هێرشەکانى تورکیا بوونە هۆى چۆڵبوونى ١٥٠ گوندی هەرێم
سەرەڕاى ڕەخنەو یادداشتنامە ناڕەزاییەکان، بەڵام حکومەتى تورکیا بەردەوامە لەئۆپەراسیۆنە سەربازییەکان و، بۆمبارانکردنى ناوچە جیاجیاکانى هەرێمى کوردستان لەباکوورى عێراق.
لەدوایین پێشهاتیشدا قایمقامی قەزاى ماوەت ئاشکراى دەکات ” دووبارە فرۆکە جەنگییەکانى تورکیا سنوورى ناوچەکەیانى بۆردومان کردووە”.
کامەران حەسەن، باسى لەوەشکردووە ” فرۆجە جەنگییەکان گووندی قامیشی، سەر بەقەزاکەیان دواى نیوەرۆ بۆ دووهەمجار بۆمباران کردو، بووە هۆى دروستبوونى ئاگرێکى گەورە لەگووندەکە”.
لەماوەى رابردوو، حکومەتى بەغدا لەرێگەى وەزیرى دەرەوەى، یادداشتنامەیەکى دایە دەست باڵیۆزی تورکیا لەبەغداو، داواشى لێکرد، بەخێرایی ئەو پێشێڵکارییانەى لەخاکی عێراق رابگرێت، بەڵام پێناچێت ئەنکەرا گوێ لەو هەڕەشانەى ئەو وڵاتە بووبێت.
بەتایبەت دواى ئەو بێدەنگییەى حکومەتى هەرێمى کوردستان، هێزێکى زیاتری بەسوپای تورکیا داوە، پێشێڵکاریی و ، هێرشی زیاتر بۆ سەر ناوچە جیاجیاکانى هەرێم ببەن.
حەسەن، لەبارەى ئەو هێرشانەش هیماى بەژمارەى قوربانیانى بۆمبارانەکانى تورکیا نەکردووە.
بەشێوەی بەردەوام ئەنکەرا، باسى لەوە دەکرد ” ئەوان لەهێرشە ئاسمانیەکانیان بۆ سەر باکوورى عێراق، تەنها چەکدارانى پارتى کریکارانى کوردستان “پەکەکە” دەکەنە ئامانج و، هیچ هاوڵاتیەک یاخود ناوچەى مەدەنى نەکراونەتە ئامانج”.
ێناچێت ئەنکەرا گوێ لەو هەڕەشانەى ئەو وڵاتە بووبێت
بەڵام رۆژانە لەنێو میدیاکانى هەرێم سەرجەم ئەو قوربانیانەى دەستى فرۆکە جەنگییەکانى تورکیا نمایشکران، بەڵام تاوەکو ئێستاش هیچ کاردانەوەیەکى لەلایەن حکومەتى هەرێم دروست نەکردووەو، بەڵکو بەپێچەوانەوە میدیا سێبەرەکانى دەسەڵات، چەواشەکاریی زیاتریان لەو رووداوانە کردووە.
ئاژانسى هەواڵى ئەڵمانى لەسەر زارى سەرچاوەیەکى هەرێمەوە بڵاویکردۆتەوە ” فرۆکە جەنگییەکانى تورکیا ناوچەکانى باکوورى سلێمانى هاوسنوورى ئێرانیان بۆردمان کردووە”.
ئاماژەى بەوەشداوە ” بەبیانووی هەبوونى چەکدارانى پەکەکە لەناوچەکە، تورکیا چەندین جارە هێرشی کردۆتە سەر ئەو پارێزگایەی هەرێم”.
قایمقامی ماوەت دووپاتیکردۆتەوە ” لەچەند رۆژى رابردوو فرۆکەکانى تورکیا دوو هێرشی جیاوازیان بۆ سەر سنوورى گوندی گەڵالە و، کوێرکانى و، زازولان ئەنجامداوە، کە ٦٠ کیلۆمەتر لەباکوورى سلێمانیەو نزیک سنوورى ئێرانە”.
گووتیشى ” هێرشەکە هیچ قوربانیەکى لێنەکەوتەوە، بەڵکو سەرجەم زەوییە کشتوکاڵییەکانى ئەو گووندانە سووتاند”.
یەکێک لەئامانجەکانى ئەنکەرا لەهێرشەکانى بۆ سەر هەرێم، هەناردە کردنى کێشەو قەیرانە ناوخۆییەکانى رەجەب تەیب ئەردۆگان، سەرۆکى تورکیایە، لەپاڵ ئەوەش فشاری زیاتر بخاتە سەر هەرێم و، تاوەکو رێگەى پێبدات سەربازگەى نایاسایی لەسنوورەکانى هەرێم دروست بکات.
ئەو هێرشانەش بوونەتە هۆى چۆڵبوونى دەیان گووند، چونکە زۆربەى هاوڵاتیان ناتوانن پارێزگاری لەژیانیان بکەن و، هیچ شتێکیش دیار نیە لەڕاگرتنى ئەو هێرشە دوژمنکارانەى تورکیا.
جگە لەسنوورى سلێمانى، بەشێوەى بەردەوام ئەنکەرا سنوورى پارێزگاى هەولێر بۆردومان دەکات و، لەچەند رۆژى رابردووش سێ هاوڵاتى مەدەنى بریندار کردووە، کەبەهۆى تۆپبارانى سوپاى تورکیاوە روویداوە.
ئیحسان چەلەبی، بەرێوەبەرى شاروچکەى سیدەکات بەو ئاژانسە ئەڵمانیەى گووت ” تۆبخانەکانى تورکیا، چەند گووندێکى شاروچکەکەیانى بۆردومانکردووەو، سێ هاوڵاتى مەدەنى بەهۆیەوە بریندار بوون، جگە لەسووتانی زەوییە کشتوکاڵییەکان”.
لەدواى دەستپێکردنى هێرشە دوژمنکارانەى تورکیا، تاوەکو ئێستا ١٥٠ گووندی هەرێمى کوردستان چۆڵبوونە.