەى بەیروت، لەو رێگەیەوەش دەیان ئەندازیاری خۆبەخشی لوبنانى هێناوەتە سەر هێڵ تا هاریکاری بکەن لەهەلسەنگاندنەکانیان.
ناجی راجی، دامەزرێنەرى ئەو رێکخراوە دووپاتیکردۆتەوە ” زۆربەى دەڵاڵەکان لەلایەن لایەنە سیاسییەکانەوە ئاراستە دەکرێن بۆ کڕینەوەى ئەو خانووبەرانە”.
دووپاتیکردۆتەوە ” ئەوان تاکە ئامانجیان بەدەستهێنانى قازانجی ماددیە، چونکە ناوچەکە شوێنێکى گەشتیارى پلە یەکە”.
لەناوەڕاستى شەقامی جەمیزە، هەمیشە سەرقاڵى پێشوازی کردنى گەشتیاران و هاوڵاتیانى لوبنانیە، پۆلیسى ئەو گەڕەکە داواى لەدانیشتووانى باڵەخانەیەکى دوو نهۆمی کردووە باڵەخانەکە چۆڵ بکەن، تا دڵنیا دەبنەوە لەنەبوونى هیچ مەترسییەکى داڕمانی.
پرۆسەى نۆژەنکردنەوەو، کڕینەوەى خانووبەرە لەناوەڕاستى بەیروت هەمان چیرۆکی دواى شەڕی ناوخۆیی (١٩٧٥- ١٩٩٠) بەبیر هاوڵاتیان هاتەوە، کاتێک کۆمپانیاى سۆلیدێری سنووردار، کە لەلایەن رەفیق حەریر، سەرۆک وەزیرانى پێشووتر دروستکرابوو، دەستى بەنۆژەنکردنەوەى ناوەڕاستى بەیروتى وێرانبووى کردەوە.
ئەو کات زۆربەى خانووبەرەکانیان بەنرخێکى زۆر کەمتر لەنرخە ڕاستەقینەکە کڕیوەو، دواتر باڵەخانە نوێیەکان بەنرخێکى دە قاتى نرخە ڕاستەقینەکان فرۆشرانەوە بەهاوڵاتیان، لەو پرۆسەیەش ڕەچاوی شوێنەوارە مێژوویی و کۆنەکانى پایتەختى لوبنان نەکران، بەڵکو هەموو کەوتنە بەر دەمی شۆفەڵکانى نوێکاری.