فرۆشتنی کچێکی ئێزدی دەگاتە پەرلەمانى تورکیا

پ

پرسی بەکەنیزەکردنى کچانى ئێزدی لەلایەن گرووپی تیرۆریستی داعشی تیرۆریستەوە تاوەکو ئێستا کۆتاییان نەهاتووەو، لەدوایین پێشهاتى ئەو پرسەش پەرلەمانتارێکى کورد لەپەرلەمانى تورکیا لەجێگرى سەرۆکى وڵاتەکەى دەپرسێت ” چۆن ئەو کچە رفێنراوەى داعش گەیشتۆتە خاکی تورکیاو، کڕینى و فرۆشتنى پێوە کراون”.

فەلەکناس ئەوجا، ئەندامى پارتى گەلانی دیموکرات (هەدەپە)ـى ئۆپۆزسیۆن لەمیانەى ئاراستە کردنى پرسیار بۆ فوئاد ئەوکتای، جێگری رەجەب تەیب ئەردۆگان، رایگەیاند ” ئاخۆ سروشتیە ئافرەت هاوشێوەى کۆیلە لەپایتەختى تورکیا کڕین و فرۆشتنى پێوە بکرێن”.

هیماى بەوەشداوە ” چۆن داعش ئەو منداڵ و ئافرەتانەى بەئاسانى گەیاندۆتە ئەنکەرا؟”.

ئەو پەرلەمانتارە کەنوێنەرى شارى باتمانى باکوورى کوردستانە، جەختى لەوە کردەوە ” لەم ساڵانەى دواییدا لەتورکیا، چەندین ئافرەت و منداڵانى رفێنراو لەنێو تورکیا بینراوەو، بەشێک لەبنەماڵە داعشییەکانیش دەستبەرداری منداڵەکان بوونەو، لەخانەى بێسەرپەرشتارانى تورکیا فرێدراون”.

لە ٣ ئابی ٢٠١٤، گرووپى تیرۆریستى داعش دواى چەند مانگێک لەداگیرکردنى موسڵ لەباکوورى رۆژئاواى عێراق، هێرشێکى فراوانى کردە سەر شەنگال و، ناوچەکانى دەوروبەرى و، جینۆسایدێکى گەورەى دژى پێکهاتەى ئێزدییەکانى ئەو ناوچانە ئەنجامدا.

تەنها بەکوشتنى پیاوان و گەنجانى ئەو پێکهاتەیە نەوەستاون، بەڵکو هەزاران کچ و هەرزەکاری ئێزدییان وەک کۆیلەو کەنیزە لەبازاڕەکانى موسڵ و رەققە پایتەختی خەلافەتەکەیان کڕین و فرۆشتنیان پێوە دەکرا.

پەرلەمانتارەکەى هەدەپە گووتیشى ” بەشێک لەو ئافرەتانە لەلایەن خزم و کەسوکاریان دوای چەندین ساڵ مانەوەیان لەتورکیا لەداعش کڕدرانەوە”.

ئەوجا باس لەوە دەکات ” دوایین ئەو رووداوانەى بینیمان، لەناوچەى سینجانی ئەنکەرا بووەو، ساڵى رابردووش دیسان لەئەنکەرا لەناوچەى کیشیران، کچێکى ئێزدی دواى فرۆشتنى بەخێزانێکى داعشى ڕزگار کرا”.

دووپاتیدەکاتەوە ” هاوکا للەناوچەى کیرشەهیر، خێزانێکى داعشى دوو منداڵى پاش رفاندنی لەخانەى بێسەرپەریشتان بەجێهێشت و، رێگە بەو منداڵانەش نەدرا بگەرێنەوە نێو خێزانەکانیان”.

هەفتەى رابردوو رۆژنامەى (جدار)ـى تورکی، راپۆرتێکى بنکوڵى لەبارەى ئافرەتێکى ئێزدی کرد، کەلەلایەن داعشەوە فرۆشرابووە خێزانێکى ئەو گرووپەو، کەچۆن لەلایەن بنەماڵەکەیەوە پاش رفاندنی لەشەنگالەوە بۆ موسڵ، دواتر بۆ رەققەو تورکیا، ئینجا لەرێگەى ئەنتەرنێتەوە بەرزکردنەوەى ئاشکراى لەسەر کراوە.

ئەو ئافرەتە کەناوی زۆزان بووە، باسى جۆرەکانى ئەشکەنجەو، پێشێڵکارییەکانى داعشى دەکرد، تەنانەت گەیشتبووە ئەو ئاستەى تووشى بەدخۆراکی بێت.

بەڵام بنەماڵەکەى لەساڵى ٢٠١٨ زانیویانە کچەکەیان لەرێگەى ئەنتەرنێتەوە فرۆشراوەو، دوای یەک کاتژمێر لەنمایشکردنى وێنەکەى لەتۆڕە ئەنتەرنێت، لابردراوەو، خێزانێکى تورکمانى موسڵی نێو داعش کڕیبووی.

ئەو خێزانەش لەناوچەى سەنجانى ئەنکەرا نیشتەجێبوون و، هەر لەوێش مامەڵەى بازرگانیان بەو کچە ئێزدییە کردووەو، بەبڕێکى پارەش دیسان بەخێزانەکەى خۆى فرۆشتۆتەوە.