کازمی لەگەڵ بەرهەم ساڵح و ژمارەیەک سەرکردە کۆدەبێتەوە

مستەفا کازمی لەگەڵ سەرۆک کۆمار و بەشێکی لە سەرکردەی حزبە سیاسییەکانی کوردستان ، کۆدەبێتەوە
کەمێك پێش ئێستا ، مستەفا کازمی ، سەرۆک وەزیرانی عێراق ، گەیشتە هاوینەهەواری مێرگەپان ، شوێنی مانەوەی بەرهەم ساڵح ، سەرۆک کۆماری عێراق .
لە شوێنی مانەوەی خۆی ، سەرۆک کۆماری عێراق ، سفرەخوانێکی بۆ مستەفا کازمی و بەشێک لە سەرکردەی حیزبە سیاسییەکانی کوردستان ڕێکخست و بڕیار وایە دوای نان خواردن ، کازمی کۆبوونەوە لەگەل سەرۆک کۆمار و سەرکردەی حزبە سیاسییەکان بکات
سەرکردەی حزبە سیاسییە بەشداربووەکان لە سفرەخوانەکەی بەرهەم ساڵح بریتین لە کۆسرەت ڕەسول عەلی ، سەرۆکی ئەنجومەنی سیاسی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان ، سەڵاحەددین بەهادین ، ئەمینداری یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان و عەلی باپیر ، ئەمیری کۆمەڵی ئیسلامی و عێرفانی عەبدولعەزیز ، ڕابەری بزووتنەوەی ئیسلامی و محمدی حاجی محمود ، سکرتێری حزبی سۆشیالیستی دیموکراتی کوردستان .
دوای کۆبوونەوەی کازمی لەگەڵ سەرۆک کۆماری عێراق و بەشێک لە حیزبە سیاسییەکانی کوردستان ، بڕیار وایە سەردانی هەڵەبجە بکات و لەلایەن ئازاد تۆفیق ، پارێزگاری هەڵەبجە پیشوازی لێ بکرێت و لەوێشەوە سەردانی مۆنۆمێنتی قوربانیانی کیمیاباران دەکات و تاجە گوڵینە لەسەر گڵکۆی قوربانیانی کیمیا باران دادەنێت .
کازمی لە پارێزگای هەڵەبجە ، سەردانی مەرزی نێو دەوڵەتی ، باشماخ و پەروێزخان دەکات و یەکێک لە ئامانجەکانی سەردانەکەی بۆ هەرێم ، سەردانی دەروازە سنووریەکان و مەرزە نێودەوڵەتییەکانی عێراقە و لەگەڵ بەڕێوەبەری کارگێری و بەرپرسانی ئەو دەروازە و مەرزانەش ،کۆبوونەوە دەکات .
هەر ئەمڕۆ مستەفا کازمی ، سەرۆک وەزیرانی عێراق ، کۆتایی بە سەردانە دوو ڕۆژییەکەی بۆ کوردستان دەهێنێت و دەگەڕێتەوە بەغدای پایتەخت.