فەرەنسا چالاکوانێکى کورد دیپۆرتى رژێمى تورکیا دەکاتەوە
کۆمیتەى دیموکراتى کورد لەفەرەنسا بانگەوازێکى پەلە بۆ چالاکوانێکى کوردی دەستگیرکراو لەو وڵاتە بڵاودەکاتەوەو، داواش لەحکومەتى پاریس دەکات ” لەبرى ڕادەستکردنەوەى ئەو هاوڵاتیە کوردییە بەتورکیا، پێویستە فشارەکانیان بۆ ئەنکەرا تووندتر بکەن”.
ئەو ئەنجومەنە لەڕاگەینراوێکدا کەوێنەیەکى بۆ (پێشەنگ پرێس) نێردراوە هاتووە ” دادگاى باڵاى فەرەنسا تومەتى پەیوەندی کردن بەپارتى کرێکارانى کوردستان (پەکەکە) خستۆتە پاڵ مەحمەد یاڵسن و، ئێستا لەبەردەم مەترسی دیپۆرتکردنەوەیە بۆ تورکیا”.
روونیشیکردۆتەوە ” بەدیپۆرتکردنەوەى یاڵسن، ئەگەرى ئەوە هەیە جارێکى دیکە لەلایەن ئەنکەراوە دەستگیر بکرێتەوەو، ئەشکەنجە بدرێت”.
کۆمیتەکە لەبەشێکى ڕاگەینراوەکەیدا کە بەناونیشانى ” بانگەوازێکى بەپەلە” بووە، جەخت لەوە دەکات ” لەساڵى ٢٠١٩ ئەو چالاکوانە کوردە بۆ ماوەى دوو ساڵ زیندانى کرا، دواتر بۆ ماوەى یەک ساڵ ملبەندی ئەلیکترۆنى بەناچارى بەکارهێناوەو، ئێستاش هیچ بەڵگەنامەیەکى فەرمیی پێ نیە”.
گووتیشى ” نووسینگەى پارێزگاری ناسنامەو، پەنابەرێتى و ئازادی (ئۆفپرا)، چەندین جار داواى مافی پەنابەرێتى ڕەتکردۆتەوەو، تومەتى ئەوەشى خستۆتە پاڵى گوایە تیرۆریستەو، ئێستاش لەبەردەم هەڕەشەى ئەوەدایە بخرێتە بەردەمی گورگ”.
کۆمیتەى دیموکراتى کورد لەفەرەنسا باس لەوە دەکات ” لە ٢٨ تەمووزی رابردوو ئەو پیاوە خێزاندارە کە باوکی سێ منداڵى بەتەمەنەکانى (٢، ٤ و شەش ساڵین)، لەساڵى ٢٠٠٦ ـەوە دانیشتووى بۆردۆیە بەدەست بەستراوی بانگراوەتە بنکەى پۆلیس و، دەستبەجێ دەستبەسەر کراوە”.
یاڵسن، سەرەڕای تێهەڵچوونەوەى هەموو بڕیارەکانی دادگا، بەڵام سەرجەمیان ڕەتکراوەتەوەو، بڕیاریشە لە ٢٨ ئەم مانگە ڕاستەوخۆ دیپۆرتى تورکیا بکرێتەوەو، بەگووتەى پارێزەرەکەشى ” ئێستا مانگرتن لەخۆراک راگەیاندووە”.
کوردەکان و، چالاکییەکانیان نەک لەفەرەنسا بەڵکو لەهیچ شوێنێکى جیهان مەترسیی نین
دیپۆرتکردنەوەى یاڵسن، بۆ تورکیا پێشڵکارییەکى مەترسیداری رێکەوتننامە ئەورۆپیەکانى بۆ پرسی مافی مرۆڤ و، رێکەوتننامەى جەنێڤ بۆ پەنابەران، چونکە ئەنکەرا وڵاتى یاسا نیەو، هەڵوێستە دەسەڵاتدارێتیەکان و، سەرکووتکارییەکانى رەجەب تەیب ئەردۆگان، سەرۆکی تورکیا لەم ساڵانەى دواییدا ئەو وڵاتەى خستۆتە خانەى مەترسییەوە.
لەدواى ٢٠١٦ و کودەتا شانۆگەرییەکەى ئەنکەرا، ئەردۆگان دەسەڵاتێکى تووندتری بەسەر جومگەکانى ئەو وڵاتە گرتووەو، رۆژانەش چەندین چالاکوان و، کەسایەتیە سیاسیی و بەرپرسە هەڵبژێردراوەکان و، رۆژنامەنووسان و پارێزەران بەبیانووی پەیوەندییکردن بەتیرۆر دەستگیر دەکات.
تاوەکو ئێستاش سەرووى ١٥٠ هەزار کەس بەبیانووی بەشداریکردن لەکودەتای تەمموزی ٢٠١٦ لەکارەکانیان دەرکراون و، بەهەزارانیش لەگرتووخانەکاندا تاوەکو ئێستاش دواى چوار ساڵ دادگایی نەکراون.
تەنانەت رێکخراوە ناحکومییەکان وەک هیومان رایتچ ووتچ، بەروونى باسى ” بەرزبوونەوەى حاڵەتى ئەشکەنجەو، خراپی مامەڵەى پۆلیس لەگەڵ گیراوانى سیاسی کردووە”.
گرنگترین ئەو کەسایەتیانەى تاوەکو ئێستا سەرەڕاى بڕیاری دادگا بۆ ئازاد کردنى بەڵام حکومەتەکەى ئەردۆگان بەنیاز نیە ئازادی بکات، سەڵاحەددین دەمیرتاش، هاوسەرۆکى پێشووى پارتى دیموکراتى گەلان (هەدەپە)ـیە.
کۆمیتە کوردییەکەى فەرەنسا دووپاتیدەکاتەوە ” ساڵانێکى زۆرە پاریس بەبیانووی نزیکبوونەوەیان لەپەکەکە، ئۆپەراسیۆنى دژى کۆمەڵەو چالاکوانیانى ئەنجامداوەو، زۆربەى ئەو کۆمەڵانەش سزادراون و، هەندێکیانیش داخراون”.
هیماى بەوەکردووە ” پێدەچێت تەنها بەوەش تێری نەخواردبێت، بەڵکو زۆربەشیان قەدەغە کراون، دووبارە پێبنێە نێو خاکی فەرەنساو، بەشێکی دیکەش سیفەتى پەنابەرێتى لێی وەرگیراوەتەوەو، خراونەتە ژێر بەندی FIJAIT کەجۆرێکە لەچاودێرییەکى دادگایی بۆ هەتاهەتایە”.
کۆمیتەکەش دەشپرسێت ” تا چ ئاستێک فەرەنسا بۆ ئازاردان و، بێزارکردنى دژی کوردەکان درێژە پێدەدات؟”.
روونیکردۆتەوە بەوەى پێویستە ” فەرەنسا بوەستێت لەشاردنەوەى دەموچاوی، چونکە کوردەکان و، چالاکییەکانیان نەک لەفەرەنسا بەڵکو لەهیچ شوێنێکى جیهان مەترسیی نین، بەڵکو مەترسیی راستەقینە رژێمە فاشیستەکە سەرکووتکارەکەى ئەردۆگانە، کە لەنزیک دەروازەى ئەورۆپا نیڕەى دێت و، تۆڕە ئیسلامییە نەتەوەپەرستییەکانى بۆ بەرژەوەندیی خۆى بەکار دەهێنێت”.
دەشڵێت ” ئەگەر فەرەنسا دەیەوێت بەرەنگاری تیرۆر بکات، وەک خۆى ئیدعاى دەکات، با لەدژى تورکیا کار بکات و، تووندوتیژییە سیاسیی و دادوەرییەکەى دژى کوردەکان ڕابگرێت، کە تاکە تاوانیان دژى ئەو دیکتاتۆرە دەوەستن”.
هانی دەسەڵاتدارانیشى داوە بەوەى پێویستە ” رێکارەکانى دیپۆرتکردنەوەى دژى یاڵسن هەڵوەشێنێتەوەو، دووبارە مافى مانەوە بەخۆى و خێزانەکەى ببەخشێت، بۆ ئەوەى ژیانێکى شایستە لەو وڵاتە بەرێبکەن”.
داواش لەسەرجەم پارتە سیاسییەکان و، بەرپرسە هەڵبژێردراوەکان و، رێکخراوەکانى مافى مرۆڤ و، سەرجەم ئەوانەى لەم ڕەوشە توڕەن لەگەڵیان کار بکەن بۆ راگرتنى دەرکردنى مەحمەد یاڵسن.