كه‌ركوك و نه‌وت
ئه‌گه‌ر بوترێت كه‌ركوكیه‌كان قوربانی بوونی نه‌وتن درۆنیه ، ئه‌مه له به‌ر ئه‌وه‌ی شوناسی كه‌ركوك له شوناسی فره‌یی و پێكه‌وه ژیانه‌وه بووه به شوناسی نه‌وت و گیرفان ، له دۆخی ئاوا‌شدا ناسنامه‌ی كه‌ركوكیانه ون ده‌بێت ، یانی كه قسه له سه‌ر خاوه‌ندارێتی حزبیانه یان ناسیونالیستانه‌ی نه‌وتی كه‌ركوك بكرێت ، ئیتر چه‌مكی پێكه‌وه بوونی پێكهاته‌كان ده‌كه‌وێته مه‌ترسیه‌وه ، چاو بڕین له نه‌وتی كه‌ركوك به‌و جۆره‌ی كه عه‌ره‌باندن یان كورداندنی تیا بكرێت ، یاخود به‌و شێوازه‌ی توركیا ده‌یه‌وێت توركاندنی له رێی توركمانه‌وه تیا بكات ، نه‌ته‌وه كانی كه‌ركوك له یه‌كتر دوور ده‌خاته‌وه ، وه‌ك چۆن ئێستا نه‌وت وای كردوه، ئه‌مه‌ش به ده‌ستی ئه‌و بازرگانانه‌ی نه‌وته‌وه كه ئاشتی و ته‌بایی پێكهاته‌كانی كه‌ركوكیان به لاوه گرنگ نیه‌و له خه‌می ده‌سكه‌وتی خۆیاندان و به‌س .
نه‌وت بۆ ئه‌وانه‌ی ناتوانن ، یان نازانن مامه‌ڵه‌ی پێوه بكه‌ن ده‌بێته مایه‌ی نه‌هامه‌تی و نه‌گبه‌تی ، نه‌وته‌كه‌ی كه‌ركوك له دوای 2003ه‌وه بۆ كه‌ركوكیه‌كان نه‌هامه‌تی و نه‌گبه‌تی بووه ، من سه‌باره‌ت نه‌وتی كه‌ركوك نامیلكه‌یه‌كی چاپنهكراوم هه‌یه‌و له‌وێدا له سه‌ر نه‌وتی هه‌رێم و كه‌ركوك درێژتر قسه‌م كردووه ، به‌ڵام لێره‌دا و له‌م بابهتهكورتهدا ده‌مه‌وێ له‌سه‌ر ناجۆری مامه‌ڵه‌ی كورد له گه‌ڵ نه‌وتی كه‌ركوك قسه بكه‌م ، كه قسه له مامه‌ڵه‌ی كورد ده‌كرێت ، قسه له سه‌ر ئه‌و 14 ساڵه‌یه كه پارتی و یه‌كێتی برابه‌ش كه‌ركوكیان له ناوخۆیاندا بهشكردبوو به هه‌موو شتێكیه‌وه” ئه‌و به‌شكردنه عادیلانهبوو یان نا ئه‌وه با ئه‌وانه باسی بكه‌ن كه ئێستا كاڵه‌ك به ئه‌ژنۆ ده‌شكێنن” له‌و 14 ساڵه‌دا نه‌توانرا دوو پاڵاوگه‌ی باش له كه‌ركوك دابنرێت ، ململانێ و حكومه‌تی عیراقی پاڵاوگهیهكیان له به‌رنامه‌دا كشانه‌وه‌و بردیان بۆ شوێنێكی تر ، كاتێك سه‌رمایه‌دارێكی كوردی سلێمانیش ویستی پاڵاوگه‌یه‌كی مۆدێرن و باش له كه‌ركوك دابنێت و بۆ ئه‌مه‌ش هه‌موو رێكاره یاساییه‌كانی ته‌واو كرد ،به بیانوی داوای به‌ش و پشك رێگری لێكرا .
من له ته‌ك ئه‌و سه‌رمایه داره كورده‌دا قسه‌م كرد‌و ئه‌و باسی خه‌یاڵ و خه‌ونی خۆی بۆ پێشخستنی كه‌ركوك بۆ كردم ، له راستیدا پڕۆژه‌كه‌ی ئه‌و هه‌ر به پاڵاوگهیهكهوه نه‌وه‌ستابوو ، زۆر له‌وه فراوانتر بوو ، ئێ دیاره پڕۆژه‌كه‌ش ئه‌گه‌ر بۆ قازانجی خۆیشی بوایه هه‌ر بۆ كه‌ركوك ده‌بوو خۆ ئه‌و خۆی وته‌نی ” عومری نوحی نیه ” له 14 ساڵی ده‌سه‌ڵاتدارێتی كوردی كه‌ركوكا نه‌توانرا به‌و جۆره مامه‌ڵه له گه‌ڵ نه‌وت بكرێت ته‌نانه‌ت لانی كه‌م له كۆمپانیای نه‌وتی كه‌ركوك جۆرێك له دادگه‌ری و یه‌كسانی له نێوان پێكهاته‌كاندا هه‌بێت ، خۆ ئه‌گه‌ر ئه‌و پاڵاوگه‌یه له كه‌ركوك دروستكرابا ئه‌وه‌ی سه‌رمایه داره كورده‌كه دڵنیام بواری كاری بۆ زۆرێك له و كوردانه ده‌ڕه‌خساند شانسی دامه‌زراندنیان له كۆمپانیای نه‌وتی باكور نه‌بووه .
نه‌وتی كه‌ركوك نه‌له سه‌رده‌می پاشایه‌تیدا ” ئه‌گه‌ر چی ره‌نگه باشتریش بووبێ ، نه‌له سه‌رده‌می كۆماری‌دا 1958تا 2003 نه‌له سه‌رده‌می فیدراڵیدا 2003 تا ئێستا ، له ده‌ستێكی ئه‌میندا نه‌بووه ، به‌رده‌وام ئه‌م نه‌وته به‌و جۆره كاری له سه‌ر كراوه چۆن ده‌ستی به‌سه‌ردا بگیرێ ، یان ئه‌گه‌ر ئه‌وه‌ش نه‌كرێت چۆن وێرانبكرێت ، نه‌وتێك كه شه‌هید دكتۆر عه‌بدولڕه‌حمانی قاسملو به باشترین جۆری نه‌وتی دنیا ناوی ده‌بات له سه‌ت ساڵی رابردودا به خه‌راپترین شێوه مامه‌ڵه‌ی له گه‌ڵ كراوه، ئه‌وه‌ش هه‌ر بۆ كورد نا بۆ پێكهاته‌كانی دیكه‌ش مایه‌ی نه‌گبه‌تی بووه ، من وێنه‌یه‌كی ساڵی 1991 هه‌رگیز له خه‌یاڵمدا ناسڕێته‌وه كاتێك لایه‌نه كوردیه‌كان به‌نزینخانه‌كانیان به‌و جۆره دابه‌ش كردبوو چۆن چۆڕ بڕی نه‌وت و به‌نزین و گازه‌كه‌ی بكه‌ن له به‌نزینخانه‌كه‌ی شۆڕیجه چه‌ند به‌رپرسێكی زلم بینی به قوت‌و چۆن ئاو له بیر هه‌ڵده‌كێشی به‌و جۆره نه‌وت و به‌نزینه‌كه‌یان ده‌رده‌كردو به‌رمیلیان لێپڕ ده‌كرد ئه‌مه‌ش به شه‌و نه‌ك به ڕۆژ.
له‌و وێنه‌یه‌وه ئیتر مرۆڤ ده‌بێت له‌وه بگات چه‌ند به خراپی و ناجۆری و تاڵانی مامه‌ڵه له گه‌ڵ نه‌وتی كه‌ركوك كراوه.