بەحرێن و ئیسرائیل پیرۆزبایی لەیەکتر دەکەن
ئاژانسی هەواڵی ( بەنا )ی بەحرێنی ئەمڕۆ دووشەممە بڵاوی کردەوە ، پەیوەندییەکی تەلەفۆنی لەنێوان زاید بن راشد زەیانی ، وەزیری بازرگانی و پیشەسازی بەحرێنی و ئۆفیر ئاکۆنیس ، وەزیری هاریکاری هەرێمی ئیسرائیلی.
لە پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەدا هەردوو وەزیر ، پیرۆزبایی ئاسایی بوونەوەی پەیوەندییەکانی نێوانیان کردەوە .
ئاژانسی هەواڵی بەنا ، ئەوەشی بڵاوکردەوە کە لەو پەیوەندییە تەلەفۆنییەدا ، پێشخستنی پەیوەندی نێوان هەردوو وڵات باسکرا ، بەتایبەتی لە ڕووی پیشەسازی و بازرگانی و کەرتەکانی گەشتوگوزاری، کە بە قازانجی ئابووری بەحرێن و ئیسرائیل دەشکێتەوە
هەینی ڕابردوو ، دۆناڵد ترامپ ، سەرۆکی ئەمەریکا ، ئاسایی بوونەوەی پەیوەندی نێوان ئیسرائیل و بەحرێنی ڕاگەیاند .
بەحرێن دووەم وڵاتی عەرەبی یە ، کە دوای ئیمارات ، پەیوەندییەکانی لەگەڵ ئیسرائیل ئاسایی کردەوە .
ئاسایی بوونەوەی پەیوەندی نێوان وڵاتانی ئیمارات و بەحرێن لەگەڵ ئیسرائیل ، کاردانەوەی نەرێنی زۆر وڵاتی لێ کەوتەوە بەتایبەتی ، فەڵەستین و ئوردن و تورکیا و ئێران و بە خیانەت کردن لە دۆزی فەلەستین ، وەسفیان کرد وێڕای هەڕەشەی حیزبوڵای لوبنانی کە دواین کاردانەوەی ئەوەبوو ، بەحرێن باجی ئاسایی بوونەوەی پەیوەندییەکانی دەدات لەگەڵ ئیسرائیل .
چاوەڕوان دەکرێت سبەی سێ شەممە لە کۆشکی سپی لە ئەمەریکا ، بە ئامادەبوونی دۆناڵد ترامپ ، ئیمزا لەسەر ڕێککەوتنی ئاسایی کردنەوەی پەیوەندی نێوان ئیمارات و بەحرێن لەگەڵ ئیسرائیل بکرێت .